شاعیر: شێخ ڕەزا کتێب: دیوانی شێخ ڕەزای تاڵەبانی سەرناو: میر بە سەد مننەت ھەناردی ئێسترێکی ڕووت و قووت میر بە سەد مننەت ھەناردی ئێسترێکی ڕووت و قووت دەست و پا سست و سەقەت ئەندامی ھەر وەک عەنکەبووت خاوەنی ئالیکی ناڵێم پێی نەداوە موتڵەقا داویەتی ئەمما وەکوو بیستوومە قووتی لایەمووت پووش لە لای حەلوایە حەتتا گەر پەڵۆشەی چنگ کەوێ بای ئەدا، لوولی ئەدا، قووتی ئەدا، مانەندی حووت گەر چی ناتوانێ ببزوێ ھێند لەڕ و کەم قووەتە دەنکە جۆیێکی نیشان دەی تا قیامەت دێ لە دووت پشتی ڕێش و شانی زامدار و جەدەو بوو، ناعیلاج چەند قرۆشێکم ھەبوو بۆم دا بە نەوت و عەنزەڕووت سەی فەتاحی مەیتەرم ڕۆژێ بە حوججەت لێی نەوی کلکی دەرھێنا لە بن ئەمجا بە ئاستەم گوێی بزووت گەر قەڵەو بێ ئەم ئەجننە نێرە تەسخیر ناکرێ غەیری چەند دەروێشی ڕەففاعی بە زەبری جەلجەلووت مەسڵەحەت وایە ھەتا نەیخواردووم بینێرمەوە زۆر ئەترسم دەفعەیێ قووتم بدا، بمکا بە قووت ئەم مەتاعە چاکە ھەر لایق بە حاجی ئەحمەدە جووتی پێ بکا ھەر وەکوو جووت ھەردوو لنگت کرد بە جووت لایقی شانی من و شایانی شەئنی تۆ نەبوو چاوەکەم چیت پێ بڵێم چارم نییە غەیری سکووت ++++++++++++++++++++++