شاعیر: موختار کتێب: دیوانی ئەحمەد موختار جاف سەرناو: دڵی زارم بەدایم بەستەیی زنجیری گیسووتە دڵی زارم بەدایم بەستەیی زنجیری گیسووتە وجوودی وەک کەتانم لەت لەتی شوعلەی مەهی ڕووتە دڵم دایم کە وا زامارە ئەی شۆخی دڵئازارم هەمیشە خەستە و مەجرووحی شمشێری دوو ئەبرۆتە وەکوو شەمع ئەر دەمێ ئەگریم و گاهێ وام لە شەوقا من هەموو سیحر و دەسیسەی عیلم و مەکری چاوی جادووتە لە بازاڕی مەحەببەتدا من ئێستا زۆر بە سەرمایەم ڕەقیبی سەگ سیفەت ئەلحەمدولیللا ئێستە تابووتە بچۆ بیمارخانەی عیشقی ئەو شۆخە تەماشا کە لەلایێ ناڵە و دەنگی نەخۆشە، لایێ تابووتە ئەگەر سەد ساڵ جەفا کەی دڵبەرا من بەندەفەرمانم کە چونکە من ئەزانم دائیمەن بەدخوویی هەر خووتە نیگارم تووتییە بۆ خۆشزوبانی و لەنجە و عیشوە ئەما حەیفێ کە ئەو شۆخە لەگەڵ زاغی سیا جووتە ئەگەر ئەحمەد بەدایم عاشقی مەجنوون سیفەت ڕووتە مەکە مەنعی هەموو تاوانی شەوق و شوعلەیی ڕووتە ++++++++++++++++++++++