شاعیر: موختار کتێب: دیوانی ئەحمەد موختار جاف سەرناو: دڵبەرێکم هەیە سیمینبەر و خۆش ڕەفتارە دڵبەرێکم هەیە سیمینبەر و خۆش ڕەفتارە چاوی وەک نێرگسی شەهلا هەموو دەم بیمارە ئەبرویی قیبلەیە، خاڵی حەجەرولئەسوەدە ئەو پەرچەمی میسلی سەلیب، زوڵفی ئەڵێی زوننارە ڕووی گوڵەباخە نیگارم بە خوا حەیفە کە ئەو هاوڕەفیقی شەو و ڕۆژی دڕک و هەم خارە ساحەبی عیشوەیە غارەتگەری ئیمانی مەیە دڵڕەق و زاڵمە بێ میهر و وەفا و عەییارە ڕوویەتی ئاهویی چین و نیگەهی ئافەتی دین دەمی وەک فندق و لێوی هەر ئەڵێی گوڵنارە بۆ فریبی دڵی ئەحمەد هەموو دەم ئەو شۆخە حازرە یاڕەبی، ئەو دڵبەرە چەن مەککارە ++++++++++++++++++++++