شاعیر: موختار کتێب: دیوانی ئەحمەد موختار جاف سەرناو: دەمێکە یار کە ناپرسێ لە حاڵی عاشقی زاری دەمێکە یار کە ناپرسێ لە حاڵی عاشقی زاری لە بیری چۆتەوە چەن وەختە وا عەبدی وەفاداری لە لام وابوو کە یارێکی وەفادار و وەفاجۆیە بەسەهوا چووم و نەمزانی وەهایە ڕەسم و ئەتواری ئەگەرچی بێ وەفا و مەیلە، بەڵام ڕۆح و دڵم سەد جار بە قوربانی نیگاهی دیدە و لێوی شەکەرباری ئیتر بۆ چیمە من ئیمان و دین و مەزهەب و ئایین ئەگەر دەستم کەون حەڵقەی چەلیپای زوڵفی زونناری لەلام بێ قەدرە من بۆنی وەنەوشە و یاسەمین ئەمڕۆ کە دێتە بەر خەیاڵم پەرچەمی وەک موشکی تاتاری نیشانەی خوێنی ئاڵی عاشقی کوژراوی ئەو یارەن سەری پەنجەی حەنایی و لیباسی سووری گوڵناری وتی ئەحمەد لە عیشقا ئێستە وا مەشهوورە ئوستادی تەماشا کە چلۆن بردم دڵی زارت بە عەییاری ++++++++++++++++++++++