شاعیر: موختار کتێب: دیوانی ئەحمەد موختار جاف سەرناو: برسی بە شەو تەماعی قوبووڵی و پڵاو ئەکا برسی بە شەو تەماعی قوبووڵی و پڵاو ئەکا بێ نانییە خەیاڵی بەشەر وا بڵاو ئەکا گاهێ خەیاڵ و فکری لە خوودە و سدارەیە گاهێ ئومێدی مشکیی و تەپڵە و کڵاو ئەکا ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بە خەتا چووبوو خەتای کرد بە خودا موشکی خەتا بە خەتا چووبوو، خەتای کرد، بە خودا، موشکی خەتا هاتبوو لافی لەگەڵ پەرچەمی تۆدا لێدا بە ئومێدی ئەوە ڕابوورێ بەسەرما ڕۆژێ کەوتووم من لە سەری ڕێگەکەیا دەست و دوعا بەس بلاوێنە ڕەقیب، وا دڵەکەم لەت لەت بوو سا بکە لوتفێ لە حەق بەندەیی خۆت، تۆ بی خودا غەم و دەرد و خەفەت و عاجزیی و دووریی تۆ زەحمەتە جێگە و گونجایشی بێتۆ لە دڵا کەوتە سەر ڕوومەتی ئاڵت عەرەقی ناز ئێستا هەر ئەڵێی شەونمی پەخشانە بەسەر بەرگی گوڵا زوهرە و موشتەری ئێستاکە لە خۆشیی چاوت وەکوو سەرخۆش لە سەما کەوتنە ناو ڕەقس و سەما ++++++++++++++++++++++ سەرناو: خوێنی دوو چاوم بە نەوعێ دامەنم ڕەنگین ئەکا خوێنی دوو چاوم بە نەوعێ دامەنم ڕەنگین ئەکا هەر کەس ئەمبینێ بە حاڵی ناتەوانم شین ئەکا شێخی ئیڕشاد و مورید و سالیک و سۆفی و فەقێ ئەو بەیەک نواڕین بەجارێ کافر و بێ دین ئەکا هیچ خەنە پێویست نییە بۆ دەست و پەنجەی دڵبەرم وا بە خوێنی من خەریکە دەست و پێی نەخشین ئەکا قەت لە لێوی شەککەر ئەفشانی قسەی خۆشم نەبیست دایمەن بێ دینە مەشغووڵە دڵم غەمگین ئەکا وا لە هیجری قامەتی سەروی نیگاری نازەنین ئەم دڵەم قومری سیفەت هەر گریە و ناڵین ئەکا گەر بڵێی ئەحمەد لە یاری بووسەیێ داوا بکا ڕوو ئەچەرخێنێ لە تۆ و گوێی لەو قسە سەنگین ئەکا ++++++++++++++++++++++ سەرناو: دڵ وەکوو بولبول لە هیجری نەوگوڵێ ئەفغان ئەکا دڵ وەکوو بولبول لە هیجری نەوگوڵێ ئەفغان ئەکا ناری جەرگ و سۆزی سینەم عالەمێ بوریان ئەکا وادیارە لەم وڵاتی کۆهسارە عاجزە مەیلی خاکی گەرمەسێر و هەم قەڵای شێروان ئەکا ئەم وڵاتە بێ سەفایە، ساردە بۆ عوششاقی ڕووت ئیشتیاقی بەر هەتاوی ڕوومەتی خووبان ئەکا بارش و بارانی هەوری چاوەکانم جارییە زەڵمە یا خۆ تانجەڕۆیە تێکەڵی سیروان ئەکا هەر کەسێ ئەمڕۆ لە ڕێگای ئەو نیگارە ڕێی ببێ بۆ سبەینێ گەپ بە موڵک و تەختی شا و سوڵتان ئەکا ئافەرین بۆ لەشکەری موژگان و زولفەینی سیات وا بە یەکدەم موڵکی جان و دڵ هەموو وێران ئەکا بەرقی ئاه و سەیلی دیدەی من لە هیجری دڵبەرم هەر ئەڵێی هەوری بەهارە ناڵە و تۆفان ئەکا مەحمەلی لەیلا دەخیلم تۆ بە توندی وا مەڕۆ عاشقی مەجنوون سیفەت لەم دەشتەدا گریان ئەکا وا بە یادی تیغی ئەبرۆی دڵبەری بێ ڕەحمی خۆی ئەحمەدی عاشق خەریکە ڕۆحی خۆی قوربان ئەکا ++++++++++++++++++++++ سەرناو: عادەتی ئەم چەرخە وایە ئەهلی دڵ غەمگین ئەکا عادەتی ئەم چەرخە وایە، ئەهلی دڵ غەمگین ئەکا شا هەمیشە ماتە، پیادە مەیلی جێی فەرزین ئەکا ئەبلە وا دایم لە عەیش و شادمانی و عیززەتا ئەهلی عیرفان و کەماڵ ئێستاکە زاری و شین ئەکا دوژمنە چەرخی فەلەک، بۆ پیاوی ساحیب عەقڵ و هۆش ڕووی کەرەم دایم لە هەرزە و شێت و بێ تەمکین ئەکا سەیری کەن عاشق کە چەن شێتە ئومێدی مەرحەمەت لەو نیگارەی، دڵفەریبەی، زاڵمەی بێ دین ئەکا بێستوون وەختێ کە لالەی ئەحمەری لێ سەوز ئەبێ مەشقی لێوی شەککەرینی ناسکی شیرین ئەکا عاشقی مەجنوون بە یادی دڵبەری لەیلا سیفەت خوێنی دوو چاوی بەخوڕ دێ دامەنی ڕەنگین ئەکا قەت لە زیکری خێری تۆ غافڵ نییە ئەحمەد بە شەو هەر بە ئوممێدی ویسالت سەر لەسەر باڵین ئەکا ++++++++++++++++++++++ سەرناو: فوستانی ڕەشی نازکی چین چینی لەبەردا فوستانی ڕەشی نازکی چین چینی لەبەردا وەک هەوری سیا بێ بەسەری قورسی قەمەردا قوربانی نیگاهی غەزەبت ڕۆح و دڵی من یەک لەحزە دووسەد تیر و ڕمت چۆن لە جگەر دا مادام کە بە شمشێری برۆت لەت لەتە جەرگم لازم نییە ئەو خەنجەرە کردووتە بە بەردا دوو دیدەیی مەخمووری نیگارم بە شەباهەت وەک ئاهو وەهایە کە لە خەو بێ لە سەحەردا دەستێ کە بە داوێنی ئەتۆ، دەستێ بە دڵ بم چی بکەم کە نییە دەستێ بکەم خاکێ بەسەردا قوربان وەکوو خاکی بەری پێت کەوتووە دایم ئەحمەد کە مەگەر دڵبەری خۆی بێ لە گوزەردا ++++++++++++++++++++++ سەرناو: من ئەڕەنجێنێ نیگار و وا ڕەقیب دڵشاد ئەکا من ئەڕەنجێنێ نیگار و وا ڕەقیب دڵشاد ئەکا بێخ و بنچینەی حەیات و عومری من بەرباد ئەکا بێستوون ئێستەش کە وەقتێ لالەیی لێ سەوز ئەبێ باسی خوێنی دیدە و داغی دڵی فەرهاد ئەکا بولبولی دڵ، وا لە دەوری ڕوومەتی گوڵڕەنگی تۆ بێ قەرارە، شەو هەتا ڕۆژ ناڵە و فەریاد ئەکا بێت و گەر ڕوخسار و باڵای ئەو نیگارە دەرکەوێ گوڵ خەجاڵەتبار ئەبێ و پەست و نیگون شمشاد ئەکا قەت نەبوو ڕەحمێ بە حاڵی ئەم دڵەم کا کافرە شاهی من لە خوا نەترسە، زاڵمە و بێداد ئەکا ئەحمەدی بێچارە بۆ دەرد و موسیبەت مایەوە دڵبەری بێ ڕەحمی ئەو، سەیر و سەفای بەغداد ئەکا ++++++++++++++++++++++ سەرناو: وەرە بگرە بە یادی چاوی دڵبەر پیاڵەیی سەهبا وەرە بگرە بە یادی چاوی دڵبەر پیاڵەیی سەهبا پەشێو بە هەر وەکوو مەجنوون لە هیجری قامەتی لەیلا کە دەرخا دڵبەرم ئەو گەردنی سافیی بلوورینی لە پەنجەم موو دەزێ، گەر دەس درێژ کەم بۆ ملی مینا غوڵامی و بەندەیی ئەو شۆخە گەر دەستم کەوێت حەیفە تەنەززول کەم کە بچمە مەسلەکی ئەسکەندەر و دارا گریبانی نواند و پێکەنی و فەرمووی تەماشا کە کە ئەمڕۆ موعجیزەی من چاکترە یاخۆ یەدی بەیزا؟ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: گوڵ لە گوڵزارا نەما بولبول ئەبێ زاری بکا گوڵ لە گوڵزارا نەما بولبول ئەبێ زاری بکا شێوەیی شادی لەسەر دەرکات و غەمباری بکا نێرگسی شەهلا کە مەشهوورە بە مەخمووری ئەبێ دایمەن لەو چاوە کەسبی عیلمی بیماری بکا فەسڵێ ئەو ناسک غەزالە ڕۆیی عوششاقی حەزین هەر ئەبێ سەیلی سروشکی خوێن لە چاو جاری بکا تو خودا بادی سەبا بەو نازەنینە تۆ بڵێ بەس ڕەقیب تەلتیف بکات و دەردی دڵ کاری بکا دڵبەرم لەم شارە ڕۆیی ئەحمەدی بێچارە وا بۆ سوپاهی غەم ئەبێ ڕەسمی سوپەهداری بکا ++++++++++++++++++++++ سەرناو: یار بە ماچی لێوی خۆی زامی دڵان ساڕێژ ئەکا یار بە ماچی لێوی خۆی زامی دڵان ساڕێژ ئەکا توند تەماشاکردنێکی شەخسی عاقڵ گێژ ئەکا ئەی خودا تا کەی لە دەرهەق من وەفا و مەیلی نییە بۆچ گڵۆڵەی بەختی من هەر ڕوو لە جێگەی لێژ ئەکا ماڵەکەم وێران ئەکا، ڕۆژم ڕەش و تاریک ئەبێ یار بە سورمەی ناز کە وەختێ چاوی خۆی کلڕێژ ئەکا وشکەسۆفی هاتبوو ئەیوت بەهەشت هەر بۆ منە ڕیشی خۆی جووڵان وەکوو سابرێن کە شەو کاوێژ ئەکا کەی خوا توججارە، خوا گەورە و غەفوور و عادڵە چۆن لەگەڵ عەبدا حیسابی قەرزی ڕۆژوو و نوێژ ئەکا قافییە هەر چەندە تیکرارە بەڵام ئەحمەد بەدڵ هەر بەیادی تاقی ئەبرۆی تۆیە جارجار نوێژ ئەکا ++++++++++++++++++++++ سەرناو: مەیلی سەیری بەدر ئەکا دڵ لادە زوڵفی وەک حیجاب مەیلی سەیری بەدر ئەکا دڵ، لادە زوڵفی وەک حیجاب دەرخە بەدری ڕوومەتی خۆت شۆخەکەی عالی جەناب سینە کونکون بووم وەکوو نەی من لەبەر هیجرانی تۆ سەر وەکوو سەمتوورە، دڵ هەر ناڵەیێتی وەک ڕوباب تۆ دەرتخست شەمعی ڕووی خۆت کۆمەڵی عاشق هەموو لازمە هەر وەک پەپوولە ببنە قاورمە و کەباب لوتفی یار هەر بۆ ڕەقیبە من ڕەزام ئەو دڵبەرە جاربەجار حەتتا بە جوێنێ بێت و بمداتۆ جەواب لادە چارشێوت هەتا من دیدە ڕۆشن کەم بە ڕووت بەسیەتی قوربانی تۆ بم بەس بکە ناز و عیتاب ئەحمەدە تەنها غوڵامی موخلیسی تۆ چاوەکەم حەیفە مەیڕەنجێنە مەیدە بێ سەبەب جانی عەزاب ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بێ تاقەت و مەحزوونە ئەم دڵمە لەبۆ دینت بێ تاقەت و مەحزوونە ئەم دڵمە لەبۆ دینت ڕەحمێ بکە سا قوربان دەرخە ڕوخی ڕەنگینت شەهد و شەکەر ئەی قوربان بازاڕی شکا یەکجار لەو وەقتەوە وا دەرکەوت لەعلی لەبی شیرینت گریەی منی بێچارە شام و سەحەر ئەی دڵبەر ئەسڵەن نییە تەئسیری لای ئەو دڵی سەنگینت نەسرین و گوڵ و لالە مەحجووب ئەبن و والە گەر لابدەی ئەو بورقەع، دەرخەی تەنی سیمینت حوور و پەری و غیلمان بێ قەدرە لەلای ئەحمەد لەو وەقتەوە وا دیویە ڕوخساری نیگارینت ++++++++++++++++++++++ سەرناو: دوو چاوم خوێن ئەبارێنێ لە عیشقی ڕوومەتی ئاڵت دوو چاوم خوێن ئەبارێنێ لە عیشقی ڕوومەتی ئاڵت گرفتارە لەناو زوڵفت دڵم بۆ دانەیی خاڵت خوا کەی بێت کە من پەشتانی باڵا و قامەتی تۆ بم چ وەختێ پڕ بە چنگ بگرم دوو لیمۆی نەوڕەسی کاڵت نەخۆشی خۆشترە لای من لە ساغی و سیححەت ئەی جانا ئەگەر یەک هەفتە جارێ بێی بپرسی چۆنە ئەحواڵت بە شاهیی عالەمی ناگۆڕمەوە ئەمڕۆ لە دنیادا جنێو و توندی و قەهر و قسەی نالایق و تاڵت نیگارا لێم ئەپرسی بۆ چی وا دێوانەیە ئەحمەد لە عیشقی چاوی تۆیە چاوەکەم وا بووم بە عەوداڵت ++++++++++++++++++++++ سەرناو: دڵم پڕخوێنە جەرگم لەتلەتە بۆ لێوی گوڵنارت دڵم پڕخوێنە، جەرگم لەتلەتە بۆ لێوی گوڵنارت نەخۆش و دەردەدارم من لە حەسرەت چاوی بیمارت سەلیبی پەرچەمی تۆم دەسکەوێ چیمە لە ئیسلامی کڵێسا جێگەمە جانا لە عیشقی زوڵفی زوننارت وتی عاشق ئەبێ بەم کوشتنەت مەسروور ببی چونکە لەناو عوششاقدا تەنها ئەتۆی قوربانی دڵدارت شکا بازاری شەهد و شەککەر و شیرینییی قەنناد لە ڕۆژێکۆ کە بیستوویانە خەڵقی نوتق و گوفتارت ئەبێ کاغەز لە بەرگی گوڵ، قەڵەم جانا لە عەنبەر بێ کە من مەیلم هەیە ئێستا بنووسم وەسفی ڕوخسارت کە تۆ سەروی منی، بێچارە قومریی دڵ حەزینی تۆم هەمیشە بولبول ئاسا وام لە دەوری باغ و گوڵزارت نیگار ئەمڕۆ لەناو جەمعی ڕەقیبا پێی وتم ئەحمەد مەحاڵە تۆ ئیتر دەستت کەوێ یاری دڵئازارت ++++++++++++++++++++++ سەرناو: زاهید وەرە ناو بەزمی حەریفانی خەرابات زاهید وەرە ناو بەزمی حەریفانی خەرابات لادە لە ڕیا و سەرزەنشی قۆڕ و خەرافات یەک جورعە بنۆشە لە مەیی بێ غەش و گوڵڕەنگ ئەسڵەن مەکە تۆ بەو پڕوپووچانە موبالات بیستوومە وە یا دیومە لە گوفتاری ئەدیبان بۆ خواردنی یەک قەترە دووسەد جۆرە موکافات حوکمی ئەزەلی چونکە نییە قابیلی تەغییر بۆ چی من ئەترسم لە جەزا و ڕۆژی حیسابات مایل نە بە حوور و نە بە غیلمانی بەهەشتم گەر بێت و بکەم من لەگەڵ ئەو شۆخە مولاقات ئەحمەد دڵی بێزارە لە ئەتواری ڕیاکار ساقی قەدەحی تێکە بە ئاهەنگ و مەقامات ++++++++++++++++++++++ سەرناو: نییە ڕەحمت لە دەرحەق عاشقی شەیدایی میسکینت نییە ڕەحمت لە دەرحەق عاشقی شەیدایی میسکینت بڵێ پێم تۆ خودا کافر چییە تۆ مەزهەب و دینت بە خاکا پێ بنێ، مەینێ بە دیدەی ئەشکبارمدا مەبادا دڕکی برژانگم بچێتە پێی حەنایینت مەیێڵە ڕۆژی عاشق ڕەش ببێ ئەی یاری بێ مروەت لەسەر سوبحی جەبینت لادە جانا زوڵفی چینچینت هەمیشە لالەزارە دەوری قەبرستانی عوششاقت ئەکەن تەمسیلی لێوی لەعل و کوڵمی ئاڵ و ڕەنگینت کە ناوت دێنمە سەر لێوەکانم ئێستە ئەی جانا دەم و لێوم ئەچەسپێن پێکەوە بۆ لێوی شیرینت بە خەندەی نازەوە فەرمووی ئیتر بۆت فەخرە تۆ مردن کە ئەمڕۆ من بە ناز و لەنجەوە هاتوومە باڵینت لە سایەی ماچی لێوی ئەو شکا بازاڕی تۆ قەنناد بە پوولێ ناکڕێ کەس ئێستە باری شەهد و هەنگوینت ++++++++++++++++++++++ سەرناو: هیجری تۆ چەند سەعبە دڵبەر ماڵەکەم وێرانە بۆت هیجری تۆ چەند سەعبە دڵبەر ماڵەکەم وێرانە بۆت ڕۆژ و شەو غەمباری ڕووتم دیدەکەم گریانە بۆت ئەشکی چاوم بادەیە ناڵەی دڵم عەینی نەیە خاک بەسەر بێکەس لە حەسرەت جەرگەکەم بوریانە بۆت ئەی نیگاری نازەنین لەو ڕۆژەوە دووری لە من سەیلی دیدەم وا بەخوڕ دێ هەروەکوو سیروانە بۆت ئەو بەڵای بۆ قامەتی تۆ دێ لە عوششاقت کەوێ سەدهەزاران عاشقت جانا بەڵاگەردانە بۆت ئەی دڵە بەسیە لە غەم بۆ چی ئەناڵی ڕۆژ و شەو شەهدی لێوی دڵبەرت بۆ دەردی تۆ دەرمانە بۆت ++++++++++++++++++++++ سەرناو: هەوری بەهاری بەسیە ئیتر ناڵەناڵەکەت هەوری بەهاری بەسیە ئیتر ناڵەناڵەکەت گوڵ عاجزە لە گرمە و ناوچاوە تاڵەکەت پێموت بڕێژە خوێنی دڵی عاشقت بە زار دیسان بکە حەنایی سەری پەنجە ئاڵەکەت حاڵی پەشێوە دڵ بە خەیاڵی دوو زوڵفی تۆ هەروەک وەنەوشە ملکەچە بۆ تاقە خاڵەکەت سەیری ڕەقیب کە وەک سەگە بۆ مانگەشەو بە شەو هەر لوورەلوورییە لە فیراقی جەماڵەکەت کونکون ببێ دڵی ئەحمەد ئەگەر دەمێ فاریغ ببێ لە یادی خاڵ و خەیاڵەکەت ++++++++++++++++++++++ سەرناو: یار ماچی لێوی خۆی کە بکا ئێستە بۆم بەرات یار ماچی لێوی خۆی کە بکا ئێستە بۆم بەرات لام خۆشترە لە شەهد و لە سەد چەشمەیی حەیات یاڕەب لەتوکوت و شەقوپەق بێ دڵم ئەگەر بێ یادی تۆ بێ یەک دەم و یەک ئان و یەک سەعات جارێ بە تیری غەمزە دڵم کون ئەکا دەمێ زەردەخەنە و نیگاهی لەنوێ پێم ئەدا حەیات فەرمووی برالە تۆ سەری خوت لاچۆ زوو بڕۆ پێم وت کەرەمکە ماچی دەمت ئێستە بۆ برات جوێندان و تووڕەبوون و قسەی توند و تاڵی تۆ لام چاترە لە نوقڵ و لە جامێکی پڕنەبات قوربان غوڵامی قاپیەکەت ئەحمەدە بە دڵ سا بیکوژە لە دەرد و ئەلەم بیدە زوو نەجات ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ڕەقیبی سەگ هەتا چاوم کلا کرد ڕەقیبی سەگ هەتا چاوم کلا کرد منی دووچاری سەد دەرد و بەڵا کرد نیگار وەک ئاسکی وەحشی وەهابوو دەم ودەس چۆن لەگەڵ خۆی ئاشنا کرد کە دیمی ڕووی لە من چەرخان و ڕۆیی بەهانەی ڕۆینی، شەرم و حەیا کرد شوکور ئەو شۆخە دەردی عاشقی زار بە ماچی لێوی شیرینی دەوا کرد کە تۆ ڕۆییت دڵی بێچارەیی من ویداعی خۆی لەگەڵ عەیش و سەفا کرد نە تەنها ئەحمەدی بێچارە ڕووتە قوماری عیشقی تۆ زۆری گەدا کرد ++++++++++++++++++++++ سەرناو: کە دڵبەر خۆی نواند خورشیدی خاوەر زوو فیراری کرد کە دڵبەر خۆی نواند خورشیدی خاوەر زوو فیراری کرد خەجاڵەت ما و بە زەردی عەزمی پشتی کۆهساری کرد بە سۆزی سینە ناڵانی لە فەسڵی پایزا بولبول کە ڕۆیە ناو گوڵستان و خەیاڵی نەوبەهاری کرد خوا ڕۆژی ئەزەل ئەو بەژن و باڵایەی کە تەسویر کرد لە شەوقی ئەو بوو، خەڵقی عەرعەر و سەرو و چناری کرد وتی میسکی خەتا، بۆ من خەتایە لافی بۆنخۆشی کە هات و بۆنی عەتری پەرچەمی شێواوی یاری کرد ڕەقیب وەختێ کە دی یار میهرەبانە دەرحەقی عاشق تەقی کرد وەک سەگ و تۆپی، لە داخا ئینتیحاری کرد لە حەسرەت لێوی لەیلا بوو کە مەجنوون شێت و ڕیسوا بوو بەجارێ کەوتە کێو و دەشت و سەحرا، تەرکی شاری کرد کە بیستی موژدەیی تەشریفی تۆ، عاشق لە خۆشیدا حەیاتی مابوو تەنها و ئەویشی زوو نیساری کرد بژی ئەو شاهی حوسنە وا لە ڕووی لوتف و کەرەمکاری کە وا یادێکی حاڵی ئەحمەدی ڕووت و هەژاری کرد ++++++++++++++++++++++ سەرناو: یەخەی خۆی دادڕی گوڵ یار کە مەیلی گوڵستانی کرد یەخەی خۆی دادڕی گوڵ یار کە مەیلی گوڵستانی کرد لە داخی قامەتت سەرویش لە باڵای خۆی کەمانی کرد لە تارمەی ڕوو بە مەغریب خۆی نیشاندا ئەو کڵاولارە وتم یاران کە حەشرە ڕۆژ لە مەغریب وا عەیانی کرد ڕەقیب شەرتە لە داخت تەرکی کەم من بەندەییی یارم دڕک سا مژدە بێ بولبول کە تەرکی ئاشیانی کرد شەشی ئەیلوول ئەزانن ئێوە ئەی قەومی وەفاکردار ئەوە ڕۆژێ بوو دوژمن قەتڵوعامی کوردەکانی کرد بوتی پەیمانشکێن ئەی کافری بێ ڕەحم و بێ مروەت لە داخت ئەحمەدی بێچارە وا تەرکی ژیانی کرد ++++++++++++++++++++++ سەرناو: گوڵی خوێنین سەبارەت: ١٩٣٠ - لە ژمارە ٢٤٧ی ڕۆژنامەی ژیاندا بڵاوکراوەتەوە. لەو دەما ئێمە کە خوێنمان ئەڕشت ڕۆژیش بەهای هێنابووە وجوود لەو جێگا شەڕەی یەکترمان ئەکوشت گوڵان سەوز ئەبوون ئەیانکرد سجوود *** هەر چەند لاشەکان وەک پەینی بەسام کەوتبوون لە ژێر لقی گوڵاندا کەچی گوڵانی بێ هۆش و نەفام تەڕ و تازە بوون لەسەر چڵاندا *** زەوی ئەوەندە خوێنی خواردبێ بۆ چی وەنەوشە ڕەنگی هەر شین بێ خوێناوی لاوان دەشتی پۆشیبێ هێشتاکوو بەیبوون سپی جەبین بێ *** بە خوێنی ئینسان گوڵ ئاو درابێ ئەبوا ڕەنگ و بۆی ئەوان بسێنێ ئێستا کە پۆل پۆل خەیمەیان داوە بۆچ بێ پەڵەی خوێن سەر دەرئەهێنێ *** دێراوی گوڵان چۆن ڕووزەرد نابن خوێنەخوێکانیان بەسەردا ئەڕوا بۆ چی ئاو تووشی داخ و دەرد نابن بۆ وڵاتیان عەیبە سەر تا پا *** ئەبینن غەیرە ئەچنێ گوڵغونچە کەچی هیچ کامیان گرژ ناکەن ڕوویان غالبیەتی بێ و بکات لەنجە بۆ پێنەکەنین ناکەونە خەزان *** یەکێکیان جارێ ناڵێ بە هەنگێ یا بەو 'پەپولەی' هەڵیانئەسێنێ ئێستا نەمماوە من بۆن و ڕەنگێ ئیمڕۆ دڵتەنگم بیخە سبحەینێ *** لەم دەشتەوشوومەی پڕ خەوف و خەتەر کە لاشەی قەومی ئێمەی تێدایە بۆ شەرمی حزوور شەعشەعەی زەفەر کەم ناکەنەوە تاقە گەڵایە *** ماتەمی ئێمە ڕەنگ و بۆی پێدان کەچی قەت ناکەن ئیزهاری کەدەر چونکی بێ حیسسن ئەسنافی گوڵان لە حاڵی کۆندان دایم تازە و تەڕ *** لە داخا گەڵای خۆ بپێچنەوە نەفامن چونکی هێشتا نازانن بۆ ناو کەوای سەوز خۆ بکێشنەوە ئەی گوڵان ئێوە بێوەی لاوانن *** موقابیلی ئەم دەرد و بەڵایە ئازاد ئەپشکوون گوڵانی وەتەن چەند بێ ویجدانن ئێوە ئەبوایە بۆ مردووەکانمان هەر بکەن شیوەن ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئەمەوێ من شەو و ڕۆژ خادیمی دەرگاهی بم ئەمەوێ من شەو و ڕۆژ خادیمی دەرگاهی بم لەبەر ئەو دامەنەدا خاکی گوزەرگاهی بم سوحبەت و گاڵتە بە فەرزین و بە فیل و ڕوخ ئەکەم من کە پیادەی جڵەوی ئەسپی شەهنشاهی بم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بێت و بە نازەوە کە بڵێ مەیلی ڕاو ئەکەم بێت و بە نازەوە کە بڵێ مەیلی ڕاو ئەکەم بۆ دەنکە خاڵەکەی ملی خۆم تووشی داو ئەکەم ئەی گیانەکەم بە چاوی ڕەشت سوێند ئەخۆم بە دڵ بۆ دینی چاوی تۆیە کە هەر چاوەچاو ئەکەم با، بێنێ بۆنی سنگ و مەمەت، کەی منی هەژار ئیتر خەیاڵی بۆنی وەنەوشە و گوڵاو ئەکەم لۆمەم مەکە کە من ئەمەوێ ڕووبەڕووت ببم بێ بەرگ و ڕووت و قووتم و مەیلی هەتاو ئەکەم بێت و دەسم بدا لە دەسی پیاوی ناوەجاخ حەو جار بە ئاو و قوڕ دەس و پەنجەم گڵاو ئەکەم بەم حاڵە ژین و بەرزییی کورد گەر هیوام ببێ شێتم بزانە من کە خەیاڵی پڵاو ئەکەم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بە عەزمی زیارەتی کوڵمت لە ڕێگەی دوورەوە هاتم بە عەزمی زیارەتی کوڵمت لە ڕێگەی دوورەوە هاتم وەرە قوربان بکە ڕەحمێ فیدای ئەو قەدد و باڵاتم هەمیشە حازرم بۆ قۆچی قوربانی نیگاری من وەها قەت تێمەگە بەندە کە زۆر شەخسێکی بێزاتم هەموو عالەم بە کەسبوکارێ مەشغووڵن ئەما بەندە هەمیشە عاشقی ڕووتم شەهیدی چاوی شەهلاتم دەمت غونچە، قەدت سەروە، لەبت لەعلی بەدەخشانە عەجەب شۆخێکی غەدداری فیدای ئەو زوڵفی تاتاتم بە ئوممێدی ویسالی تۆ لە ڕێگەی پڕخەتەر ئەحمەد پەناهندەت بووە جانا، بکە ڕەحمێ بە حاڵاتم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بە یادی چاوەکانت دایمەن من مەست و حەیرانم بە یادی چاوەکانت دایمەن من مەست و حەیرانم لە عیشقی قامەتت قوربان وەکوو زوڵفت پەرێشانم ئەوەندە من لە هیجری وەسڵی تۆ زاری ئەکەم جانا وەکوو داوێنی ئەڵوەن دایمەن من سوورەدامانم لەبۆ جاڕووبی ڕێگەت حازرم دایم گوڵی ڕەعنا بە گۆزەی پڕ لە ئاوی دیدە و دوو گەسکی موژگانم سەلیبی زوڵفی تۆم خستۆتە گەردن بووم بە نەسرانی ئیتر قوربان بکە ڕەحمێ نە دینم ما نە ئیمانم ئەوەند ئەحمەد کە مەدحی ڕوویی تۆی کرد شێت و ڕیسوا بوو بە خەللاقی زەمین لەم شیعرە چاتر بەندە نازانم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: تا حەیاتم بێ لە دڵما شەرتە میهرت دەرنەکەم تا حەیاتم بێ، لە دڵما شەرتە میهرت دەرنەکەم ڕۆژپەرەستم تا بمێنم سوجدە بۆ ئەختەر نەکەم پێی وتم دوێنێ ڕەقیبم سەیری دڵبەر بۆ ئەکەی شەمشەمەکوێرەم کە ڕوو بۆ شەمسەکەی خاوەر نەکەم بێت و گەر دەستم کەوێ ماچی دەمی تۆ چاوەکەم ڕووڕەشم گەر تەرکی ئاوی زەمزەم و کەوسەر نەکەم لەو زەمانەی دیومە من، موژگان و ئەبرۆی دڵبەرم ڕەببی لاڵ بێ، گەر تەوافی خەنجەر و نەشتەر نەکەم عەرزی یارم کرد کە بۆچ پەرچەم لەسەر ڕوخسارتە پێی وتم: بەزمە لەبەرچی عوود لەسەر مەجمەر نەکەم ڕەسمی عاشق واز لە ڕۆح هێنانە بۆ دڵداری خۆی ڕووڕەشم من گەر لە ڕێتا تەرکی ڕۆح و سەر نەکەم بێت و بۆم دەست دا تەماشای پەرچەم و ڕوخساری تۆ شێتم ئەر تەرکی وەنەوشە و لالەیی ئەحمەر نەکەم یار بە ئیستیهزاوە فەرمووی ماوی بەم دەردانەوە لافی عیشقی تۆ درۆیە، من ئەبێ باوەڕ نەکەم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: خەیاڵم وایە خەڵقە من کە تەرکی عیشقی دڵبەر کەم خەیاڵم وایە خەڵقە من کە تەرکی عیشقی دڵبەر کەم ئیتر میهری پەری ڕوویان بە یەکجاری لە دڵ دەرکەم ئەگەر دڵ بێت و مەیلی گوڵڕوخان و نازەنینان کا لە سینەی لابەرم، لەتلەت بە نووکی تیژی خەنجەر کەم لە داخی سیلسیلەی توڕڕەی نیگاری نازەنینی خۆم ئەبێ تەرکی وەنەوشە و سونبول و هەم عەتر و عەنبەر کەم ئەڵێن دڵبەر لەگەڵ مندا دڵی ساردە، ڕەقیب شادە ئەبێ خاک و گڵی عالەم ئیتر من هەر لەسەر سەر کەم کە باڵای دولبەری دی سەروی بوستانی وتی شەرتە ئیتر خۆم دەرنەخەم، تەرکی لیباس و بەرگی ئەخزەر کەم هەتا کەی هەر لە دووریی تۆ ئەمن بێم و بچم جانا بە بێ سوود بۆچ نیگەهبانی گوڵ و گوڵزاری بێ بەر کەم ئەگەر شەو سەر لەسەر خشتێ بکەم باکم نییە چونکە بە ئاوی دیدە ئوممێدم وەهایە با لەشم تەڕ کەم وتی عاشق دەست بۆ چی لە زوڵفم بەرئەدەی ئەمشەو وتم تاکەی ڕەفیقی عەقرەبی جەڕڕاڕ و ئەژدەر کەم ئەگەر بێ ماچی لێوی دولبەرت تۆ دەسکەوێ ئەحمەد حەرام بێ گەر ئیتر یادی بەهەشت و حەوزی کەوسەر کەم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: دەمت بێنە بە قوربانی وەفاتم دەمت بێنە بە قوربانی وەفاتم قبووڵمە من لەجێی مووچە و بەراتم لە هیجرانا ئەوا ڕەنجوور و زارم وەرە باڵین هەتا ماوە حەیاتم هەموو کەس وەسفی یاری خۆی لە دەستە بەغەیرەز من، کە هەر جوێنە خەڵاتم لە تەختەی نەردی غەمدا، ئەی نیگارم خەریکی شەشدەری هات و نەهاتم وتی: خورشید و مەه، ڕوویان ئەپۆشن لە گۆشەی بانەوە، وەقتێ هەڵاتم ئەڵێی ئەحمەد لە کوشتن ڕوو دەگێڕی لە بەحسی عیشقدا من زۆر بەزاتم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: لە سایەی ماچی لێوت مەیلی عەنناب و شەکەر ناکەم لە سایەی ماچی لێوت مەیلی عەنناب و شەکەر ناکەم کە ڕووی تۆ دەرکەوێ قەت ڕوو لە ڕووی شەمس و قەمەر ناکەم ئەگەر بێت و گەدایی کۆیی دڵدارم بە قیسمەت بێ بە دڵ بادی شەهنشاهی و سوپاه و کەڕڕوفەڕ ناکەم خوا بیکا ئەگەر ڕۆژێ قەدەم بێنێتە سەر چاوم تەنەززول بۆ جەواهیرسورمە و کوحلولبەسەر ناکەم بە تیغی ئەبرووانی خۆی ئیشارەی کرد کە بۆ قەتڵم لەبەر ئەو موژدە ئەسڵەن مەیلی قەڵغان و سوپەر ناکەم قەلەندەر مەشرەبی و دێوانەیی خۆشە لە دنیادا بە فەقری خۆم ڕەزام ئەسڵەن خەیاڵی زیو و زەڕ ناکەم نزیکیی پیاوی ئەحمەق باعیسی فەوتانی ئینسانە هەتا عومرم ببێ قەت من ڕەفیقیی پیاوی کەر ناکەم کە من مائیل بە خێرم خیلقەتەن ئەحمەد بەخۆڕایی وەکوو ئینسانی جاهیل مەیلی فیتنە و شۆڕ و شەڕ ناکەم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: لە شێخ و واعیز و سۆفی لەمەولا من کەنار ئەگرم لە شێخ و واعیز و سۆفی لەمەولا من کەنار ئەگرم پیاڵەی مەی بە یادی دیدەیی مەستی نیگار ئەگرم لە شەوقی بەژن و باڵای تۆیە ئەی شۆخی پەری پەیکەر لە باغا جێ لە سایەی عەرعەر و سەرو و چنار ئەگرم خەیاڵی مەمکەکانی گرد و نەرمت دێتە بیری من کە وەختێ پڕبەچنگ لیمۆ و بەی و سێو و هەنار ئەگرم خوڕەی فرمێسک و نەعرە و فوغانی خۆم لەبەر چاوە کە شەو من گوێ لە دەنگی نەعرەیی هەوری بەهار ئەگرم وتم چاکت ئەسیری حەڵقەیی ئەو پەرچەمە کردم وتی شێتی بە تای ئەم زوڵفە من شێری شکار ئەگرم بە قوللاپی موژە و حەڵقەی کەمەندی زوڵفی چینچینم ئەگەر بێ ئارەزووم بێ ڕۆستەم و ئەسفەندیار ئەگرم ئیشارەی کرد برۆی یەعنی کە بۆ قەتڵی دڵی عاشق لە پشتی چاوی یارۆ جێگەیی سەد زولفەقار ئەگرم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: من سیاڕۆژی دوو زوڵفی هەر وەکوو زونناری تۆم من سیاڕۆژی دوو زوڵفی هەر وەکوو زونناری تۆم قوڕبەسەر دڵ پڕ لە خوێنی لێوی وەک گوڵناری تۆم گەر وجوودم خەستەیە یا زەردە ڕەنگم چاوەکەم من گرفتاری فسوونی چاوەکەی بیماری تۆم گەر بە قەهرۆ تۆ دەرم کەی سەد کەڕەت لەم قاپییە دەست لە تۆ هەڵناگرم هەر عەبد و خزمەتکاری تۆم نایەڵێ لەو گەنجی حوسنی دڵبەرە بەهرەم ببێ دایمەن مەشغووڵی دەفعی زوڵفی وەک ڕەشماری تۆم من بە ئوممێدی ویسالی تۆ لە ڕێگەی دوورەوە هاتووم لوتفت ببێ، قوربان غەریبی شاری تۆم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: من کە کوردم حەز بە بەرزیی خاکی کوردستان ئەکەم من کە کوردم حەز بە بەرزیی خاکی کوردستان ئەکەم ئارەزووی دەوری تەرەققیی حاکمی بابان ئەکەم ناوەجاخە ئەوکەسەی خزمەت بکا بۆ غەیری خۆی تا بە مردن شەرتە من هەر بەندەیی خۆمان ئەکەم میللەتی من هەر وەکوو شێری ژیانن بۆ نەبەرد ئێستەکە من چۆن ئیتاعەی ----- ئەکەم گەر لە غەیری میللەتی خۆم بێ و ئومێدی چاکە کەم شێت و بێ عەقڵم لە شەیتان ئیددیعای ئیمان ئەکەم گەر لە موژگان و برۆی دڵبەر تەمای لوتفم ببێ من لە نووکی شێر و خەنجەر ئارەزووی دەرمان ئەکەم لابە توخوا نامەوێ دیجلە و فورات و نیلی تۆ من بە فرمێسک ئێستەکە تەشکیلی سەد سیروان ئەکەم جەژنی قوربان ساڵێ جارێ خەڵکی قوربانی ئەکەن بۆ وەتەن من ڕۆژێ سەد جار ڕۆحی خۆم قوربان ئەکەم شێتی چاوی لەیلی کوردم، بۆیە وا مەجنوون سیفەت خۆم بە دایم ڕووت و قووت و سەرسەری و عوریان ئەکەم سەیری کەن بەم مشتە قەومی کوردەوە مانەندی شێر گاهێ حەملە ڕووبەڕووی ئێران، گەهێ تورکان ئەکەم داخی کوردی فەخرە ئێستە بۆ دڵی من کافییە بۆچ مەگەر شێتم خەیاڵی ڕوتبە و فەرمان ئەکەم کوردم و بۆ کوردی ئەحمەد سەعی ئەکەم تا بەم زووە ئیتتیحادی کوردی خۆمان و سنە و بۆکان ئەکەم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: مەکەن مەنعم کە وەک مەجنوون خەریکی هاتوچۆی کێوم مەکەن مەنعم کە وەک مەجنوون خەریکی هاتوچۆی کێوم پەشێوی لەیلی کوردم تاکوو ڕۆحم دێتە سەر لێوم وەتەن فەرمووی بە خەندەی نازەوە هەر وەک پەری وامە ئەما حەیفێ کە چەند ساڵە ئەسیری پەنجەیی دێوم هەمیسان پێی وتم ئەوسا مەکانی شەخسی عاقڵ بووم فەقەت چی بکەم ئەمە چەند موددەتە بێ ساحەب و خێوم دەخیلتان بم وەکوو عارەب، توخوا مەمگۆڕنەوە هەرگیز بە ڕوپیە و پارە هەر چەند ئێستەکە مشتێ چڵوچێوم بەجارێ ئەمڕۆ جاهیل غاڵبە، عاقڵ بووە مەغڵووب ڕەفیقان سا نیشانم دەن قوڕێ تا بێم و بیپێوم لە داخی دەهری دوون شەرتە بەسەرما گەر بڕووخێ چەرخ گەلێ نامەردم ئەر شانم لەبەر ئەو بارە ببزێوم لە عەرسەی شیعردا، ئەحمەد عەجایب شەهسوارێکە لە مەیدانا بزانە ئەسپی خۆم چۆنی دەئاخێوم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: نیگارا سا بە لوتفی خۆت شەوێ تۆ بێرە باڵینم نیگارا سا بە لوتفی خۆت شەوێ تۆ بێرە باڵینم لە غەمدا وا لە جیسمم وەختە دەرچێ گیانی شیرینم بە یادی ڕوومەت و خاڵت هەموو شەو تا بە سبحەینێ منم مەشغووڵی تەعدادی گرۆهی ماه و پەروینم هەموو عالەم لە بەرچاوم وەکوو دەیجوورە ئەی جانا ئەگەر بێت و خوا نەیکا ئەمن یەک لەحزە نەتبینم زەلیل و دڵحەزین و بێکەس و مەهجوور و داماوم لە هیجری قامەتی سەروت هەمیشە مات و غەمگینم وتم: قوربانی تۆ بم ئەحمەدی بێچارە فەرهادە وتی: عاشق بە ڕەعنایی منیش زیاتر لە شیرینم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: وەختی ڕەحمە دڵبەرا میوانی دەوڵەتخانەتم وەختی ڕەحمە دڵبەرا میوانی دەوڵەتخانەتم تۆ ئەگەر لەیلای منیش مەجنوونەکەی دێوانەتم حەیفە سا توخوا بەسە جەور و جەفاکەت تا بە کەی من لە دەوری شەمعی ڕوخسارت وەکوو پەروانەتم باعیسی ژین و حەیاتم یاری دڵڕەنجێنی خۆم دەک بەڵاگەردانی باڵات و زڕەی پاوانەتم گەر لە موڵکی حوسندا، سوڵتانی ئەی یاری عەزیز خۆ منی بێچارە جانا خادمی دەرگانەتم قەیسی عامیر جێگەیی وادیی دووجەیل بوو چاوەکەم خۆ منیش ئێستاکە وێڵی دەشتەکەی شیروانەتم یار بە خەندەی نازەوە ڕووی کردە من فەرمووی بەسە بۆ چی تۆ نازانی ئەحمەد دوژمنی بێگانەتم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: گرپە و گڕەی تەنوورە بڵێسەی هەناوەکەم گرپە و گڕەی تەنوورە بڵێسەی هەناوەکەم سیروان و تانجەڕۆیە خوڕەی ئاوی چاوەکەم شێواوی موویی خاوی کەسێکم بە ڕۆژ و شەو بۆیە پەشێوە ئێستەکە، بیرە بڵاوەکەم ڕۆژێ بە پێکەنینەوە فەرمووی دە بێرەوە بۆ پاسی نیوەشەو سەگە قول هەڵکراوەکەم دیسان وتی: شەکەر لە دەمت دێتە دەر ئەگەر ژەهریش بخۆیتەوە کە ببێ بێنی ناوەکەم ئەم کۆمەڵی گوڵاڵە کە ئاڵن لە کێو و کەژ ئاویان دراوە گشتی بە خوێنە ڕژاوەکەم تۆ بێ خودا دەسا وەرە ئەی نووری چاوەکەم ساڕێژ کە زامی لەتلەتی جەرگە بڕاوەکەم باوەڕ مەکەن ببن بە - - کوردی شارەزوور بێ ترس ئەڵێم لە ڕاستی دڕاوە کڵاوەکەم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: گەر لە مەحبووسی خەڵاس بم دوشمنانم پەت ئەکەم گەر لە مەحبووسی خەڵاس بم دوشمنانم پەت ئەکەم سووری سەر ئەبڵەق لە فەرجی دایکیانا ڕەق ئەکەم بۆ ئەمەی تەرکی خراپی و موفسیدی و بەدزاتی کەن ڕەنگ و ڕوویان گشت بە ڕەنگی خاسەڕەنگ خەتخەت ئەکەم ڕوو بە شار و موڵکی ئامەد می أشاء دائەنێم عاقڵانە تەرکی ڕێگای ناحەز و نەگبەت ئەکەم دۆستانی خۆم بە پارە و ماڵی دنیا شاد ئەکەم حاسید و موفسید هەموو نابووت و بێ سەروەت ئەکەم خەڵقە ئەمڕۆ چونکە حەپسم ڕێگەیی دەستم نییە ناتوانم هیچ بکەم مەجبوورم هەر غەیبەت ئەکەم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: باعیسی هێزی دڵ و پشت و پەنایی بێکەسان سەبارەت: ئەم قەسیدەیە بۆ یانەی سەرکەوتنی کوردان لە بەغدا نووسراوە باعیسی هێزی دڵ و پشت و پەنایی بێکەسان یانەیی سەرکەوتنی قەومی نەجیبی کوردەکان واسیتەی ڕێگەی نەجاتی قەومی دڵسووتاوی کورد ئەی نیساری مەقدەمی تۆ بن بەجارێ ڕۆح و گیان پێ و قدوومت خێر بێ یاڕەببی بڵند بێ پایەکەت شاد و مەمنوونن بە تەشریف هاتنی تۆ پیر و جوان تۆ چرای بۆ ڕێگەیی تاریکی بەختی قەومەکەت ئەی بناغەی عیلم و سەنعەت وەی سەبەب بۆ حوڕ ژیان میللەت ئێستە چاوەڕوانە بۆ نەتیجەی هیممەتت وەختی خۆ دەرخستنە جێگای هیوایی گشتمان ++++++++++++++++++++++ سەرناو: سا بێنە توخوا ساقی مەی و شیشە و فنجان سا بێنە توخوا ساقی مەی و شیشە و فنجان ئەم بەزمە موعەتتەر بکە تۆ وەک گوڵی خەندان گریانی من و ڕوومەتی تۆ ئەی بوتی ڕەعنا تەمسیلی ئەکەن شەونم و گوڵ سوبحی بەهاران خۆت شێت کە ئەگەر تالیبی مەسعودیی بەختی چەند زەحمەتی دی ئادەمی بێچارە لە شەیتان لەم مەنتیقەدا فەرقی نییە ئێستە موساوین یەکسان ئەنوێنێ ڕەوشی وەحشیی و ئینسان مەعنایی وەها لێک ئەدەنۆ بەعزێ موەززەف قانوون ئەوەتە کەشفی بکەن باخەڵ و گیرفان تاریکیی زوڵفت بووەتە باعیسی کوفرم سا دەرخە توخوا مەسحەفی ڕووت ئەی مەهی تابان گریانی درۆی سۆفی و لێهاتنی حاڵی دەروێش بە فیدای زەمزەمەیی نەعرەئی مەستان ++++++++++++++++++++++ سەرناو: سەیری کەن خەڵقینە توخوا حاڵەتی زاری وەتەن سەیری کەن خەڵقینە توخوا حاڵەتی زاری وەتەن چەند پەرێشانە لەبەر غەفڵەت هەموو کاری وەتەن وەختی تێکۆشانە ئەی قەومینە غەفڵەت تا بەکەی وا خەزانی کردووە ئێستێکە گوڵزاری وەتەن خۆ وەتەن ئەمڕۆ نەخۆشە ئەم تەبیبی حازیقە چی ئەبێ بیکا موداوا قەلبی بیماری وەتەن کوانێ خەڵقینە لەکوێن فیرقەی مونەووەرتینەتان چونکە ئەو فیرقە ئەزانن دەرد و ئازاری وەتەن من بە باغ و گوڵستانی جەننەتی ناگۆڕمەوە خاکی ئەو جێگەی کە کوردە نەشتەری خاری وەتەن ++++++++++++++++++++++ سەرناو: شاعیرانی کورد بەسە بەس باسی زوڵف و چاو بکەن شاعیرانی کورد بەسە، بەس باسی زوڵف و چاو بکەن کەم خەیاڵی پەرچەم و کاکۆڵی ئاڵۆزاو بکەن لابدەن کەم باسی سونبول یا لقی لاولاو بکەن ئێوە تەدبیرێکی حاڵی قەومی دڵسووتاو بکەن زووبەزوو تا ئیش لەدەس دەرنەچوە سا هەوڵێ بدەن ئێوە تەعریفی مەی و پیاڵە و گوڵ و سەهبا ئەکەن دائیمەن هەر باسی لەنجە و قامەتی ڕەعنا ئەکەن سەرخۆشی خۆشە وە یا سەربەستی؟ بۆ چی وا ئەکەن تاکوو کەی ئێوە قسەی وا پووچ و بێ مەعنا ئەکەن زووبە زوو تا ئیش لەدەس دەر نەچوە سا هەوڵێ بدەن بێ کەس و بێ پشتیوانین ڕێگەمان دوورە وەرن حەیفە ئێوە وا ئەسیری دەستی چەن قەومی کەرن بۆ چی نازانن لە توخمی کاوەیی ئاسنگەرن هەڵبکەن --- کوردی ئەم ئیدارە لابەرن زووبەزوو تا ئیش لەدەس دەرنەچوە سا هەوڵێ بدەن هەڵبکەن --- کوردی مەقسەدم تاڵان نییە پارە تەحسیل کردن و ڕووتکردنی کاروان نییە غەیری مەکتەب بۆ تەداویی ئێمە هیچ دەرمان نییە هیچ سیلاح چاتر لە عیلم و سنعەت و عیرفان نییە زووبەزوو تا ئیش لەدەس دەرنەچوە سا هەوڵێ بدەن حەققە من شەو تا بەیانی ئارەزووی گریانمە شێت نەبووم وا دایمەن هەر مەیلی قوڕ پێوانمە ڕۆڵە مردوو نیم بزانن شیوەنی کوردانمە بێت و تەحلیلی بکەن دیجلەش قنگاوی وانمە زووبەزوو تا ئیش لەدەس دەرنەچوە سا هەوڵێ بدەن وەک قەڵایێکی تەبیعی وایە شاخ و داخمان قەت لە بن نایە بە خواردن میوەیی ناو باخمان جەننەتن شاری سلێمانی و سنە و سابڵاخمان ئیتتیفاقێ با بکەین لابەین لە دڵدا داخمان زووبەزوو تا ئیش لەدەس دەرنەچوە سا هەوڵێ بدەن ++++++++++++++++++++++ سەرناو: شەمسەیە کوولەکەیی ڕۆحم و ئیمانی من شەمسەیە کوولەکەیی ڕۆحم و ئیمانی من شەمسەیە باعیسی ژین و سەر و سامانی من شەمسەیە مایەیی کەیف و فەڕەحم ڕۆژ و شەو شەمسەخانە بەخودا شەمعی شەبوستانی من شەککەری لێوی ئەوە مەرهەمی قەلبی زارم قەددی مەوزوونی ئەوە سەروی گوڵستانی من پێی وتم شەمسە، خەجاڵەت بووە شەمسی خاوەر لەو دەمەی دیوییە ئەو سوبحی گریبانی من بە سەری تۆ قەسەم ئەی یۆسفی کەنعانی من لێوی شیرینتە تووتی شەکەرئەفشانی من شەمسە تۆ لازمە من وەختێ کە مردم جانا قەت فەرامۆشی نەکەی سنعەت و عیرفانی من حوببی تۆ کافییە بۆ ئەحمەدی بێچارەیی خۆت لوتفی تۆیە بە خودا ڕوتبە و نیشانی من ++++++++++++++++++++++ سەرناو: قیامەت هەڵئەسێ بێت و قیامێ کا نیگاری من قیامەت هەڵئەسێ بێت و قیامێ کا نیگاری من زەمانە تێکئەدا ئەمڕۆ نیگاهی چاوی یاری من وتی: باوەش بە باڵای سەرودا کە و گوڵ بە بۆنۆ کە کە تەمسیلی ئەکەن ئەو دوانە بۆسین و کەناری من بە ناز و عیشوە دیسان هاتە جواب، فەرمووی پیاڵە و مەی بزانە فەزڵی ئەمڕۆکە کە دیت چاوی خوماری من گرفتارن لە داوی پێچ و تابی زوڵفی موشکینت هەزار عاشق نەوەک تەنها دڵی زاری هەژاری من گوڵ و نەسرین لە خاکم سەوز ئەبن، گەر بێت و ئەو یارە لە ڕۆژێکی خەزانا بێتە سەر قەبر و مەزاری من دڵم هاوینە بۆ وەسڵی، بەڵام ئەو مەیلی زستانە خەزانی بۆیە کرد خەڵقینە عومری وەک بەهاری من هجوومیان کرد ڕەقیبان وەک ڕەوی سەگ دەوریان لێدام مەگەر شمشێری ئەبرۆی ئەو بکا ئێستاکە چاری من بە خەندەی نازەوە فەرمووی، فڕێدە تۆ بەی و لیمۆ تەبیعەت دەستی خستووی جووتەمەمکی وەک هەناری من بڕۆ ئەی وشکەسۆفی، با موبارەک بێ لە تۆ جەننەت من و پیاڵەی شەڕاب و وەسڵی شۆخی باویقاری من ++++++++++++++++++++++ سەرناو: مانگی ڕەمەزان هاتەوە بۆ بەختی شەڕی من مانگی ڕەمەزان هاتەوە بۆ بەختی شەڕی من ڕەنگ زەرد و زەعیفە گوڵەکەی سیمبەری من بێ بادە و بێ ساقی و بێ بەرگ و نەوایە مەحزوون و پەرێشانە دڵی دەربەدەری من گەر بێت و دەرم کەی بەخوا ڕۆژێ دووسەد جار هەر خاکی دەری تۆیە نیگار تاجی سەری من فەرمووی بە من ئێستاکە لە غەم زار و زەعیفی جا لایقی بۆ حەڵقەیی دەوری کەمەری من یارم بە نەزاکەت وتی دەردی دڵی زارت دەرمانی نییە غەیری لەبی وەک شەکەری من لەو ڕۆژەوە وا دولبەرەکەم ڕۆییوە خەڵقە بێ نوورە لەبەر گریە و زاری بەسەری من بولبول وەکوو ئەحمەد نییەتی زەمزەمە و شۆر عالەم هەموو بێدارە لە ناڵەی سەحەری من ++++++++++++++++++++++ سەرناو: نموونەی چاو و ڕووتن مانگ و پەروین نموونەی چاو و ڕووتن مانگ و پەروین نەخۆشە دڵ، لە لێوت بێنە هەنگوین لەسەر دینت ئەگەر تۆ موستەقیمی دە ئەمرم پێ بکە لاچم لەسەر دین پەشێوە بولبولی دڵ بۆ گوڵی ڕووت فیداتم بۆچ ئەکەی زوڵفت بە پەرژین گوڵاڵەی بێستوون ئێستەش بەهاران ئەڵێن پێت ماجەرای فەرهاد و شیرین چ شیرینە خودایا ئەو نیگارەم بە باڵای ئەو بڕاوە ناز و تەمکین نیگار شین پۆشە بۆیە ئاسمانیش هەمیشە ڕەنگی شینە وا دەکا شین لەلای من دەرسی خوێند بولبول کە وا شەو هەتا سبحەینێ ناوەستێ لە ناڵین وەکوو ڕەشماری زامار پێچ ئەخۆم من کە دیم وەستاوە زوڵفت چین لەسەر چین بە ماچی لێوی تۆ ئەیدەم ئەگەر بێ قبووڵی کەی لە من تۆ چین و ماچین خودایا چی ئەبێ زستانی مەیلی لە حەق ئەحمەد بکەی تاوێ بە هاوین ++++++++++++++++++++++ سەرناو: وەعدەیی فەرموو کە بێتە کولبەیی ئەحزانی من وەعدەیی فەرموو، کە بێتە کولبەیی ئەحزانی من بەڵکە ڕۆشن کا دوو چاوم یۆسفی کەنعانی من لابە توخوا پڕتەوی شەمع و چرا، لەم مەحفەلە چونکە ئەمشەو هاتە مەجلیس ماهەکەی تابانی من ئەشکی چاوم جارییە دایم لە هیجری قامەتت بەڵکوو بێتە ناز و لەنجە سەروەکەی بوستانی من سەیری چەند شێتە تەبیبم هەر موداوای من ئەکا چونکە نازانێ کە ماچی دولبەرە دەرمانی من پێی وتم بەم تیغی ئەبرۆمە سبەینێ ئەتکوژم تۆ ئەبێ شاد بی کە بوویتە قۆچەکەی قوربانی من سایەیی گێسووی چەلیپات لابدە جانا لە ڕووت بۆچ بە زوڵمەت دائەپۆشی چاوەکەم قورئانی من ++++++++++++++++++++++ سەرناو: چاوەکەم دوور بێ لە ڕووت وا چاوەکانم ژان ئەکەن چاوەکەم دوور بێ لە ڕووت وا چاوەکانم ژان ئەکەن هەر لە سورمەی خاکی ڕێگات ئارەزووی دەرمان ئەکەن یەعنی ئاوی دیدەکانی من لە دووریی قامەتت وا بە خوڕ دێن هەر لە نەهری تانجەڕۆ و سیروان ئەکەن پەرچەم و لێو و دەمی شیرینی یاری نازەنین هەر لە زوڵمات و لە ئاوی چەشمەیی حەیوان ئەکەن جانفیدای ئەو دولبەرانەم وا بە خەندەی لێویان بێ موداوا زامی قەلبی عاشقان دەرمان ئەکەن ئەو کەسانەی خادیمی دەرگای نیگارن دایما گاڵتە و سوحبەت بە تەختی قەیسەر و خاقان ئەکەن لادە شاعیر تۆ لە باسی عیشقبازی و سەیری کە چۆن خەریکن چەن کەسێ ئێستا وەتەن وێران ئەکەن جاهیلان بۆ ئیستیفادەی زاتی خۆیان ڕۆژ و شەو لەم موحیتە مەنعی عیلم و سەنعەت و عیرفان ئەکەن ڕووڕەشی دنیا و قیامەت ئەو نەفامانەن کە وا هەجوی قەوم و میللەتی خۆیان بە پارە و نان ئەکەن ئاسمان ئێستا وەها چەرخاوە جاهیل غاڵبە گوربە و ڕێوی خەیاڵی مەرتەبەی شێران ئەکەن چەن کەسێکی تازە پیاکەوتوو لە کوورە دەرچوون پیاو کە چوو بۆ ئیش لە پێشا یۆقڵەمەی گیرفان ئەکەن خەڵقە بەعزێ کەس لە ئینسانی چییان دیوە زەرەر وا هەمیشە مەشقی وەحشی و پەیڕەوی حەیوان ئەکەن ++++++++++++++++++++++ سەرناو: چییە ئەی گوڵ کە ڕەنگت ئێستە سوورە چییە ئەی گوڵ کە ڕەنگت ئێستە سوورە چ وەقتی شادی و عەیش و سروورە پەڕت بۆ ئاڵ و ڕەنگینن بەهاران دوڕئەفشانن لە قەترەی ئاوی باران مەگەر حیسست نییە تاکوو بزانی لە خاکی کێ ڕواوی بۆیە جوانی ئەتۆ نازانی بۆ چی ئاڵ و سووری لە بەزما مایەیی کەیف و سرووری ئەگەر ببوایە لای تۆ عەقڵ و فامی دەماغ و مێشک و حیسسی تەمامی لە جێی سووری بە ڕووزەردی ئەهاتی گەڵاڕێزت ئەکرد ئێستا کە ماتی سەرت وەقتێ کە دەرهێنابوو ئەبوا بە ڕەشپۆشی بهاتیتایە دنیا ئەترسم چونکە تۆ بێ حیسسە گۆشت وەکوو ئینسان نییە ئەفکار و هۆشت نەبی حاڵی لە مەعرووزاتی بەندە هەتا شەرمەندە بی تۆ سەرفگەندە ئەما هەر وەختێ هەنگێ یاخو مێشێ ئەبینم من بەسەر تۆوە ئەنیشێ هەڵئەبزڕکێ بەجارێ ڕەنگی ئاڵت پەشێوی دێ بەسەرتا وەزع و حاڵت کە وا بوو دیارە ئەی گوڵ تۆ ئەفامی ئەزانی و ساحەبی عەقڵی تەمامی ئەگەر بێت و بکەم عەرزت ئەزانی کە تۆ بۆچ وا تەڕ و تازە و جوانی کە وا بوو ئێستە ئەی گوڵ تۆ بزانە سەوزبوونت لە خاکی دولبەرانە لەسەر خاکێ بنی ڕیشەت ڕوواوە بە جەرگی عاشقانا داخی ناوە وە یا سەوزی لەسەر خاکی حەزینێ کە کوژراوە بە تیری نازەنینێ لەسەر قەبری شەهیدێکا ڕوواوی بە خوێنی جەرگی ئەو تۆ ئاو دراوی کە دایناوە حەیاتی خۆی بە مەردی لەپێناوی وڵاتی قەومی کوردی لە لق بۆیە کە تۆ سەر دەر ئەهێنی بە چڵ سەوزی بە ڕەنگت میسلی خوێنی بەڵام مادام کە مەحویی ئەو کەسانە کە ئەمڕۆ مایەیی جیلوەی گوڵانە لەبۆ تۆ بۆتە مایەی عەیش و خۆشی بە سەربەرزی کە بەرگی سوور ئەپۆشی ئەگەر ببوایە تۆ عەقڵت لە سەردا ئەبوو بیکەی جلی ماتەم بە بەردا وە یا خود تۆ بە یادی ڕۆحی یاران ئەبوو بولبول بلاوێنی بەهاران کە ئەو تەیرە ئەوەند مەجبووری تۆیە شەو و ڕۆژ بۆ ویسالت ڕەنجەڕۆیە کەچی ناپرسی تۆ ئەسڵەن لە حاڵی دەمێ ناکەی بە دڵ مەیلی ویساڵی بەڵێ عاشق کە ناڵەی وا حەزینە هەموو سەرمایەیی ئاه و ئەنینە لەلای مەعشووقە وەک دەنگی ڕوبابە ئەگەر چی عاشقی جەرگی کەبابە وەلێ مەعلوومە جەور و زوڵمی دڵدار ئەبێ حەددێکی بێ بۆ عاشقی زار خسووسەن تۆ کە خوڵقاوی لە خاکی گەلێکی سێ کەسی سەربەرز و چاکی ئەشوبهێی تۆ بە یەک لەو سیانە ئەی گوڵ کە کونکون بوو بە غەمزەی سینە و دڵ وەکوو ئەو دوانەکەی تریانە بولبول دڵی مەشکێنە توخوا حەیفە ئەی گوڵ لە دەرحەق بولبولی بێچارە و زار ئەوەند مەغروور مەبە نیشان مەدە خار ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئەگەر بینێمە سەر خوودەی وەکوو دنگ ئەگەر بینێمە سەر، خوودەی وەکوو دنگ دڵم کونکون ببێ وەک ناوی بێژنگ چلۆن ئەیدەم بە خورمای قاچ و قول ڕووت قەدی بەرزی چنار و گوێز و هارژنگ لە زەیتوون چاکترە هەنجیر و سێومان گەزۆم پێ خۆشترە سەد جار لە بالنگ بەڵام چی بکەم لە داخی ئەم زەمانە وەکوو مزراح سەرم کەوتۆتە ڤنگ ڤنگ ئەوەی بۆ پارە لای داوە لە مەسلەک بەجێی دانیشتنی بێ، مێخ و سەد سنگ وتم بەو حیزە ئەمڕۆ ڕۆژی تۆیە بخۆ، دانێ بە مەیلت لنگ لەسەر لنگ دەشوبهێ حاڵی ئەحمەد وەقتی وەسڵت بە ڕۆژ هەڵهاتن و ئەحواڵی ئاونگ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: دڕک هاودەمیەتی بولبول پەشێوە حاڵەتی بۆ گوڵ دڕک هاودەمیەتی بولبول، پەشێوە حاڵەتی بۆ گوڵ بەهاران بۆیە ئەو دایم ئەکا هەر ئەم چڵ و ئەو چڵ لەلام وایە کە حەتتا خاکی ژێرکەوشی ڕەقیبانت جەواهیرسورمەیە بۆ چاوەکانم، مەرهەمە بۆ دڵ زەمان بەم حیزییە، تالیع بە ئەم ناسازییە ئەمڕۆ نیگاریش لوتفی وابێ چۆن ئەبێ من مەتڵەبم حاسڵ بەرامبەر ئەبرووانی کەوتمە سوجدە، وتی عاشق ئەگەرچی قیبلەگاهی تۆ کەچە نوێژت نییە باتڵ تەوافی کەعبەیی دەرگانەکەت تەنها لە من مەنعە لە قورئانا ئەڵێی ئایاتی ڕەحمەت قەت نییە نازڵ تەپوکۆی ترپەترپی دڵ، بە گرمە ئەمشەو ئەیباران فیدای ئەو شۆخە، تەشریفی کە دێتە مەنزڵم باقڵ دەخیلم تۆ بزانە دەست و پەنجەی نازەنینێکە بە گۆزەی تێمەگە حەیفە، توخوا تۆ مەیخەرە ناو گڵ وەکوو مووسا هەموو ئەعزای کە ئەیبیست ڕۆژی کێوی توور لەسەر تا پێم ئەناڵێ وەقتی هیجرت نەک بە تەنها دڵ ئەزانی قەدری ئەحمەد کەی ئەزانن ئەهلی ئەم شارە لە دنیا دەربچێ و بمرێ و بچێتە ژێری خاک و گڵ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: نموونەی ڕوویی تۆیە پەڕڕەیی گوڵ نموونەی ڕوویی تۆیە پەڕڕەیی گوڵ فیدات بم ئەی بەنی جەرگ و پەڕەی دڵ توخوا ئەی گوڵ بەسە تۆ ناز و عیشوە چییە ڕەحمێ بکەی جارێ بە بولبول نیگارا چی ئەبێ ماچێ کەرەم کەی بکەی مەقسوودی ئەم بیمارە حاسڵ وەکوو ناڵینی من وایە لە عیشقت فوغان و زەمزەمەی بولبول لەسەر چڵ بە توندی بەس بڕۆ، بێ، ڕۆحەکەی من بە چاوما پێ بنێ با بەس بکا گل مەحاڵە تەرکی ساقی و یار و بادە بەسە واعیز مەکە توخوا قسەی زل ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئەی وەتەن جەننەتی یا ڕەوزەیی ڕیزوانی تۆ ئەی وەتەن جەننەتی یا ڕەوزەیی ڕیزوانی تۆ باعیسی کەیفی دڵە باغ و گوڵستانی تۆ تۆزەکەت سوورمەیە بۆ چاو و عەبیرە خاکت ڕاستە گەر بێت و بڵێم قیبلەیی کوردانی تۆ ئەم گوڵاڵانە کە لەم کێو و کەژە خەیمە ئەدەن هەموو تەمسیلی ئەکەن خوێنی شەهیدانی تۆ جێگەیی فەخری هەموو قەومی نەجیبی کوردی ڕۆح و دڵ پارە و ماڵ گشتی بەقوربانی تۆ بەچکەکانت هەموو جەنگ ئاوەر و ساحێب فیکرن هەر بژیت حەقمە بڵێم دایەیی شێرانی تۆ دەستەیەک لەو بەچەشێرانە کە ون بووبوون لێت سەد شوکور هاتنەوە ژێر سێبەری سەیوانی تۆ لە گوڵستانی وەتەندا هەموو وەختێ ئەحمەد نەغمەخوانە بۆ وەتەن بولبولی خۆشخوانی تۆ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: دڵ پەرێشانم لە حەسرەت پەرچەمی شێواوی تۆ دڵ پەرێشانم لە حەسرەت پەرچەمی شێواوی تۆ ڕۆژی ڕەش کردم بە جارێ زوڵفی ئاڵۆزاوی تۆ پێی وتم وریا بە خۆڵی ژێری ئەم کەوشی منە وەک جەواهیرسورمەیە بۆ چاوی پڕخوێناوی تۆ لام یەقینە بێ سوئال و جواب بەهەشت جێگەی منە دیارە جێی جەنناتی عەدنە ڕۆحەکەم کوژراوی تۆ ئەو دەمەی دێن و ئەپرسن لێم مەلائیک مەزهەبم من بە خوێنی دیدە ئەینووسم لە سینەم ناوی تۆ هەوری بەهمەن وا دیارە شیوەن و نەعرەی منە گرمەگرم و هاتنی بارانەکەی تاوتاوی تۆ سەروی باڵات چەندە مەوزوونە لە باخچەی حوسندا پێوە پێچراوە سەراپا زوڵفی وەک لاولاوی تۆ شەمعی ڕووت دەرخە فیداتم، ئەحمەدی بێچارەیە وەک پەپوولەی بێنەوایە شێت و دڵسووتاوی تۆ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئیزنی دام دڵبەر کە بچمە زیارەتی دەرگانەکەی ئیزنی دام دڵبەر کە بچمە زیارەتی دەرگانەکەی شەمعی ڕەخشان وا قبووڵی کرد شوکور پەروانەکەی ئاسمان حەقیە بەخیل بێت و فڕێدا مانگ و خۆر لەو دەمەی یار خۆی نواند و هاتە ناو هەیوانەکەی یار دەریخست ڕوومەتی خۆی، کۆمەڵی عاشق ئیتر لازمە ئێوە بزانن کەعبەیە سەربانەکەی حەقیەتی ئەو شۆخە ئیمزا دابنێ: جەللادی دڵ ئەی دڵ و گیانم فیدایی توڕڕە و عینوانەکەی وەختی وەسڵە گەه بە توندی، گەه بە خەندە و پێکەنین دڵ ئەلاوێنێ چ خۆشە خەندە و گریانەکەی یار ئەگەر بێت و بڵێ زوححاکی تازەم حەقیەتی شاهیدن بۆ موددەعای دوو ئەژدەهای سەر شانەکەی موژدەیە مەجنوون کە لەیلا هاتووە بۆ تەجروبەت تا بزانێ چۆنە حاڵی عاشق و دێوانەکەی جەژنە لای عاشق کە مەعشووقەی بە ناز و پێکەنین دێتە سەیری تا بزانێ، چۆنە قوڕپێوانەکەی موو لە پەنجەم بێتە دەر گەر دەست ببەم بۆ پیاڵە من گەر ببێ دەستم کەوێ دوو مەمکی وەک فنجانەکەی خوێنی چاوی کوردەکانە بۆ وەتەن شیوەن ئەکەن بۆیە وا لێڵاو و سوورن تانجەرۆ و سیروانەکەی وەعدەیی دابوو کە دڵ خۆش کا سەراسەر قەومی کورد حەیفی کرد وا زوو شکاندی وەعدە و پەیمانەکەی مەزهەب و دینی لە قەبرا لێی بپرسن وا ئەڵێت خاکی کوردستانە ئەحمەد مەزهەب و ئیمانەکەی ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئەبێ ئێستە خەریکی بادەنۆشین بم لەبەر شادی ئەبێ ئێستە خەریکی بادەنۆشین بم لەبەر شادی کە یار ئەتوانێ بێتە کولبەیی عاشق بە ئازادی دڵم سەد پارە بێ یاڕەببی گەر بێت و لەبیرم چێ لە مردندا فەرامۆش کەم شەهادەت گەر نەکەم یادی بە نووکی تێشەیی ناخون لەسەر سینەم بەیادی تۆ ئەکێشم نەقشی شیرین حەیفە گوم بێ نەقشی فەرهادی چ فیرعەونێکە دولبەر بۆ جەفا نەمروودە شاگردی لە کوێ فێر بوو خوایا عیلمی سیحر و مەکری شەددادی مەکەن باوەڕ ڕەفیقان گەر ڕەقیب لوتفی لە حەقتان بێ چلۆن چاکەی لەدەست دێ شەخسی پیس و سوفلە و عادی وتی ئەحمەد ئەگەرچی پیری تۆ هێشتاکوو شاگردی تەماشا کە چلۆن بردم دڵی زارت بە ئوستادی ++++++++++++++++++++++ سەرناو: دڵی خوێناوە بولبول بۆ لەبی وەک لەعلی ڕوممانی دڵی خوێناوە بولبول بۆ لەبی وەک لەعلی ڕوممانی لە باڵایی ئەوا پەستە قەدی سەروی گوڵستانی بە ئیمای چاوی حاڵیی کردم ئەیفەرموو مەگەر بمری تەنەززول کەم کە بێمە سەر مەزاری تۆ بەمیوانی قەزا ئەم فرسەتەی دام چوومە بەر دەرگانەکەی ئەمڕۆ سەر و ژێری زوبانی هەر جنێو بوو بۆ ڕەقیبانی بەویش حەتتا بەخیلیم برد کە جوێنی دا بە ئەغیاری نەسیبی من نەبوو ئەو جوێنە تا خۆم کەم بە قوربانی وتم حاڵت چلۆنە هامجەلیست کێیە ئەو فەرمووی دیارە هەر دڕک هاودەمیە گوڵ، بۆچ شێتی، نازانی؟ گەدایی و سواڵکەری بەر ماڵەکەی، دەستم کەوێ ڕۆژێ خوا نەیکا کە من بیدەم بە تەخت و تاجی سوڵتانی دڵی سەودازەدەی ئەحمەد گرفتاری کەسێکە وا کە دی وا حەڵقەحەڵقە زوڵفەکانی کەوتە سەر شانی ++++++++++++++++++++++ سەرناو: دەمێکە یار کە ناپرسێ لە حاڵی عاشقی زاری دەمێکە یار کە ناپرسێ لە حاڵی عاشقی زاری لە بیری چۆتەوە چەن وەختە وا عەبدی وەفاداری لە لام وابوو کە یارێکی وەفادار و وەفاجۆیە بەسەهوا چووم و نەمزانی وەهایە ڕەسم و ئەتواری ئەگەرچی بێ وەفا و مەیلە، بەڵام ڕۆح و دڵم سەد جار بە قوربانی نیگاهی دیدە و لێوی شەکەرباری ئیتر بۆ چیمە من ئیمان و دین و مەزهەب و ئایین ئەگەر دەستم کەون حەڵقەی چەلیپای زوڵفی زونناری لەلام بێ قەدرە من بۆنی وەنەوشە و یاسەمین ئەمڕۆ کە دێتە بەر خەیاڵم پەرچەمی وەک موشکی تاتاری نیشانەی خوێنی ئاڵی عاشقی کوژراوی ئەو یارەن سەری پەنجەی حەنایی و لیباسی سووری گوڵناری وتی ئەحمەد لە عیشقا ئێستە وا مەشهوورە ئوستادی تەماشا کە چلۆن بردم دڵی زارت بە عەییاری ++++++++++++++++++++++ سەرناو: سەبا عەرزی خلووس و بەندەگیم و هەم دوعاخوانی سەبا عەرزی خلووس و بەندەگیم و هەم دوعاخوانی ببە بۆ خزمەتی شاهی موحیتی گشت سولەیمانی بڵێ قوربانی تۆ بم ئەی سەلاحەددینی ئەییوبی بە زۆری پەنجە وەک حەیدەر، بە سیما یۆسفی سانی لە دەست کافر نەجاتمان بوو، بیحەمدیللاهی وەلمیننە لە سایەی دەست و تیغ و هیممەتی تۆ شێری یەزدانی خوداوەندا بە لوتفی خۆت لە چاوی بەد بە دووری کە بە جاهی سەییدی مورسەل، بە ڕۆحی شاهی گەیلانی لە پاش ئەم ئیحتیراماتە، بڵێ بەو شاهی دەورانە چ جورمێکی هەیە ئەحمەد، کە کردووتە بە زیندانی ئەگەر شایەد لە خزمەتتا خراپەی ئەو بووە سابیت بە لوتفی خۆت عەفووی کە چونکە هەر خۆت ساحەب ئیحسانی کە جورمێکی نییە تا کەی، لە حەپسا دانیشێ قوربان لە تەنهایی لە فیکری چۆتەوە ئادابی ئینسانی ئەگەر داوای کەفیلی لێ ئەفەرمووی حازرە، یاخود موڵک تەئمین ئەکا سەد جار، بە ئایین و بە ئیمانی هەتا مردن، وەکوو بەندە، لە خزمەت شاهی کوردستان حەیاتی خۆی فیدا کا بۆ هەموو ئەمرێک و فەرمانی من ئەم حەپسەم لەلا فەخرە، بە شەرتێ سەروەری کوردان لە حەق ئەم بەندەیەی خۆیا، بمێنی لوتفی جارانی بە زاتی پاکی بێ هەمتا، بە نووری ئەحمەدی مورسەل جەنابت سوێند ئەدەم قوربان، بە گشت ئایاتی قورئانی بە لوتف و مەرحەمەت ئەم بندەیەی خۆتە عەفوو فەرموو ئەتۆ سەرفی نەزەر فەرموو، لە جورم و سەهو و نیسیانی لە لوتفی تۆ زیاتر هیچ پەیامێکی نییە موختار بە کاری هیچ نەهاتن دۆستەکانی خزم و خوێشانی ++++++++++++++++++++++ سەرناو: پەشۆکا دڵ کە دی زوڵفی پەشێوی کەوتە سەر شانی پەشۆکا دڵ کە دی زوڵفی پەشێوی کەوتە سەر شانی یەخەی خۆی دادڕی گوڵ هەر کە دی چاکی گریبانی شوکور وا جەژنی قوربانە لەسەر فەرموودەیی دولبەر وەکوو مەڕ بۆ بەڵاگەردانی ئەو ئەمکەن بە قوربانی دڵی سووتاوە وەک من خاڵی لەعلی لێوی ڕەنگینی بەڵێ بەختی ڕەشە وەک من سەری زوڵفی پەرێشانی گەڵاڕێزانی کرد گوڵ هەر کە دەرکەوت ڕوویی ڕەنگینی لەبەر باڵای ئەوا کەوتۆتە سوجدە ڕوویی بوستانی ئەمە چەن وەختە مەست و سەرخۆشم بێ نەشئەیی بادە لە ڕۆژێکۆ کە دیومە دیدەیی مەخمووری فەتتانی ڕەفیق هیچ غەم مەخۆ، خۆش ڕابوێرە، فرسەتە ئێستە بزانە تۆ لە دنیادا لەبۆ چەن ڕۆژێ میوانی لە زیندانا هەتا ڕۆژی قیامەت دائەنیشت عاجز ئەگەر ڕووی تۆی ئەدی بۆ یەک دەقیقە شۆخی کەنعانی دڵ و دینت فڕاندم، ڕۆحی شیرینیش ئەبەی جانا لە بەختی ئەحمەدا چەن ڕۆژە زۆر مایل بە تاڵانی ++++++++++++++++++++++ سەرناو: چەرخی بەد تا کەی لەبەر من فیتنە و غەوغا ئەکەی چەرخی بەد، تا کەی لەبەر من فیتنە و غەوغا ئەکەی بۆ لەبەر من هەردەمێ دەرگاهی میحنەت وا ئەکەی ئەختەری ئینسانی ئەحمەق شەو لە شەو ڕووناک ئەکەی ڕۆژی بەختی عاقڵان تاریک و هەم ئاوا ئەکەی پێم بڵێ تۆ بۆچ ملی کەر پڕ لە تەوقی زەڕ ئەکەی عاقڵی بێچارە بۆ چی دایمەن ڕیسوا ئەکەی سەیری بەختی نەحسی من کە هەر گورێزانی لە من دڵبەرا تۆ بۆ چی مەشقی ئاهوویی سەحرا ئەکەی دڵبەرم فەرمووی ئەگەر دەستت بگاتە باخەڵم تۆ بە تەحقیق هەر وەکوو مووسا یەدت بەیزا ئەکەی خۆ ئەگەر ئیمڕۆ منی بێچارە قەیسی عامیریم تۆش بەقوربان ئێستە ئوستادیی هەزار لەیلا ئەکەی تۆ بە خەندە و لێوی خۆت مردوو لە گۆڕ زیندوو ئەکەی دەک بەقوربانی دەمت بم موعجیزەی عیسا ئەکەی پێی وتم عاشق حەقیقەت شێتی چونکە ئێستەکە بادەیی چاوم ببێ مەیلی مەی و سەهبا ئەکەی قامەتی من حازرە، باسی قەدی شمشاڵ ئەکەی گەردنم مینایە تۆ بۆ ئارەزووی مینا ئەکەی خۆزگە ئەمزانی هەتا کەی تۆ بە ئیفسادی ڕەقیب ئەحمەدی بێچارەیی خۆت شێت و هەم شەیدا ئەکەی ++++++++++++++++++++++ سەرناو: کە من گوڵزاری ڕووی تۆم بێ لە سەیری گوڵستانم چی کە من گوڵزاری ڕووی تۆم بێ لە سەیری گوڵستانم چی قەد و باڵایی تۆ خۆش بێ لە سەروی بۆستانم چی کە عیشقی تۆ لە سەرمایە لە تانەی واعیزانم چی موقەددەر گەر نەبێ ئاخر لە میهری مەهڕوخانم چی لە ناڵەناڵی نیوەی شەو لە ئاهی بەربەیانم چی دڵم دایم لە عیشقی تۆ نیگارا مەست و حەیرانە هەمیشە کاری شین و ناڵە و ئەفغان و گریانە میداڵ و مەنسەبی ئەو ماچەکەی سەرکوڵمی جانانە نیشانەی ئیفتیخاری من لە سینەم داغی هیجرانە بڕۆ ئەی ناسیحی موشفیق لە ڕوتبە و یا نیشانم چی ئەوا دێوانە بووم قوربان لە عیشقی چاوی غەددارت شەکەر ئەرزان ئەکا ئیمڕۆ نیگار لێوی شەکەربارت لە باخی نێرگسی شەهلا نییە وەک چاوی خوممارت غەرەز وا بوو موقابیل کەم لەگەڵ گوڵ ڕەنگی ڕوخسارت وەگەر نە بێ قەدی سەروت لە سەروی گوڵستانم چی تو خوا قوربان عەفوو کە با کە من سەد جار گوناحم بێ خوا هەڵناگرێ تا کەی هەمیشە ئۆف و ئاهم بێ ئیتر شەرتێکە خاکی ژێری پێی تۆ من کولاهم بێ کە من میحرابی ئەبرۆی تۆ مەقامی سوجدەگاهم بێ ئیتر وەک زاهیدی خودبین لە مەوعیدی جینانم چی دڵم سۆراخ سۆراخە قەسەم بەو چاوەکەی کاڵت هیلاک و مەحو و بێ هۆشم لە عیشقی ڕوومەتی ئاڵت دە لوتفێ کە لەگەڵ مندا فیدای ئەو دانەیی خاڵت شەوم وەک ڕۆژی ڕووناکە لە شوعلەی ڕوومەتی ئاڵت بڵێ یەکبارە با ون بێ لە ماهی ئاسمانم چی مەحاڵە لەم دڵەم دەرچێ بە سەد دەرد و ئەلەم میهرت ئەگەر یەک زەڕڕە تۆ جانا لەگەڵ مندا نەبێ میهرت غوڵام و بەندەتم مەربووتە ڕۆحی من لەگەڵ میهرت بە نەیڕەنگی فەلەک جانا لە دڵما دەرنەچوو میهرت کە من یەک ڕەنگ و یەک نەوعم لە تەبدیلی زەمانم چی هەموو عومرم بەسەرداچوو دەمێ ماچم نەکرد کوڵمت دوو زوڵفت هەر وەکوو پەرژینی گوڵباخی سەری کوڵمت گەلێ بێ تاقەتە ئەحمەد لەبۆ ماچی سەری کوڵمت بە من قەت نادرێ تەفسیری ئایاتی سەری کوڵمت گرانە تاهیرا بۆ من لە تەعریف و بەیانم چی ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئەی دڵە بەسیە تەپ و کۆ چیتە ئارامت ببێ ئەی دڵە بەسیە تەپ و کۆ چیتە ئارامت ببێ تێپەڕی ئەو وەختە ئیتر دڵبەرا ڕامت ببێ سەرسەری و ئەوباش و بەدئەتواری وەک تۆ چۆن ئەبێ ببیە پیاوێکی زەریف و شوهرەت و نامت ببێ بولبولی دڵ تا بەکەی ناڵە و فوغانی بێ سەمەر زۆر مەحاڵ و موشکیلە شۆخی گوڵندامت ببێ چەرخی بەدبەختی وەهای هێناوە قەت مومکین نییە دڵبەر و ساقی و شەراب و موتریب و جامت ببێ چونکە عاشق تۆ شەهیدی تیغی ئەبرۆی دولبەری حەیفە گەر ترست لە ڕۆژی مەحشەری شامت ببێ چەندە خۆشە مورغی دڵ بۆ دانەیی خاڵت بچێ تا ئەبەد مەحبووسی بەندی حەڵقەیی دامت ببێ بەختەکەی تۆ نووستووە زەحمەت مەکێشە ئەحمەدا غەیری ئیمکانە لە دنیادا دەمێ کامت ببێ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: لەگەڵ دڵ شەرتی من وایە هەتا ڕۆژێ حەیاتم بێ لەگەڵ دڵ شەرتی من وایە هەتا ڕۆژێ حەیاتم بێ بەشی ئەو دەرد و غەم بێت و منیش ماتەم خەڵاتم بێ بە تەختی قەیسەر و کەیخەسرەوی نادەم ئەگەر دولبەر قبووڵم کا بە بەندەی خۆی لە جێی مووچە و بەراتم بێ ئەگەر ماچی دەمی ڕۆژێ خوا بیکا بە قیسمەت بێ بە زەهرم بێ ئەگەر من ئارەزووی نوقڵ و نەباتم بێ وتم ئەی بت لە لام پەشمن هەموو ئایین و دینێ من بە یادت ڕەنگە مەیلی پەیڕەوی عوززا و و لاتم بێ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: موژدە لەوە زەریفتر و چاتر لە کوێ ئەبێ موژدە لەوە زەریفتر و چاتر لە کوێ ئەبێ یار پێت بڵێ مەرامی دڵت جێ بە جێ ئەبێ ماچی دەمت ئەگەر بە نەسیبی بکا خودا عومرم کە تێپەڕیوە دیسان سەرلەنوێ ئەبێ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: هەدەف مەعلووم نییە دڵ وێڵ و سەرگەردانە بۆ یارێ هەدەف مەعلووم نییە دڵ وێڵ و سەرگەردانە بۆ یارێ خوایا سا نەسیبی کەی پەری ڕوویێکی عەییارێ ئەزانی بۆ چی کەچخوڵقم لە عالەم هەر گورێزانم ئەمە بەینێکە وا لێم گووم بووە شۆخێکی غەددارێ بەهاران دایمەن هەر سوجدە بۆ نێرگس ئەبەم وەک شێت کە چونکە پێوەیێتی شێوەیی چاوێکی بیمارێ زوبانی حاڵی بولبول هەر ئەڵێ ئەی گوڵ فیدای تۆ بم ئەگەر مومکین نییە وەسڵت بە دیاری بمدەرێ خارێ ئەگەر یادی سەری زوڵفت لەبیرم دەربچێ جانا لە سەحرای عیشقی تۆدا بمگەزێ یاڕەببی ڕەشمارێ حەیات لام پەشمە، مردن شادیی و کەیفە لەلام ئەمڕۆ خوا بیکا ئەگەر بێت بۆ مەزارم یارەکەم جارێ نەما ئیمان و دینی قیبلەگاهی کەچ بووە ئەحمەد لە تاقی ئەبرووانی دڵبەرێکی شۆخ و نازارێ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئەم دڵەم وا دیارە مەیلی ڕووی گوڵی یاری هەیە ئەم دڵەم وا دیارە مەیلی ڕووی گوڵی یاری هەیە بولبولئاسا بۆیە دایم ناڵە و زاری هەیە گەر لەدەس جەوری ڕەقیبان من بناڵم حەق نییە چونکە مەعلوومە کە گوڵ بوو، دائیمەن خاری هەیە وا لە عیشقی پەڕتەوی سەر کوڵمی ئاڵت چاوەکەم سینەکەم شوعلە و بڵێسەی کوورەیی ناری هەیە فەرموو بێرە حوجرەیی دڵ خەڵوەتە بۆ بەزمی تۆ غەیری تۆ قوربان نە نامەحرەم نە ئەغیاری هەیە ئەشکی چاوم وا لە حەسرەت لەعلی لێوت دەمبەدەم جارییە و سوور و سوێرە، ڕەنگی گوڵناری هەیە دڵ لە خەوفی زوڵفی تۆ بۆ گەنجی ڕووت ڕێگەی نییە چونکە دەوری ئەو تەلیسمە جووتێ ڕەشماری هەیە ئەحمەدی بێچارە بۆ وەسڵت ئەناڵێ ڕۆژ و شەو ڕەنگی زەرد و ئاهی سەرد و قەلبی بیماری هەیە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئەمشەو لە غەمی تۆ دڵەکەم زار و زەبوونە سەبارەت: بۆ عەلی کەمال ئەمشەو لە غەمی تۆ دڵەکەم زار و زەبوونە مەجڕووحە دڵم دیدە کە ئاڵوودە بە خوونە ئەلفی قەدەکەم ئێستە لەبەر حەسرەتی باڵات وا خەم بووە گیانا کە ئەڵێی حەڵقەیی نوونە ئەو تاو و شەرارەی کە ئەڵێن وا لە سەقەردا عوشرێکە لە میعشاری گڕ و سۆزی دەروونە هەڵسە وەرە لای عاشقی سەرگەشتەیی وێڵت سەیری کە، کە چەن شێت و چ سەرخۆش و جنوونە بنواڕە چ غەڕڕایە «کەماڵی» هەموو شیعرم عەیبی منی بێچارە بە خوا پارە نەبوونە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئەو زیایە وا لە دوور دیارە مەقامی دڵبەرە ئەو زیایە وا لە دوور دیارە مەقامی دڵبەرە یا وەکوو شەوقی جەماڵی ئەو مەهی سیمینبەرە بۆ جگەر لەتکردنی عوششاقی موژگانی سیای ناوکی تیرە وە یاخۆ نووکی تیژی نەشتەرە ئەبرووە یا قەوسە یا باڵی هومایە پێم بڵێ سەیفی خونڕێزە هیلالە دڵبەرا یا خەنجەرە دوودی ئاهی سینەکەم ئەمشەو لە هیجرت چاوەکەم وا سەری گرتووم گەلێ زیاتر لە دوودی مەجمەرە فەرموو تەشریف بێنە کولبەی عاشقت ئەمشەو بە ناز حازرە بۆ بەردەبازی ڕێگەیی تۆ ئەم سەرە قەت بە بۆنی زوڵفی تۆ نابێ گوڵاڵە و یاسەمەن عەتری توڕڕەی تۆ نە وەک عوودە نە میسلی عەنبەرە لالەزارە دامەنم، جانا بە خوێنی ئاڵی ئەشک وەختی سەیران و تەماشایە دەخیلت بم وەرە خۆی لەسەر ڕوخساری جانانە لە بەرچاوم ئەڵێی هەر لەسەر بەرگی گوڵە شەبنم، لەسەر ماه ئەختەرە سەیفە یا قەوسە وە یا باڵی هومایە پێم بڵێ یا هیلالی یەکشەوە یا تاقی ئەبرۆی دولبەرە ڕوومەتت بەدرە ملت مینایی سافە بێ غەشە دەم قوتووی دانەی دوڕی دەریایە لێوت شەککەرە چای زەنەخدانت بڵێم وەک زەمزەمە زەممی ئەکەم ئەبرووت زیاتر لە تیغی دەستی تووسی نەوزەرە وا بە عومری جوانەوە پیر بووم قەدم خەم بوو لە غەم دڵبەرا دووربینی چاوم ئێستە ئەم سەر ئەو سەرە نائومێد و بەش بڕاو ئەحمەد لە دنیادا ئەتۆی نەخلی ئوممێدی مورادی تۆیە دایم بێ بەرە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئەی حەسەن ئەم کاغەزەم تەبریکی عەیش و شادییە سەبارەت: بەبۆنەی ژنهێنانی خوشکەزای شاعیر، حەسەن فەهمی بەگ کوڕی عەلی بەگی مەحموود پاشای جافەوە ئەی حەسەن ئەم کاغەزەم تەبریکی عەیش و شادییە پڕ لە مەعنایە ئەگەر چی بۆ موبارەکبادییە کەیفە، بەزمە، دەنگی سازە، ناڵەیی عوود و نەیە جەژنە ئەمڕۆ، ماچ و مووچە، مەوسیمی ئازادییە هەر کەسێ لەم ڕۆژەدا بێ دەنگ و عاجز دانیشێ ئەحمەق و شێتە بە جیددی ئیشی ئەو گەووادییە نووکی تیرت بۆ چی کول بوو، تیغی تیژت بۆ شکا چی لە تۆ ڕوویدا بڵێ پێم بۆچ سوپەر فوولادییە ڕەنگ سپی بوون لەرزە لەرزی دەست و ئەژنۆ پێم بڵێ قاعیدەی تۆیە وە یا خوود شێوەیی دامادییە سا 'حەسەن' ئەمشەو وەکوو پیاو دەس بە شیر و تیغی تیژ ئیستیلا کە زووبەزوو ئەو قەلعەیی شەدادییە دوڕسمین و مووشکافی تۆ ئەگەر نازانی خۆت ئەحمەدی خاڵۆت هەمیشە پیشەیی ئوستادییە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: باعیسی کەیف و سرووری من شەراب و بادەیە باعیسی کەیف و سرووری من شەراب و بادەیە مایەیی ژین و حەیاتم ساقی پێکی سادەیە ئەشکی چاوی من شەڕابە، قەلبی زارم وەک کەباب فەرموو تەشریف بێنە جانا بەزمەکەت ئامادەیە نایەوێ ئەسڵەن ڕەفیقی من نیگاری نازەنین من فەقیر و ڕووت و قووتم، ئەو نەوەی شازادەیە خوێنی سیاوەحشە بە قوربان ماچی لێوی ئاڵی تۆ چی بوو تا کەی نابڕێتۆ ڕۆحەکەم ئەم مادەیە هێندە عاجز بوو لە من ئەو شۆخە ڕووی گێڕایەوە بوو بە هاوڕازی ڕەقیب ئیشم گەیشتە ڕادەیە گیانەکەم قوربانی تۆ بم تۆ بە شمشێری برۆت بیکوژە ئەحمەد ئەگەر چی مردنی بێ وادەیە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بانگی کوردستانە وا دنیایی ئیحیا کردەوە سەبارەت: بۆ ڕۆژنامەی بانگی کوردستان نووسراوە بانگی کوردستانە وا دنیایی ئیحیا کردەوە زامی قەلبی کوردی بێچارەی موداوا کردەوە باعیسی پێشکەوتنی ئەم قەومەیە ئەو مەتبەعە ئەلحەق ئەمڕۆ خاکی کوردستانی زێبا کردەوە سەد شوکور وا لەشکری عیرفان و عیلم و عاقڵی شاری پڕشۆری جەهالەتیان کە یەغما کردەوە لایقی تەحسین و فەخری قەومی کوردە چونکە وا ئەم جەریدە پیر و فەرتووتیشی بوڕنا کردەوە بانگ و هاوارێکی بەرزە بانگی کوردستان ئەکا مێشکی دنیای پڕ لە دەنگ و شۆر و غەوغا کردەوە ژەنگ و تاریکیی جەهالەت وا لە دڵدا دەردەکات قەلبی مەحزوونی هەموو کوردی موسەففا کردەوە لاچووە تاریکییی هەوری جەهالەت ئێستەکە نەجمی ئیقباڵی هەموو کوردانی ڕەخشا کردەوە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بۆچ زەمانە هەر لەگەڵما مەیلی غەدداری هەیە بۆچ زەمانە هەر لەگەڵما مەیلی غەدداری هەیە بۆچ فەلەک دایم خەیاڵی مەردوم ئازاری هەیە زاڵمە بێ مروەتە خەسمی کەسانی عاقڵە فیتنەیە ئەو کافرە هەر مەیلی خونخواری هەیە من نەخۆش و خەستە و زارم لە ڕۆژێکۆ کە وا چاوی مەخمووری نیگارم مەیلی بیماری هەیە من خەیاڵی گەردنی ساقی و مەی و بادەم بەسە خواجە هێند بێ عەقڵە هەر دەردی جلوباری هەیە تەرکی دین و مەزهەبم کرد من کە دیم زوڵفی نیگار حەڵقە حەڵقە و پێچ پێچە شکڵی زونناری هەیە تەرکی کە توخوا ڕەفیقیی زاهیدی بێ عەقڵ و هۆش چونکە ئەو شێت و نەزانە عیللەتی ساری هەیە خوێنی پاکی لاوی کوردانە ڕژاوە کێو و کەژ بۆیە وا ئێستاکە سوورە، ڕەنگی گوڵناری هەیە بۆ دڵم خۆش بێ بە ڕەنگی ئەم بەهارە فەسڵی ئەو من موحەققەقمە ئەمیش هەر شێوەکەی پاری هەیە شێت و شەیدا بە ئەگەر وەسڵی نیگارت مەتڵەبە دوژمنی ئەو شەخسە بە وا بەختی هوشیاری هەیە دەستەئەژنۆ قوڕبەسەر گریانە پیشەی ڕۆژ و شەو ئەحمەدی بێچارە عیشقی شیوەن و زاری هەیە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بێوەفا مارف بەجارێ بۆچ لەبیرت چوومەوە سەبارەت: بۆ میرزا مارفی شاعیرە بێ وەفا مارف بەجارێ بۆچ لەبیرت چوومەوە بۆ چی نازانی ئەمە چەن ڕۆژە من هاتوومەوە؟ ئەی نەفام چۆن شێر ئەسیری پەنجەیی ڕێوی ئەبێ؟ ! شاهبازت دیوە تا ئەمڕۆ بە چنگی بوومەوە؟ ! هاتمەوە بەڵکوو کە چەن وەقتێ لە غەم فارغ ببم چاوی فەتتانیم کە دی دیسان لەسەر خۆ چوومەوە ئەهلی ئەم شارە لە وەقتێکۆ کە تۆ ون بووی لە من مات و بێ دەنگن بە شێخ و جوولەکە و مالوومەوە زۆر ئەترسم تۆ نەبینم یا بڕۆمۆ چاوەکەم ناموراد و دەربەدەر بم بەم دڵەی مەحروومەوە پێی وتم ئەحمەد لەبەر چی قامەتت وا خەم بووە بۆ چی ئێستاش وای بە داخی تاقەکەی ئەبروومەوە؟ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بە بەردی فیرقەتت شیشەی دڵی بێچارە مەشکێنە بە بەردی فیرقەتت شیشەی دڵی بێچارە مەشکێنە لەناو زومرەیی ڕەقیبان عاشقی ئاوارە مەشکێنە ئەگەر ڕۆح و دڵ و ئیمان تەڵەب کا بیدەرێ عاشق کە تیفل و خوردساڵە قەت دڵی ئەو یارە مەشکێنە دەخیلم ئەی نەسیمی سوبحگاهی مەسکەنی دڵمە پەرێشانی مەکە تۆ زوڵفی ئەو نازدارە مەشکێنە بە قەتڵ و کوشتنت موختارە عاشق شۆخی شیرینت لەسەر ڕۆح و دڵت فەرمانی ئەو سالارە مەشکێنە کە من پەروانەیی شەمعی سەری دوو کوڵمی تۆم جانا دڵی ئەحمەد بە فیتنەی ئەو سەگی پەتیارە مەشکێنە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بە خوا شیشەی دڵم دایم لە بادەی عیشقی تۆ کەیلە بە خوا شیشەی دڵم دایم لە بادەی عیشقی تۆ کەیلە لە داخی سەروی باڵات ئەشکی چاوم هەر وەکوو سەیلە موحەققەق دڕک و داڵی دەشتی بەکراوا بە گوڵ نادەم کە چونکە جێگەیی ناز و خەرامی حەزرەتی لەیلە نیگار سالاری موڵکی نازکی و حوسنە لە عالەمدا لە زومرەی ماهڕوویانا شوکر ئەو ماهە سەرخەیلە ئیتر با قوڕبەسەر من دەستەئەژنۆ گۆشەگیری کەم ئەڵێن یاری دڵ ئازارم لە حەق ئەم بەندە بێ مەیلە لە سایەی تیغی ئەبرۆی تۆوە جێگەی جەننەتە ئەحمەد ڕەقیبی سەگ سیفەت الحمد لله مەسکەنی وەیلە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بە میراتی لە دڵمۆ داغی ڕەش بۆ لالە جێ ماوە بە میراتی لە دڵمۆ داغی ڕەش بۆ لالە جێ ماوە کە وەقتێ سەوز ئەبێ ئەو بۆیە وا ناو جەرگی سووتاوە بە سۆز و ناڵە دەنگی بولبولێ من دێتە گوێم ئەمشەو مەزەننە شیوەنی بۆ عاشقێکی تازە کوژراوە وتی شێتی کە باڵای من ببێ تۆ سەیری عەرعەر کەی لە جێیێ زوڵفی من بێ بۆ چی تۆ چاوت لە لاولاوە فیدای ئەو زوڵفە بم وەک سونبولی تەڕ سەر هەتا پێی تۆ لەدەوری قامەتی سەروت بە پێچ و حەڵقە ئاڵاوە سبەینێ چوویە باغ و خاڵی ڕووی تۆی دی خەجاڵەت ما وەنەوشە بۆیە ملکەچ ئێستە وا مەحزوون و داماوە چلۆن تەیری دڵم ڕزگار ئەبێ جانا لە دەستی تۆ کە خاڵت دانەیە و حەڵقەی ئەسیری زوڵفی وەک داوە تەمەننام کرد کە ماچێ تو کەرەم فەرمووی بە بەندەی خۆت وتی بێ دەنگ بە نابینی ڕەقیب لەولاوە وەستاوە وتم تا کەی لە حەق من چاوەکەم تۆ بێ وەفا و مەیلی وتی نازانی ئەحمەد ئێستەکە بێ مروەتی باوە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بەهارە ئەمڕۆ وا کێو و بیابان گشتی ڕەنگینە بەهارە ئەمڕۆ، وا کێو و بیابان گشتی ڕەنگینە هەموو فەڕشی چەمەن ئێستە لە دیبائی ڕەیاحینە گوڵە، گوڵباغە، سەوڵە، نێرگسە، شمشادی بوستانە وەنەوشە و شەستپەڕ و گوڵ ئاتەشین و سەرو و نەسرینە هەموو کەس دەستی یاری خۆی لەناو دەستا لە گوڵزارا بە دەنگی بەربوت و چەنگۆ خەریکی بادەنۆشینە بەغەیرەز من نەبێ ئەمڕۆ لە گۆشەی حوجرەیی تاریک هەمیشە دەستەئەژنۆم و بەشم گریان و هەم شینە گرفتارم بە دەردی عیشقی دڵدارێ کە وا ئەمڕۆ بە خوێنی عاشقان دایم بەری پێی سوور و ڕەنگینە لە عیشقی یاری غەدداری دڵئازارم هەموو ئانێ ڕوخم زەرد و سەرم گێژ و دڵیشم مات و غەمگینە دڵم بۆ باغی ڕووی ئەو بولبولئاسا زۆر پەشێو حاڵە ڕەهی مەسدوودە چونکە زوڵفەکانی میسلی پەرژینە لەبۆ سەیدی دڵی عاشق هەمیشە ڕشتەیی زوڵفی شکەنج و پێچ و تاب و حەڵقەحەڵقە و پڕ خەم و چینە ئەمن ئەمڕۆ لە عیشقا جێنشینی تەختی فەرهادم نیگاری نازەنینیشم لەسەر ڕەفتاری شیرینە ئەگەرچی تۆ نەخۆش و زار و بیماری ئەما ئەحمەد لە لەعلی لێوی یار ماچێ لەبۆ ئەم دەردە تەسکینە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: تۆ کە یارم بی ئیتر غیلمان و حوورم بۆ چییە تۆ کە یارم بی ئیتر غیلمان و حوورم بۆ چییە ڕوو ئەگەر دەرخەی تەجەللای کێوی توورم بۆ چییە ناڵەیی سینەم وەکوو نەی، سەر وەکوو سەمتوورە بۆت من بە غەم شادم ئیتر کەیف و سروورم بۆ چییە گەر خوا بیکا موتاڵای موسحەفی ڕووی تۆ بکەم دڵبەرا ئینجیل و تەورات و زەبوورم بۆ چییە گەردنی سافت لە پێش چاوم ئەگەر بێ جیلوە کا کافییە بۆ من ئیتر مینا و بلوورم بۆ چییە بێ وجوودی تۆ لەلام وەک دۆزەخە باخی جینان گەر نەبێ تەشریفی تۆ من شارەزوورم بۆ چییە چی ئەبێ جارێ بڵێی تۆ بەو ڕەقیبەت دولبەرا لاچۆ سەگباب بەسیەتی کەلبی عەقوورم بۆ چییە سەیری کەن یارم کە من لەم شارە ڕۆییم پێم ئەڵێت تۆ بەسەر چوویت تێپەڕیت من یاری دوورم بۆ چییە قامەتت بۆ من وەکوو ڕۆژی قیامە چاوەکەم ئەحمەد ئیتر حەشر و نەشر نەفخی سوورم بۆ چییە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: خاڵی ڕووت داخی دڵی زامار و بیماری منە خاڵی ڕووت داخی دڵی زامار و بیماری منە ڕوومەتت گوڵ، قامەتی تۆ سەروی جۆباری منە ئەی تەبیب بۆ چی موداوای زامی جەرگی من ئەکەی باعیسی ژین و حەیات و سیححەتم یاری منە پێی وتم عاشق لە گەنجی حوسنی من بەهرەت نییە پاسەوانی ئەم تەلیسمە زوڵفی ڕەشماری منە من وتم دولبەر لەبەر چی لالە دڵ خوێنینە وا پێی وتم عاشق بە لێوی ئاڵی گوڵناری منە ئەی ڕەفیقان، گەر ئەپرسن ئەم برینانە چییە تیرەبارانی نیگاهی شۆخی غەدداری منە لابە توخوا عوود و عەنبەر، باعیسی دەردیسەرە بۆنی زوڵفی ئەو نیگارەم موشکی تاتاری منە مردن و سووتان و قوڕپێوان وەزیفەی ئەحمەدە تەرکی سەرکردن لە عیشقا چاوەکەم کاری منە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: خوا چی بکەم لەدەس جەور و جەفای ئەو شۆخە بێباکە خوا چی بکەم لەدەس جەور و جەفای ئەو شۆخە بێباکە چ دڵڕەنجێن و غەددارە چ مەحبووبێکی سەففاکە وتم بەو تیغی ئەبرۆتە دڵم لەتلەت بووە قوربان کەچی فەرمووی ئەگەر بیشتکوژم تۆ هەر بڵێ چاکە لە عیشقی خوبڕوویان مەنعی من هەرگیز مەکە واعیز بە دەستی خۆم نییە بەخوا ئەمە دەردێکی زگماکە بەڵێ بازاڕی دەهرە وا یەکێ سۆفی یەکێ شێخە یەکێ جێگەی خەراباتە یەکێ بێهۆشی تریاکە بەسەر شانا کە وەختێ ڕادەکێشێ زوڵفی پڕچینی لە پێش چاوی منی سەودازەدە وەک ماری زوححاکە دڵم دەرهات و ئەو دڵدارە بێ ڕەحمە نەهات ئەمشەو چ بەختێکی ڕەش و نەحسم هەیە توخوا تەماشا کە لە ڕۆژی حەشر ئەگەر خوێنم لە تۆ داوا بکەن جانا فیدای ئەو لێوە بم شاهید نییە لەو جورمە حاشا کە لە دنیادا ڕەفیقیی پیاوی کەر هەرگیز مەکە ئەحمەد لەدەست ئینسانی جاهیل تا قیامەت پڕ بە پێ ڕاکە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: خەڵقە وا فەسڵی بەهارە و من گەڵاڕێزانمە خەڵقە وا فەسڵی بەهارە و من گەڵاڕێزانمە پیرم و تازە تەمەننای وەسڵی گوڵڕوویانمە وا مەزانە ڕۆحەکەم تەنهام لە کونجی عوزلەتا عەکسی ڕووی تۆ مەجلیسئارا و زینەتی ئەیوانمە بەسیەتی زاهید حیکایەی جەننەت و ڕۆژی جەزا بەرگی خوێنینم نیشانە و حوججەتی غوفڕانمە تەرکی کەم چاکە بەهەشتی بەزمی جانانە ئیتر چونکە وەک ئادەم ڕەقیبی سەگسیفەت شەیتانمە ئەی نیگاری بێ وەفا ئەی شۆخی هەورامی نەسەب دوور لە تۆ کەی مەیلی گەشتی گوڵشەنی تارانمە قامەتم گەر وا خەمە و حاڵم پەرێشانە ڕەفیق تێبگە تەمسیلی ئەبرۆ و پەرچەمی جانانمە گەر بڵێی دەستم کەوێ من خاکی بەر دەرگانەکەت کەی هەوای تەخت و سەریری قەیسەر و خاقانمە هەرکە دیم شەونم لەسەر ڕوخساری گوڵ دوێنێ لە باغ یادی ڕووی تۆم کرد و بۆیە ئارەزووی گریانمە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: دوو دیدەیی مەخموورت غارەتگەری ئیمانە دوو دیدەیی مەخموورت غارەتگەری ئیمانە بۆ زوڵفی پەرێشانت حاڵم چ پەرێشانە بۆ عاشقی بێچارەت وەک ڕۆژی حەشر وایە گەر بێت و دەمێ دەرخەی ئەو سوبحی گریبانە وەک خاکی ڕەهت جانا کەوتووم لە سەری ڕێگەت شایەد کە بە سەرما بێت ئەو گەردشی دامانە ئەم سەرمە لە مەیدانە گۆی بازییە ئەی دولبەر چونکە کە سەری زوڵفت وەک حەڵقەیی چەوگانە هەر چەندە وجوودی من سووتاوی غەمی تۆیە ماچی لەبی ڕەنگینت بۆ من وەکوو دەرمانە دایم لە غەمی باڵات دوو دیدەیی خوونبارم نمناکە فیدای تۆ بم هەر پیشەیی گریانە تۆ پادشەهی حوسنی ئەی ئافەتی جان و دڵ عاشق وەکوو مەملووکت ئامادەیی فەرمانە فەرمووی بە من ئەی ئەحمەد حازر بە لەبۆ کوشتن ئازاد بە لە دەرد و غەم وا مەوسیمی قوربانە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: دوێنێ دڵبەرێکم دی کە وەک شمشادی بوستانە دوێنێ دڵبەرێکم دی کە وەک شمشادی بوستانە سوئالم کرد کە بۆ چی ڕووت ئەڵێی مانگی درەخشانە ئەوە مەمکە وە یا نارنجە یا سێوی خوراسانە ئەوە ڕووتە وە یا مانگە وە یا خورشیدی تابانە ئەوە موژگانی تۆیە یا وەکوو تیرێکی دڵدۆزە ئەوە باڵایی تۆیە یا بە قوربان سەروی بوستانە ئەوە دەمتە نیگار یا نوقتەیی مەوهوومە ئەی دولبەر ئەوە لێوە وە یا یاقووتە یاخۆ قووەتی جانە ئەوە زوڵفی ئەتۆیە وا لەدەوری ڕووت ئەدا حەڵقە وە یاخۆ زوڵمەتی کوفرە لەدەورەی نووری ئیمانە ئەمن بولبول، ئەتۆ گوڵ، سا بکە ڕەحمێ بە حاڵی دڵ لە داخی خاڵی ڕووی تۆ حاڵەکەم یەکجار پەرێشانە سەرم وەک گۆ لە جێگەی بازییا داناوە ئەی جانا سەری زوڵفت لەبۆ چەوگانی بازی میسلی چەوگانە بە حەرفی موددەعی قوربان لە من عاجز نەبی چاکە ڕەقیبی سەگسیفەت حیلە و دەسیسەی میسلی شەیتانە دڵم هاوینسیفەت بۆ دیدەنیی یار گەرمە ئەمڕۆ من ئەما یارم لەئاستی من ئەڵێی سەرمایی زستانە مەدوو ئەحمەد بەخۆڕایی، لە تەعریفی نیگاری خۆت هەموو عالەم ئەزانێ دڵبەرت سەرخێڵی خووبانە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: دڵبەرم دیسان لەگەڵ من عاجزی و قینی هەیە دڵبەرم دیسان لەگەڵ من عاجزی و قینی هەیە بۆیە دیدەی ئەشکبارم ئارەزووی شینی هەیە ئەو گوڵاڵەی وا لە کێوی بێ سنوورتا سەوز ئەبێ چەن لەتیف و ئاڵە ڕەنگی لێوی شیرینی هەیە ڕوومەت و خاڵت لە پێش چاوم نیگاری نازەنین هەر لە عەینی ڕەنگی ماه و شکڵی پەروینی هەیە من کە دیم تاقی دوو ئەبرۆی قیبلەگاهم کەچ بووە تازە بۆ من زاهیدیش ئوممێدی ئایینی هەیە ڕوومەتی تۆ باغە ئەمما بۆ دڵی بولبول سیفەت مەنعە بۆی چونکە لە زوڵفت دەوری پەرژینی هەیە سەیری چەن شێتە تەبیب ئێستا موداوای من ئەکا من کە کوشتەی دەستی تۆم ئەو ئارەزووی ژینی هەیە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: دڵبەرێکم هەیە سیمینبەر و خۆش ڕەفتارە دڵبەرێکم هەیە سیمینبەر و خۆش ڕەفتارە چاوی وەک نێرگسی شەهلا هەموو دەم بیمارە ئەبرویی قیبلەیە، خاڵی حەجەرولئەسوەدە ئەو پەرچەمی میسلی سەلیب، زوڵفی ئەڵێی زوننارە ڕووی گوڵەباخە نیگارم بە خوا حەیفە کە ئەو هاوڕەفیقی شەو و ڕۆژی دڕک و هەم خارە ساحەبی عیشوەیە غارەتگەری ئیمانی مەیە دڵڕەق و زاڵمە بێ میهر و وەفا و عەییارە ڕوویەتی ئاهویی چین و نیگەهی ئافەتی دین دەمی وەک فندق و لێوی هەر ئەڵێی گوڵنارە بۆ فریبی دڵی ئەحمەد هەموو دەم ئەو شۆخە حازرە یاڕەبی، ئەو دڵبەرە چەن مەککارە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: دڵی زارم بەدایم بەستەیی زنجیری گیسووتە دڵی زارم بەدایم بەستەیی زنجیری گیسووتە وجوودی وەک کەتانم لەت لەتی شوعلەی مەهی ڕووتە دڵم دایم کە وا زامارە ئەی شۆخی دڵئازارم هەمیشە خەستە و مەجرووحی شمشێری دوو ئەبرۆتە وەکوو شەمع ئەر دەمێ ئەگریم و گاهێ وام لە شەوقا من هەموو سیحر و دەسیسەی عیلم و مەکری چاوی جادووتە لە بازاڕی مەحەببەتدا من ئێستا زۆر بە سەرمایەم ڕەقیبی سەگ سیفەت ئەلحەمدولیللا ئێستە تابووتە بچۆ بیمارخانەی عیشقی ئەو شۆخە تەماشا کە لەلایێ ناڵە و دەنگی نەخۆشە، لایێ تابووتە ئەگەر سەد ساڵ جەفا کەی دڵبەرا من بەندەفەرمانم کە چونکە من ئەزانم دائیمەن بەدخوویی هەر خووتە نیگارم تووتییە بۆ خۆشزوبانی و لەنجە و عیشوە ئەما حەیفێ کە ئەو شۆخە لەگەڵ زاغی سیا جووتە ئەگەر ئەحمەد بەدایم عاشقی مەجنوون سیفەت ڕووتە مەکە مەنعی هەموو تاوانی شەوق و شوعلەیی ڕووتە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: دڵی وەک هوزاری حەزینی من شەو و ڕۆژ بە ئاه و ناڵەیە دڵی وەک هوزاری حەزینی من شەو و ڕۆژ بە ئاه و ناڵەیە بە ئومێدی چاوی مەستی تۆ، بەتەمای مەی و پیاڵەیە لە غەم و فیراقی قامەتت، لە دوو چاوی پڕ لە خوێنی من کە بەخوڕ هجووم ئەکا سروشک وەکوو ئاوی کانی نەواڵەیە بە نیگاه و غەمزەیی دولبەرم کە ئەڵێی غەزاڵی خەواڵووە سەبەب چییە بە ڕۆژ و شەو کە ڕەفیقی ئەو گەماڵەیە مەهی ئەوجی ناز و نیعمەتە شەهی موڵکی عیزز و شەوکەتە خەتی دەستی کاتبی قودرەتە، خەتی عاریزی قەباڵەیە وەرە سەیری باخی ڕوومەتی، وەرە سەیری گوڵشەنی قودرەتی قەد و قامەتی وەکوو نەیشەکەر، بە نازگی گوڵە ژالەیە دڵی ئەحمەد و من بێ نیشان، سەر و ماڵی عالەمی ئینس و جان بە فیدایی ئەو خەت و خاڵەیە، بە فیدایی ئەو خەت و خاڵەیە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: دێتە گوێم دەنگێ بە سۆز و شیوەن و گریانەوە دێتە گوێم دەنگێ بە سۆز و شیوەن و گریانەوە ناڵەیی دڵمە لە حەسرەت خاکی کوردستانەوە لانەواز و بێکەس و مەزڵوومن ئێستە قەومی کورد گا بەدەستی تورکەکان و گا بەدەس ئێرانەوە ئیسمی ویجدان و عەداڵەت بێ موسەممایە و درۆ بۆ سیاسەت ئەم قسە کەوتۆتە سەر لێوانەوە ڕاستە گەر ئیسمی عەداڵەت بۆ چی منداڵانی کورد وێڵ و سەرگەردان بسووڕێنۆ بەسەر کێوانەوە هێندە حیزە بەختی کورد بۆ کوشتن و تاڵانیان کۆمەڵێ هاتوون بە سواریی وشتری پێپانەوە حاڵی کورد ئێستا لە بەینی تورک و ئێران و عەرەب بێچووە تەیرێکە کە کەوتە داوی منداڵانەوە ئەم قەراری عوسبە وا خەڵقی ئەڵێن بۆ کورد ئەبێ هەر قسەی ڕووتە و قسە ناچێتە ناو گیرفانەوە ئەمڕۆ با وا بێ بەڵام ڕۆژێ ئەبێ ئەولادی کورد دێنەوە مەیدان بە عیلم و سەنعەت و عیرفانەوە نەوجوانانی وەتەن تەوحید ئەکەن ئەم میللەتە هەر لە کرماشان هەتا ورمێ و سنە و بۆکانەوە ڕێک ئەخەن وەزعییەتی وان و جزیرە و باشقەڵا عەقرە و زاخۆ دەبەستن ڕێک بەقەد بۆتانەوە خانەقین و مەندەلی خاکی لوڕستان یەک بە یەک وەک وەسا ئەدروون بە باڵای مەنتیقەی بابانەوە لەشکرێکی مونتەزەم بۆ سەندنی حەق ڕێک ئەخەن جوان و ڕازاوە بە تۆپی لاکەلی ئەڵمانەوە بەچکە شێرانی عەشایر بۆ قڕانی دوشمنان هەر وەکوو ڕۆستەم ئەکەونە هاتوچۆ و جەولانەوە پاش قڕانی موددەعی دەس پێ ئەکەن تەعمیری موڵک ڕێگەیی ئاسن ئەچێتە شاخی هەورامانەوە کێو و کەژ گشتی ئەبێتە باغ و جادە و قەیسەری بۆ تەماشای دەستەدەستە دێن لە ئینگلسانەوە لادە ئەحمەد تۆ لە باسی میللەت و سا پێی بڵێ تاکوو ساقی زوو بدا بادە بەدەم مەستانەوە پێی بڵێ بەو ساقییە بەو حوسن و ناز و دڵبەری داغی خۆی ناوە بە جەرگی یۆسفی کەنعانەوە بێتە جیلوە تا بە یادی پاشەڕۆژی قەومی کورد زەمزەمە و شادی بخاتە مەجلیسی ڕەندانەوە ئەم دڵی زامارمە تاوێ لە غەم فاریغ ببێ بسرەوێ یەکدەم لە ناڵە و شین و قوڕ پێوانەوە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: سەر و ماڵم فیدای ئەو چاوە کاڵە سەر و ماڵم فیدای ئەو چاوە کاڵە دڵم پڕ خوێنە بۆ ئەو لێوە ئاڵە کە ئەو شۆخە لە حەق من میهرەبانە ڕەقیب حیلە و دەسیسەی تۆ بەتاڵە لە ئولکەی دڵبەریدا یارم ئەمڕۆ شوکور شاهەنشەهی حوسن و جەماڵە بە شمشێری برۆت ئەی یاری بەدخوو دەخیلە بمکوژە خوێنم حەڵاڵە لەلام بێ قەدرە نەسرین و وەنەوشە ئەگەر دەستم کەون ئەو زوڵف و خاڵە بە دنیا دڵ مەبەستن ئەی ڕەفیقان گەلێ دامادی دی ئەم پیرەزاڵە وەفا و خووبان و سەبر و عاشقی زار نەبینراوە ئەمە ئەمری مەحاڵە فیدات بم چۆن بنووسم شەرحی حوسنت لە تەعریفی، زوبانی خامە لاڵە لە دنیا هاتن و دەرچوون لە لای من بەڕاستی ئەحمەدا هەر وەک خەیاڵە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: سەیری ئەم بەختی ڕەش و نەحسە چ ناهەموارە سەیری ئەم بەختی ڕەش و نەحسە چ ناهەموارە یاری چەن ساڵەمە ئێستاکە لە من بێزارە خۆم فیدای نێرگسی شەهلا ئەکەم ئێستا شەو و ڕۆژ چونکە وەک دیدەیی ئەو یاری منە بیمارە هەر گورێزانە لە من دەستی ڕەقیبێ ئەگرێ ئەی خوا دڵبەری من بۆ چی ئەوەند غەددارە بەم سەری پیرییەوە جێگەیی من مەیکەدەیە سەیری ئەم عاشقە چەند سەرسەری و بێ عارە حەقیەتی عاشقی بێچارە لە دین وەرچەرخێ چونکە ئەو پەرچەمە پڕپێچە ئەڵێی زوننارە زوڵم و جەوری وەکوو زوححاکە خەریکی قەتڵە حەڵقەیی زوڵفی لە پێش چاوم ئەڵێی ڕەشمارە شێری نەڕ ئێستە ئەسیری دەسی ڕێوی حیزە ئیشی ئەم چەرخە تەماشاکە چ کەچ ڕەفتارە ملی کەر پڕ لە زەڕ و زێوەرە ئەسپی نەژدی لەڕ و لاواز و لەجەر کەوتووە وا زامارە بە سەری تۆ قەسەم ئەی یاری دڵازاری من قیسمەتی من هەموو هەر دەردی دڵ و ئازارە بتکوژێ بتبڕێ ئەو شۆخە دەخیلم عاشق زویر مەبە هەر چی بکا ساحەبە خۆی موختارە مەنعی ئەحمەد مەکە زاهید کە هەمیشە مەستە عەفوی ئەو ڕۆژی جەزا سەهلە خوا غەففارە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: شیفای دەردی دڵە ماچی دەمی وەک شانە هەنگوینە شیفای دەردی دڵە ماچی دەمی وەک شانە هەنگوینە بە عیشوە پێکەنینی ئەو نیگارە باعیسی ژینە کە دیویە ئەو غەزالە ئێستە بەرگی شینی پۆشیوە ئەمە چەن وەختە بۆیە ئاسمانیش بەرگی وا شینە لە دڵما نەقشی ناوی تۆ لە دیدەم بەژن و باڵاکەت کە دیم ئەو ڕەسم و تەسویرە چ ئیحتیاجم بە بینینە خوا سەد شوکری تۆ دایم کە ئەو دڵدارە بێ ڕەحمە بە خوێنی ئاڵی جەرگم دەست و پێی ئێستاکە نەخشینە سەری زوڵفی وەکوو سونبول دوو دیدەی نێرگسی شەهلا دوو کوڵمی بەرگی گوڵ ئەلحەق نیگارێکی بە تەمکینە نموونەی عیشقی من بوو ئێستە وا مەشهووری دنیایە ئەڵێن فەرهادی کۆکەن کوشتەیی موژگانی شیرینە بنازم سونبولی زوڵفت کە ئاڵاوە بە باڵاتا لە سەر تا پێ هەموو هەر حەڵقەحەڵقە و چەمبەر و چینە خەیاڵی وایە مەشقی ناڵە و گریانی عاشق کا کە هەوری نەوبەهاران بۆیە وا مایل بە بارینە هەمیشە لوتفی یار دەرحەق ڕەقیبانە و بەڵام بۆ من قسەی خۆشی جنێو و حیددەت و بێ لوتفی و قینە لە دووریی ڕووی گوڵی تۆ بولبولی دڵ ئێستە ئەیبینی لە سینەی شەرحە شەرحەمدا خەریکی شین و ناڵینە لە ڕۆژی حەشردا جێی جەننەتە ئەحمەد کە کوژراوی دەس و تیر و کەوانی دڵبەری بێ میهر و ئایینە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: شەمسی خاوەر بەدری پڕ یا ڕوومەتی گوڵنارتە شەمسی خاوەر، بەدری پڕ، یا ڕوومەتی گوڵنارتە لەعلە یا یاقووتی تەڕ یا لێوی گەوهەربارتە نوور و زوڵمەت پێکەوەن توخوا نیگارا پێم بڵێ یا مەگەر کوڵمی لەتیف و زوڵفی عەنبەروارتە دەنگی عوود و تارە یا ناڵەی نەیی دڵ کون کونە یا وەکوو ناڵە و فوغانی عاشقی غەمبارتە ئاگرت بەردایە جەرگی عالەمی ئیسلام چییە تۆ مەگەر هیندووی کە وا ئاتەشپەرستی کارتە چاوی مەخموورت کە هەڵئەبڕی بە سەد ئەفسوون و ناز عالەمێ جانا پەشێوی نێرگسی بیمارتە وەختی لوتف و ڕەحمە ئێستا دەرحەقی عوششاقی خۆت فرسەتە سا دەی زەمانی گەرمییی بازاڕتە پێی وتم بۆ چاوی تۆ عەینی جەواهیرسورمەیە تۆزی ئەم ڕێگەی منە چونکە گوزەرگەی یارتە حەقتە تۆ جانا کە داوای مەسلەکی زوححاک ئەکەی شاهیدی ئەم ئیددیعاتە زوڵفی وەک ڕەشمارتە گاهێ گەر ئیسلام و گاهێ کافرم مەنعم مەکە گشت خەتای میحرابی ئەبرۆی پەرچەمی زوننارتە موشکیلە دەستت کەوێ ڕۆژێ نیگاری بێ ڕەقیب شێتی تۆ ئەحمەد تەماعی غونچەیی بێ خارتە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: عەجەب سیڕڕێکە بۆچ بولبول خەریکی ناڵەیی زارە عەجەب سیڕڕێکە بۆچ بولبول خەریکی ناڵەیی زارە کەچی مەحڕوومە ئەو دایم ڕەفیقی غونچە هەر خارە لە هەر وەقتێکدا نێرگس ببینم چەند لەلام خۆشە کە چونکە ئەو گوڵەیش نەختێ شەبیهی چاوی دڵدارە هیلالی یەکشەوەم دی سوجدەبەر بووم بێ تەئەممول من موبارەک بوو لەلام چونکە ئەڵێی تاقی برۆی یارە لە خەڵوەتخانەیی دڵما بەغەیرەز یادی تۆ جانا نییە باوەڕ بفەرموو چونکە جێی یارە نە ئەغیارە لە سیححەت دائیمەن بێزارم و مایل بە بیماریم لە ڕۆژێکۆ کە دیومە غەمزەیی ئەو چاوە بیمارە مەکە مەنعم لە عیشقی گوڵ ڕوخان زاهید دەخیلت بم بە دەستی من نییە چی بکەم دڵی بێچارە ناچارە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: غەزالەی چینە یاخۆ پیاڵەیی سەهبایە ئەو چاوە غەزالەی چینە یاخۆ پیاڵەیی سەهبایە ئەو چاوە شەڕابی نابە یاخۆ نێرگسی شەهلایە ئەو چاوە ئەرێ مایەی حەیات و قووتی ڕۆحە لێوی ڕەنگینت وە یا غارەتگەری دینی فەقێ و مەللایە ئەو چاوە موسەللەح بوو بە موژگانی سیاه و تیغی دوو ئەبرۆ مەزەننە مایلی فیتنە و شەڕ و دەعوایە ئەو چاوە بە گۆشەی چاوی تۆ نابن ستارەی تارمی ئەفلاک لەسەر ئەرز و سەما بێ میسل و بێ هەمتایە ئەو چاوە بە تیغی ئەبرووان و تیری موژگانی سیاهی خۆی لەبۆ قەتڵی دڵی عاشق، چ بێ پەروایە ئەو چاوە غوڵامی ئاستانەت ئەحمەدی بێچارەیە جانا شەهی ئیقلیمی حوسن و ئامیر و مەولایە ئەو چاوە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: قووتی دڵم بە ماچی دەم و لێوی ئاڵتە قووتی دڵم بە ماچی دەم و لێوی ئاڵتە ژینم بە مەدحی غەمزەیی دوو چاوی کاڵتە سبحەینێ زوو لە مەشریقەوە ڕۆژ کە دێتە دەر ڕەنگە بڵێم کە شوبهی شوعاعی جەماڵتە فەرمووی بەسە دە بیبڕەوە بەسیە ناکۆکی بۆ وەسڵی من بە سۆزی دەروون ناڵەناڵتە هەرکەس کە عاشقی من ئەبێ چاری مردنە ئەی شێتە تۆ خەیاڵی شتێکی مەحاڵتە نایدەم بە تاجی خوسرەوی ئەو دەرک و قاپییە جارجار کە گوێم لە جوێن و قسەی توند و تاڵتە یار تینووە بە خوێن و لە تەگبیری قەتڵییە ئەحمەد ئەوەندە شێتە خەیاڵی ویساڵتە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: لە حەسرەت لێوی لەعلت ئەشکی چاوم ئێستە گوڵ ڕەنگە لە حەسرەت لێوی لەعلت ئەشکی چاوم ئێستە گوڵ ڕەنگە بە یادی چاوی مەستت دڵ هەمیشە مایلی بەنگە تەماشاکە کە دێمە باسی تەعریفی دەمت جانا شوکور هەرزان ئەکا شیعرم ئەگەر چی قافیە تەنگە بە سورمە ئاوی داوە ئەو نیگارە خەنجەری ئەبرۆی شەهیدی غەمزەیی خوێنڕێژی بۆیە مات و بێ دەنگە هەزار هاوار و داد ناگاتە گوێی، تەئسیری لێ ناکا دڵی ئەو شۆخە بێ ڕەحمە لەڕاستی من وەکوو سەنگە لەوەی خەڵکی ئەڵێن پێم عاشق و ڕیسوای نییە پەروام نەسیبی عاشقی بێچارە دایم لۆمە و نەنگە موسەللەح بوو بە شمشێری برۆ و پەیکانی موژگانی موحەققەق تورکی مەستی چاوی یارم مایلی جەنگە بنازم چەندە خۆشە تەعزیەی عاشق لەسەر قەبری لەجێی شیوەن، زڕەی فنجان و دەنگی بەربوت و چەنگە دەخیلم بێرە سەیری مەجلیسی ڕەندان دەمێ زاهید تەماشاکە سەفایە، سەیرە، بەزمە، ڕەزمە، ئاهەنگە تەواو نابێ بە ئەحمەد ئەی کەماڵی مەدحی ڕووی دڵبەر لە عەرسەی وەسفی یارا پێی خەیاڵم ئێستەکە لەنگە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: لە خەو هەڵسن درەنگە میللەتی کورد خەو زەرەرتانە لە خەو هەڵسن درەنگە میللەتی کورد خەو زەرەرتانە هەموو تەئریخی عالەم شاهیدی فەزڵ و هونەرتانە دەسا تێکۆشن ئەی قەومی نەجیبیی بێکەس و مەزڵووم بەگورجی بیبڕن ئەو ڕێگە دوورە وا لەبەرتانە بخوێنن، چونکە خوێندن بۆ دیفاعی تیغی دوشمنتان هەموو ئان و زەمانێ عەینی قەڵغان و سوپەرتانە بەخۆڕایی لە دەستی بەرمەدەن ئەم خاکە مەحبووبە کە تۆزی وەک جەواهیرسورمە و کوحلی بەسەرتانە بەسەر خاکا ئەگەر نازیش بکەن حەقتانە کوردینە تەماشای سێبەری ئەو شاخ و کێوەی وا لەسەرتانە بە بێ قەدری بەسەریا ڕامەبوورن حورمەتی بگرن گوڵاڵەسوورەی ئەم سەحرایە خوێناوی جگەرتانە دەمێکە ئەم وڵاتە وا ئەسیری پەنجەیی جەهلە لە سایەی عیلمەوە ئەمڕۆ ئیتر نۆبەی زەفەرتانە زوبانی حاڵی ئەحمەد هەر ئەڵێ وریا بن ئەی میللەت بزانن بەردی ئەم شاخانە ئەڵماس و گوهەرتانە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: لە پەنجەی بگرە خوێنی جەرگی من هەر بۆ حەنا چاکە لە پەنجەی بگرە خوێنی جەرگی من هەر بۆ حەنا چاکە لەبۆ تەسکینی قەلبی زاری من لوتفێکی وا چاکە فیدات بم تۆ کە ئێستا بوویت بە هەمڕازی ڕەقیبانت ئیتر بۆ ئێمە دایم ناڵە و شۆر و نەوا چاکە وتم قوربانی تۆ بم لادە زوڵفی خۆت لەسەر ڕوخسار وتی بۆ پاسەوانی گەنجی وا هەر ئەژدەها چاکە بە ئوممێدی ئەوەی جانا کە بۆنی زوڵفی تۆی لێ بێ سەر و ماڵم بکەم قوربانی ڕێی بادی سەبا چاکە وتم من ڕۆحی خۆم قوربانی ڕووی تۆ کرد دەسا ڕەحمێ وتی نازانی تۆ پەروانە بۆ دەوری چرا چاکە زەمانە چونکە خۆی ئەسڵەن بەقای بۆ کەس نییە تا سەر تەماشا کەن هەمیشە بۆ کەسانی بێ وەفا چاکە لە وەزعی چەرخی دوونپەروەر مەبە تۆ عاجز ئەی ئەحمەد کە چەن ڕۆژێ لەبۆ ئەشخاسی سپڵە و بێ حەیا چاکە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: نێرگسی شەهلا غوڵامی دیدەیی مەخموورتە نێرگسی شەهلا غوڵامی دیدەیی مەخموورتە گوڵ وەکوو بولبول هەمیشە عاشق و مەجبوورتە نۆشی دارووی لێوی تۆیە ئەی تەبیبی حاڵزان باعیسی ژین و حەیاتی عاشقی ڕەنجوورتە ڕۆژ کە وا ڕوو زەردە سەرگەردانە هەر دێت و دەچێ شێت و سەرگەشتەی فیراقی ڕوومەتی پڕ نوورتە بۆ خەرابی و غارەتی مەعموورەیی دڵ چاوەکەم تیپی موژگانت بەدایم لەشکری مەنسوورتە پێی وتم هۆشت ببێ ئەو ڕێگە وا من پیا ئەڕۆم تۆزی ئەو دەرمانی چاوی پڕ لە خوێنی سوورتە گەر حەقیقەتبینی عاشق لابە نەعلەینی حەیات جێی تەجەللای حوسنی ئەو دڵدارە کێوی توورتە تۆ کە شیرینی زەمانی من کە فەرهادی غەریب حەیفە بۆ تۆ خوسرەوی خووبان ڕەقیب شاپوورتە بۆ چی عاشق شێتی تۆ وا مەیلی فیردەوست هەیە بەزمی ئەمشەو جەننەتولئەعلایە دڵبەر حوورتە گەر نیگاهێکت لەگەڵ مندا ببێ عەیبی چییە تۆ سولەیمانی زەمانی عاشقیشت موورتە مەنعی تۆ ناکەم کە بێباکانە خوێنڕێژی ئەکەی موقتەزای ئەحواڵ و تەبعی سەرکەش و مەغروورتە ئەم قەسیدە وەختێ هاتە خزمەتت بیخوێنەوە عەرز و حاڵی بەندەیێکی بێنەوای مەهجوورتە ئەی دڵە بەسیە هەتا کەی تۆ خەریکی هاتوچۆی موشکیلە وەسڵی تەمەننای مەتڵەبێکی دوورتە بەسیەتی تاکەی لە حەق ئەم بەندە بێ لوتفی ئەکەی ئەحمەدی بێچارە تەنها عاشقی مەغدوورتە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: نەخۆش کەوت نێرگسی بێچارە بۆ ئەو چاوە بیمارە نەخۆش کەوت نێرگسی بێچارە بۆ ئەو چاوە بیمارە قەدی نوشتایەوە عەرعەر کە دی باڵایی ئەو یارە برینی سەر دڵی دیسان بە ناسۆر کەوتەوە ناڵە لە داخی لێوی ئاڵی ئەو نیگارەی بێچووە عەییارە کە تای زوڵفی نواند سونبول خەجاڵەت بوو لەناو باخا فیراری کرد و ڕووی کردە بیابان وێڵ و بێچارە نواندی گەردنی خۆی، گەردنی مینای شکان دیسان موسوڵمانی نەهێشت حەڵقەی سەری ئەو زوڵفە زوننارە کە دی گۆنایی ئاڵت گوڵ لە باخا دوێنێ ئەم وەختە یەخەی خۆی دادڕی سەرتابەپێ وەک شێت و پەتیارە ملی کەچ کرد وەنەوشە، کەوتە بەر پێت وەک قەباحەتبار کە دەرکەوت خاڵی لێوت تێگەیی شێت و خەتابارە لەمەو پێش قافیە بەندەم، ئەمێستا بوو بە عەبدی من کە مەجبوورم بهێنم ناوی ئەو مەحبووبە نازارە لە زوڵفت لازمە دیسان بدووم لێم مەگرە مەحبووبم کە باسێکی درێژ و دوورە گەرچی ئێستە تیکرارە بە بۆنی عەنبەرە، وەک عەقڕەبی جەڕڕارە نێشی ئەو بە پێچ و حەڵقەیا حەقمە بڵێم بەو زوڵفە ڕەشمارە بڵێم بۆنی گوڵاو و عەترە ئەو زوڵفە کە هێشتاکە خەتایێکی عەزیمە گەر بڵێم وەک میشکی تاتارە وتم ماچێ کەرەم فەرموو بە ئەحمەد بەندەیی خۆتە وتی چی بکەم لە دەستی ئەم کوڕە بەگزادە بێ عارە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: چارشێوی هەڵبڕی لە سەری خۆی بە شەرمەوە چارشێوی هەڵبڕی لە سەری خۆی بە شەرمەوە یار پێکەنی بە ڕوومەوە دوێنێ بە نەرمەوە فەرمووی بە من کە ئێستە لەبەر غەم زەعیفی تۆ حەقتە ببی بە حەڵقە بە دەوری کەمەرمەوە ڕووناکی چاوی من بە مولاقاتی تۆ ئەبێ ڕۆحم فیدایی تۆیە بە نووری بەسەرمەوە گفتا پدر تو پیر شدی ترک عشق کن پێم وت دڵم جوانە لە عیشقی پسەرمەوە هەر وەختێ دێتە بەر نەزەرم ڕۆژی وەسڵی تۆ ڕەقس و سەما ئەکەم بە دڵی پڕ کەدەرمەوە لەم ڕۆژەدا نەماوە ڕەواجی هونەر خوا مەحوم بکا بە خۆم و بە عیلم و هونەرمەوە ئاوارە بووم و کەوتمە چۆڵی و لە یار جودام چیبکەم بە دەستی عەقڵی دڵی دەربەدەرمەوە شمشێری ئەبرووانی ئەگەر دەرنەخا نیگار ڕۆحم فیدای ئەکەم بە زرێم و سوپەرمەوە بولبول سیفەت خەریکی فوغانم بە ڕۆژ و شەو هەر ناڵەمە لە عیشقی گوڵی سیمبەرمەوە وێران و چۆڵە موڵکی دڵی ئەحمەدی هەژار ئەمڕۆ لەبەر غەمی بوتی بێدادگەرمەوە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ڕەفیقان ئەم دڵەم ئەمشەو عەجەب حاڵی پەرێشانە ڕەفیقان ئەم دڵەم ئەمشەو عەجەب حاڵی پەرێشانە وەکوو بولبول لە عیشقی گوڵ خەریکی شین و گریانە ئەوەند گەوهەر لە دوو چاوم ئەبارێنم لە هیجرانا نیگار داوێنی من ئەمڕۆ وەکوو دەریایی عوممانە ئەگەر یار ڕوو دەپۆشی حەق بەدەستە چونکە مەعلوومە پەری دایم لە بەرچاوی هەموو مەخلوقێ پەنهانە تلووعی خۆر ئەکا زاهیر کە گۆشەی نیمتەنی لادا وڵات ڕووناک ئەکا هێشتا ئەڵێی سوبحی گریبانە لە نەشئەی بادەوە وەختێ سەری کوڵمی ئەکا عارەق بیعەینە ئەو دەڵێی بەرگی گوڵە ئەو ئاوی بارانە ئەگەرچی دڵ بە تیری عیشقی تۆ زامار و مەجرووحە فیدات بم خەندەیی لێوت لەبۆ ئەو دەردە دەرمانە دەخیلم لەیلەکەی ئەسڵم بکە ڕەحمێ بە حاڵاتم کە ئەم عاشقتە وەک مەجنوون جێگای کێو و بیابانە بە ناری ڕوومەتی ئەو شۆخە جەرگ و دڵ کە سووتاوە مەکەن مەنعم کە من پەروانەم ئەو شەمعی شەبوستانە بە فیتنەی ئەو ڕەقیبەت من لە بەزمت دەرمەکە قوربان مەبە ئیخفال بە وەسواسەی ڕەقیب هاودینی شەیتانە وەرە با بچینە ناو گوڵزار و جانا چەند قەدەح نۆش کەین بەهارە وا لە گشت لایەک سەدای مورغی خوش ئەلحانە لە عیشقی ڕوویی گوڵئاسات هەموو دەم ئەحمەد ئەی دڵبەر بە بانگی بەرز ئەناڵێنێ وەکوو بولبول غەزەلخوانە ++++++++++++++++++++++