شاعیر: موختار کتێب: دیوانی ئەحمەد موختار جاف سەرناو: کە دڵبەر خۆی نواند خورشیدی خاوەر زوو فیراری کرد کە دڵبەر خۆی نواند خورشیدی خاوەر زوو فیراری کرد خەجاڵەت ما و بە زەردی عەزمی پشتی کۆهساری کرد بە سۆزی سینە ناڵانی لە فەسڵی پایزا بولبول کە ڕۆیە ناو گوڵستان و خەیاڵی نەوبەهاری کرد خوا ڕۆژی ئەزەل ئەو بەژن و باڵایەی کە تەسویر کرد لە شەوقی ئەو بوو، خەڵقی عەرعەر و سەرو و چناری کرد وتی میسکی خەتا، بۆ من خەتایە لافی بۆنخۆشی کە هات و بۆنی عەتری پەرچەمی شێواوی یاری کرد ڕەقیب وەختێ کە دی یار میهرەبانە دەرحەقی عاشق تەقی کرد وەک سەگ و تۆپی، لە داخا ئینتیحاری کرد لە حەسرەت لێوی لەیلا بوو کە مەجنوون شێت و ڕیسوا بوو بەجارێ کەوتە کێو و دەشت و سەحرا، تەرکی شاری کرد کە بیستی موژدەیی تەشریفی تۆ، عاشق لە خۆشیدا حەیاتی مابوو تەنها و ئەویشی زوو نیساری کرد بژی ئەو شاهی حوسنە وا لە ڕووی لوتف و کەرەمکاری کە وا یادێکی حاڵی ئەحمەدی ڕووت و هەژاری کرد ++++++++++++++++++++++