شاعیر: موختار کتێب: دیوانی ئەحمەد موختار جاف سەرناو: بەهارە ئەمڕۆ وا کێو و بیابان گشتی ڕەنگینە بەهارە ئەمڕۆ، وا کێو و بیابان گشتی ڕەنگینە هەموو فەڕشی چەمەن ئێستە لە دیبائی ڕەیاحینە گوڵە، گوڵباغە، سەوڵە، نێرگسە، شمشادی بوستانە وەنەوشە و شەستپەڕ و گوڵ ئاتەشین و سەرو و نەسرینە هەموو کەس دەستی یاری خۆی لەناو دەستا لە گوڵزارا بە دەنگی بەربوت و چەنگۆ خەریکی بادەنۆشینە بەغەیرەز من نەبێ ئەمڕۆ لە گۆشەی حوجرەیی تاریک هەمیشە دەستەئەژنۆم و بەشم گریان و هەم شینە گرفتارم بە دەردی عیشقی دڵدارێ کە وا ئەمڕۆ بە خوێنی عاشقان دایم بەری پێی سوور و ڕەنگینە لە عیشقی یاری غەدداری دڵئازارم هەموو ئانێ ڕوخم زەرد و سەرم گێژ و دڵیشم مات و غەمگینە دڵم بۆ باغی ڕووی ئەو بولبولئاسا زۆر پەشێو حاڵە ڕەهی مەسدوودە چونکە زوڵفەکانی میسلی پەرژینە لەبۆ سەیدی دڵی عاشق هەمیشە ڕشتەیی زوڵفی شکەنج و پێچ و تاب و حەڵقەحەڵقە و پڕ خەم و چینە ئەمن ئەمڕۆ لە عیشقا جێنشینی تەختی فەرهادم نیگاری نازەنینیشم لەسەر ڕەفتاری شیرینە ئەگەرچی تۆ نەخۆش و زار و بیماری ئەما ئەحمەد لە لەعلی لێوی یار ماچێ لەبۆ ئەم دەردە تەسکینە ++++++++++++++++++++++