شاعیر: موختار کتێب: دیوانی ئەحمەد موختار جاف سەرناو: سەیری ئەم بەختی ڕەش و نەحسە چ ناهەموارە سەیری ئەم بەختی ڕەش و نەحسە چ ناهەموارە یاری چەن ساڵەمە ئێستاکە لە من بێزارە خۆم فیدای نێرگسی شەهلا ئەکەم ئێستا شەو و ڕۆژ چونکە وەک دیدەیی ئەو یاری منە بیمارە هەر گورێزانە لە من دەستی ڕەقیبێ ئەگرێ ئەی خوا دڵبەری من بۆ چی ئەوەند غەددارە بەم سەری پیرییەوە جێگەیی من مەیکەدەیە سەیری ئەم عاشقە چەند سەرسەری و بێ عارە حەقیەتی عاشقی بێچارە لە دین وەرچەرخێ چونکە ئەو پەرچەمە پڕپێچە ئەڵێی زوننارە زوڵم و جەوری وەکوو زوححاکە خەریکی قەتڵە حەڵقەیی زوڵفی لە پێش چاوم ئەڵێی ڕەشمارە شێری نەڕ ئێستە ئەسیری دەسی ڕێوی حیزە ئیشی ئەم چەرخە تەماشاکە چ کەچ ڕەفتارە ملی کەر پڕ لە زەڕ و زێوەرە ئەسپی نەژدی لەڕ و لاواز و لەجەر کەوتووە وا زامارە بە سەری تۆ قەسەم ئەی یاری دڵازاری من قیسمەتی من هەموو هەر دەردی دڵ و ئازارە بتکوژێ بتبڕێ ئەو شۆخە دەخیلم عاشق زویر مەبە هەر چی بکا ساحەبە خۆی موختارە مەنعی ئەحمەد مەکە زاهید کە هەمیشە مەستە عەفوی ئەو ڕۆژی جەزا سەهلە خوا غەففارە ++++++++++++++++++++++