شاعیر: موختار کتێب: دیوانی ئەحمەد موختار جاف سەرناو: دڵ وەکوو بولبول لە هیجری نەوگوڵێ ئەفغان ئەکا دڵ وەکوو بولبول لە هیجری نەوگوڵێ ئەفغان ئەکا ناری جەرگ و سۆزی سینەم عالەمێ بوریان ئەکا وادیارە لەم وڵاتی کۆهسارە عاجزە مەیلی خاکی گەرمەسێر و هەم قەڵای شێروان ئەکا ئەم وڵاتە بێ سەفایە، ساردە بۆ عوششاقی ڕووت ئیشتیاقی بەر هەتاوی ڕوومەتی خووبان ئەکا بارش و بارانی هەوری چاوەکانم جارییە زەڵمە یا خۆ تانجەڕۆیە تێکەڵی سیروان ئەکا هەر کەسێ ئەمڕۆ لە ڕێگای ئەو نیگارە ڕێی ببێ بۆ سبەینێ گەپ بە موڵک و تەختی شا و سوڵتان ئەکا ئافەرین بۆ لەشکەری موژگان و زولفەینی سیات وا بە یەکدەم موڵکی جان و دڵ هەموو وێران ئەکا بەرقی ئاه و سەیلی دیدەی من لە هیجری دڵبەرم هەر ئەڵێی هەوری بەهارە ناڵە و تۆفان ئەکا مەحمەلی لەیلا دەخیلم تۆ بە توندی وا مەڕۆ عاشقی مەجنوون سیفەت لەم دەشتەدا گریان ئەکا وا بە یادی تیغی ئەبرۆی دڵبەری بێ ڕەحمی خۆی ئەحمەدی عاشق خەریکە ڕۆحی خۆی قوربان ئەکا ++++++++++++++++++++++