شاعیر: موختار کتێب: دیوانی ئەحمەد موختار جاف سەرناو: نەخۆش کەوت نێرگسی بێچارە بۆ ئەو چاوە بیمارە نەخۆش کەوت نێرگسی بێچارە بۆ ئەو چاوە بیمارە قەدی نوشتایەوە عەرعەر کە دی باڵایی ئەو یارە برینی سەر دڵی دیسان بە ناسۆر کەوتەوە ناڵە لە داخی لێوی ئاڵی ئەو نیگارەی بێچووە عەییارە کە تای زوڵفی نواند سونبول خەجاڵەت بوو لەناو باخا فیراری کرد و ڕووی کردە بیابان وێڵ و بێچارە نواندی گەردنی خۆی، گەردنی مینای شکان دیسان موسوڵمانی نەهێشت حەڵقەی سەری ئەو زوڵفە زوننارە کە دی گۆنایی ئاڵت گوڵ لە باخا دوێنێ ئەم وەختە یەخەی خۆی دادڕی سەرتابەپێ وەک شێت و پەتیارە ملی کەچ کرد وەنەوشە، کەوتە بەر پێت وەک قەباحەتبار کە دەرکەوت خاڵی لێوت تێگەیی شێت و خەتابارە لەمەو پێش قافیە بەندەم، ئەمێستا بوو بە عەبدی من کە مەجبوورم بهێنم ناوی ئەو مەحبووبە نازارە لە زوڵفت لازمە دیسان بدووم لێم مەگرە مەحبووبم کە باسێکی درێژ و دوورە گەرچی ئێستە تیکرارە بە بۆنی عەنبەرە، وەک عەقڕەبی جەڕڕارە نێشی ئەو بە پێچ و حەڵقەیا حەقمە بڵێم بەو زوڵفە ڕەشمارە بڵێم بۆنی گوڵاو و عەترە ئەو زوڵفە کە هێشتاکە خەتایێکی عەزیمە گەر بڵێم وەک میشکی تاتارە وتم ماچێ کەرەم فەرموو بە ئەحمەد بەندەیی خۆتە وتی چی بکەم لە دەستی ئەم کوڕە بەگزادە بێ عارە ++++++++++++++++++++++