شاعیر: موختار کتێب: دیوانی ئەحمەد موختار جاف سەرناو: شاعیرانی کورد بەسە بەس باسی زوڵف و چاو بکەن شاعیرانی کورد بەسە، بەس باسی زوڵف و چاو بکەن کەم خەیاڵی پەرچەم و کاکۆڵی ئاڵۆزاو بکەن لابدەن کەم باسی سونبول یا لقی لاولاو بکەن ئێوە تەدبیرێکی حاڵی قەومی دڵسووتاو بکەن زووبەزوو تا ئیش لەدەس دەرنەچوە سا هەوڵێ بدەن ئێوە تەعریفی مەی و پیاڵە و گوڵ و سەهبا ئەکەن دائیمەن هەر باسی لەنجە و قامەتی ڕەعنا ئەکەن سەرخۆشی خۆشە وە یا سەربەستی؟ بۆ چی وا ئەکەن تاکوو کەی ئێوە قسەی وا پووچ و بێ مەعنا ئەکەن زووبە زوو تا ئیش لەدەس دەر نەچوە سا هەوڵێ بدەن بێ کەس و بێ پشتیوانین ڕێگەمان دوورە وەرن حەیفە ئێوە وا ئەسیری دەستی چەن قەومی کەرن بۆ چی نازانن لە توخمی کاوەیی ئاسنگەرن هەڵبکەن --- کوردی ئەم ئیدارە لابەرن زووبەزوو تا ئیش لەدەس دەرنەچوە سا هەوڵێ بدەن هەڵبکەن --- کوردی مەقسەدم تاڵان نییە پارە تەحسیل کردن و ڕووتکردنی کاروان نییە غەیری مەکتەب بۆ تەداویی ئێمە هیچ دەرمان نییە هیچ سیلاح چاتر لە عیلم و سنعەت و عیرفان نییە زووبەزوو تا ئیش لەدەس دەرنەچوە سا هەوڵێ بدەن حەققە من شەو تا بەیانی ئارەزووی گریانمە شێت نەبووم وا دایمەن هەر مەیلی قوڕ پێوانمە ڕۆڵە مردوو نیم بزانن شیوەنی کوردانمە بێت و تەحلیلی بکەن دیجلەش قنگاوی وانمە زووبەزوو تا ئیش لەدەس دەرنەچوە سا هەوڵێ بدەن وەک قەڵایێکی تەبیعی وایە شاخ و داخمان قەت لە بن نایە بە خواردن میوەیی ناو باخمان جەننەتن شاری سلێمانی و سنە و سابڵاخمان ئیتتیفاقێ با بکەین لابەین لە دڵدا داخمان زووبەزوو تا ئیش لەدەس دەرنەچوە سا هەوڵێ بدەن ++++++++++++++++++++++