شاعیر: موختار کتێب: دیوانی ئەحمەد موختار جاف سەرناو: خەڵقە وا فەسڵی بەهارە و من گەڵاڕێزانمە خەڵقە وا فەسڵی بەهارە و من گەڵاڕێزانمە پیرم و تازە تەمەننای وەسڵی گوڵڕوویانمە وا مەزانە ڕۆحەکەم تەنهام لە کونجی عوزلەتا عەکسی ڕووی تۆ مەجلیسئارا و زینەتی ئەیوانمە بەسیەتی زاهید حیکایەی جەننەت و ڕۆژی جەزا بەرگی خوێنینم نیشانە و حوججەتی غوفڕانمە تەرکی کەم چاکە بەهەشتی بەزمی جانانە ئیتر چونکە وەک ئادەم ڕەقیبی سەگسیفەت شەیتانمە ئەی نیگاری بێ وەفا ئەی شۆخی هەورامی نەسەب دوور لە تۆ کەی مەیلی گەشتی گوڵشەنی تارانمە قامەتم گەر وا خەمە و حاڵم پەرێشانە ڕەفیق تێبگە تەمسیلی ئەبرۆ و پەرچەمی جانانمە گەر بڵێی دەستم کەوێ من خاکی بەر دەرگانەکەت کەی هەوای تەخت و سەریری قەیسەر و خاقانمە هەرکە دیم شەونم لەسەر ڕوخساری گوڵ دوێنێ لە باغ یادی ڕووی تۆم کرد و بۆیە ئارەزووی گریانمە ++++++++++++++++++++++