شاعیر: موختار کتێب: دیوانی ئەحمەد موختار جاف سەرناو: دڕک هاودەمیەتی بولبول پەشێوە حاڵەتی بۆ گوڵ دڕک هاودەمیەتی بولبول، پەشێوە حاڵەتی بۆ گوڵ بەهاران بۆیە ئەو دایم ئەکا هەر ئەم چڵ و ئەو چڵ لەلام وایە کە حەتتا خاکی ژێرکەوشی ڕەقیبانت جەواهیرسورمەیە بۆ چاوەکانم، مەرهەمە بۆ دڵ زەمان بەم حیزییە، تالیع بە ئەم ناسازییە ئەمڕۆ نیگاریش لوتفی وابێ چۆن ئەبێ من مەتڵەبم حاسڵ بەرامبەر ئەبرووانی کەوتمە سوجدە، وتی عاشق ئەگەرچی قیبلەگاهی تۆ کەچە نوێژت نییە باتڵ تەوافی کەعبەیی دەرگانەکەت تەنها لە من مەنعە لە قورئانا ئەڵێی ئایاتی ڕەحمەت قەت نییە نازڵ تەپوکۆی ترپەترپی دڵ، بە گرمە ئەمشەو ئەیباران فیدای ئەو شۆخە، تەشریفی کە دێتە مەنزڵم باقڵ دەخیلم تۆ بزانە دەست و پەنجەی نازەنینێکە بە گۆزەی تێمەگە حەیفە، توخوا تۆ مەیخەرە ناو گڵ وەکوو مووسا هەموو ئەعزای کە ئەیبیست ڕۆژی کێوی توور لەسەر تا پێم ئەناڵێ وەقتی هیجرت نەک بە تەنها دڵ ئەزانی قەدری ئەحمەد کەی ئەزانن ئەهلی ئەم شارە لە دنیا دەربچێ و بمرێ و بچێتە ژێری خاک و گڵ ++++++++++++++++++++++