شاعیر: موختار کتێب: دیوانی ئەحمەد موختار جاف سەرناو: پەشۆکا دڵ کە دی زوڵفی پەشێوی کەوتە سەر شانی پەشۆکا دڵ کە دی زوڵفی پەشێوی کەوتە سەر شانی یەخەی خۆی دادڕی گوڵ هەر کە دی چاکی گریبانی شوکور وا جەژنی قوربانە لەسەر فەرموودەیی دولبەر وەکوو مەڕ بۆ بەڵاگەردانی ئەو ئەمکەن بە قوربانی دڵی سووتاوە وەک من خاڵی لەعلی لێوی ڕەنگینی بەڵێ بەختی ڕەشە وەک من سەری زوڵفی پەرێشانی گەڵاڕێزانی کرد گوڵ هەر کە دەرکەوت ڕوویی ڕەنگینی لەبەر باڵای ئەوا کەوتۆتە سوجدە ڕوویی بوستانی ئەمە چەن وەختە مەست و سەرخۆشم بێ نەشئەیی بادە لە ڕۆژێکۆ کە دیومە دیدەیی مەخمووری فەتتانی ڕەفیق هیچ غەم مەخۆ، خۆش ڕابوێرە، فرسەتە ئێستە بزانە تۆ لە دنیادا لەبۆ چەن ڕۆژێ میوانی لە زیندانا هەتا ڕۆژی قیامەت دائەنیشت عاجز ئەگەر ڕووی تۆی ئەدی بۆ یەک دەقیقە شۆخی کەنعانی دڵ و دینت فڕاندم، ڕۆحی شیرینیش ئەبەی جانا لە بەختی ئەحمەدا چەن ڕۆژە زۆر مایل بە تاڵانی ++++++++++++++++++++++