شاعیر: موختار کتێب: دیوانی ئەحمەد موختار جاف سەرناو: فوستانی ڕەشی نازکی چین چینی لەبەردا فوستانی ڕەشی نازکی چین چینی لەبەردا وەک هەوری سیا بێ بەسەری قورسی قەمەردا قوربانی نیگاهی غەزەبت ڕۆح و دڵی من یەک لەحزە دووسەد تیر و ڕمت چۆن لە جگەر دا مادام کە بە شمشێری برۆت لەت لەتە جەرگم لازم نییە ئەو خەنجەرە کردووتە بە بەردا دوو دیدەیی مەخمووری نیگارم بە شەباهەت وەک ئاهو وەهایە کە لە خەو بێ لە سەحەردا دەستێ کە بە داوێنی ئەتۆ، دەستێ بە دڵ بم چی بکەم کە نییە دەستێ بکەم خاکێ بەسەردا قوربان وەکوو خاکی بەری پێت کەوتووە دایم ئەحمەد کە مەگەر دڵبەری خۆی بێ لە گوزەردا ++++++++++++++++++++++