شاعیر: موختار کتێب: دیوانی ئەحمەد موختار جاف سەرناو: لە حەسرەت لێوی لەعلت ئەشکی چاوم ئێستە گوڵ ڕەنگە لە حەسرەت لێوی لەعلت ئەشکی چاوم ئێستە گوڵ ڕەنگە بە یادی چاوی مەستت دڵ هەمیشە مایلی بەنگە تەماشاکە کە دێمە باسی تەعریفی دەمت جانا شوکور هەرزان ئەکا شیعرم ئەگەر چی قافیە تەنگە بە سورمە ئاوی داوە ئەو نیگارە خەنجەری ئەبرۆی شەهیدی غەمزەیی خوێنڕێژی بۆیە مات و بێ دەنگە هەزار هاوار و داد ناگاتە گوێی، تەئسیری لێ ناکا دڵی ئەو شۆخە بێ ڕەحمە لەڕاستی من وەکوو سەنگە لەوەی خەڵکی ئەڵێن پێم عاشق و ڕیسوای نییە پەروام نەسیبی عاشقی بێچارە دایم لۆمە و نەنگە موسەللەح بوو بە شمشێری برۆ و پەیکانی موژگانی موحەققەق تورکی مەستی چاوی یارم مایلی جەنگە بنازم چەندە خۆشە تەعزیەی عاشق لەسەر قەبری لەجێی شیوەن، زڕەی فنجان و دەنگی بەربوت و چەنگە دەخیلم بێرە سەیری مەجلیسی ڕەندان دەمێ زاهید تەماشاکە سەفایە، سەیرە، بەزمە، ڕەزمە، ئاهەنگە تەواو نابێ بە ئەحمەد ئەی کەماڵی مەدحی ڕووی دڵبەر لە عەرسەی وەسفی یارا پێی خەیاڵم ئێستەکە لەنگە ++++++++++++++++++++++