شاعیر: موختار کتێب: دیوانی ئەحمەد موختار جاف سەرناو: ڕەقیبی سەگ هەتا چاوم کلا کرد ڕەقیبی سەگ هەتا چاوم کلا کرد منی دووچاری سەد دەرد و بەڵا کرد نیگار وەک ئاسکی وەحشی وەهابوو دەم ودەس چۆن لەگەڵ خۆی ئاشنا کرد کە دیمی ڕووی لە من چەرخان و ڕۆیی بەهانەی ڕۆینی، شەرم و حەیا کرد شوکور ئەو شۆخە دەردی عاشقی زار بە ماچی لێوی شیرینی دەوا کرد کە تۆ ڕۆییت دڵی بێچارەیی من ویداعی خۆی لەگەڵ عەیش و سەفا کرد نە تەنها ئەحمەدی بێچارە ڕووتە قوماری عیشقی تۆ زۆری گەدا کرد ++++++++++++++++++++++