شاعیر: موختار کتێب: دیوانی ئەحمەد موختار جاف سەرناو: گوڵی خوێنین سەبارەت: ١٩٣٠ - لە ژمارە ٢٤٧ی ڕۆژنامەی ژیاندا بڵاوکراوەتەوە. لەو دەما ئێمە کە خوێنمان ئەڕشت ڕۆژیش بەهای هێنابووە وجوود لەو جێگا شەڕەی یەکترمان ئەکوشت گوڵان سەوز ئەبوون ئەیانکرد سجوود *** هەر چەند لاشەکان وەک پەینی بەسام کەوتبوون لە ژێر لقی گوڵاندا کەچی گوڵانی بێ هۆش و نەفام تەڕ و تازە بوون لەسەر چڵاندا *** زەوی ئەوەندە خوێنی خواردبێ بۆ چی وەنەوشە ڕەنگی هەر شین بێ خوێناوی لاوان دەشتی پۆشیبێ هێشتاکوو بەیبوون سپی جەبین بێ *** بە خوێنی ئینسان گوڵ ئاو درابێ ئەبوا ڕەنگ و بۆی ئەوان بسێنێ ئێستا کە پۆل پۆل خەیمەیان داوە بۆچ بێ پەڵەی خوێن سەر دەرئەهێنێ *** دێراوی گوڵان چۆن ڕووزەرد نابن خوێنەخوێکانیان بەسەردا ئەڕوا بۆ چی ئاو تووشی داخ و دەرد نابن بۆ وڵاتیان عەیبە سەر تا پا *** ئەبینن غەیرە ئەچنێ گوڵغونچە کەچی هیچ کامیان گرژ ناکەن ڕوویان غالبیەتی بێ و بکات لەنجە بۆ پێنەکەنین ناکەونە خەزان *** یەکێکیان جارێ ناڵێ بە هەنگێ یا بەو 'پەپولەی' هەڵیانئەسێنێ ئێستا نەمماوە من بۆن و ڕەنگێ ئیمڕۆ دڵتەنگم بیخە سبحەینێ *** لەم دەشتەوشوومەی پڕ خەوف و خەتەر کە لاشەی قەومی ئێمەی تێدایە بۆ شەرمی حزوور شەعشەعەی زەفەر کەم ناکەنەوە تاقە گەڵایە *** ماتەمی ئێمە ڕەنگ و بۆی پێدان کەچی قەت ناکەن ئیزهاری کەدەر چونکی بێ حیسسن ئەسنافی گوڵان لە حاڵی کۆندان دایم تازە و تەڕ *** لە داخا گەڵای خۆ بپێچنەوە نەفامن چونکی هێشتا نازانن بۆ ناو کەوای سەوز خۆ بکێشنەوە ئەی گوڵان ئێوە بێوەی لاوانن *** موقابیلی ئەم دەرد و بەڵایە ئازاد ئەپشکوون گوڵانی وەتەن چەند بێ ویجدانن ئێوە ئەبوایە بۆ مردووەکانمان هەر بکەن شیوەن ++++++++++++++++++++++