شاعیر: موختار کتێب: دیوانی ئەحمەد موختار جاف سەرناو: ئەو زیایە وا لە دوور دیارە مەقامی دڵبەرە ئەو زیایە وا لە دوور دیارە مەقامی دڵبەرە یا وەکوو شەوقی جەماڵی ئەو مەهی سیمینبەرە بۆ جگەر لەتکردنی عوششاقی موژگانی سیای ناوکی تیرە وە یاخۆ نووکی تیژی نەشتەرە ئەبرووە یا قەوسە یا باڵی هومایە پێم بڵێ سەیفی خونڕێزە هیلالە دڵبەرا یا خەنجەرە دوودی ئاهی سینەکەم ئەمشەو لە هیجرت چاوەکەم وا سەری گرتووم گەلێ زیاتر لە دوودی مەجمەرە فەرموو تەشریف بێنە کولبەی عاشقت ئەمشەو بە ناز حازرە بۆ بەردەبازی ڕێگەیی تۆ ئەم سەرە قەت بە بۆنی زوڵفی تۆ نابێ گوڵاڵە و یاسەمەن عەتری توڕڕەی تۆ نە وەک عوودە نە میسلی عەنبەرە لالەزارە دامەنم، جانا بە خوێنی ئاڵی ئەشک وەختی سەیران و تەماشایە دەخیلت بم وەرە خۆی لەسەر ڕوخساری جانانە لە بەرچاوم ئەڵێی هەر لەسەر بەرگی گوڵە شەبنم، لەسەر ماه ئەختەرە سەیفە یا قەوسە وە یا باڵی هومایە پێم بڵێ یا هیلالی یەکشەوە یا تاقی ئەبرۆی دولبەرە ڕوومەتت بەدرە ملت مینایی سافە بێ غەشە دەم قوتووی دانەی دوڕی دەریایە لێوت شەککەرە چای زەنەخدانت بڵێم وەک زەمزەمە زەممی ئەکەم ئەبرووت زیاتر لە تیغی دەستی تووسی نەوزەرە وا بە عومری جوانەوە پیر بووم قەدم خەم بوو لە غەم دڵبەرا دووربینی چاوم ئێستە ئەم سەر ئەو سەرە نائومێد و بەش بڕاو ئەحمەد لە دنیادا ئەتۆی نەخلی ئوممێدی مورادی تۆیە دایم بێ بەرە ++++++++++++++++++++++