شاعیر: سالم کتێب: دیوانی سالم سەرناو: بە فەن ئەی موددەعی گەر بی بە ئیبلیس بە فەن ئەی موددەعی! گەر بی بە ئیبلیس فەریبی دڵبەرم نادەی بە تەلبیس لە جەوری ماهی بێ میهرم هەموو شەو دەگا ئاهی شەرەربارم بە بیرجیس دڵم تا جەننەتی وەسڵت قوبووڵ کا دەبەم ناوت بە قەد تەهلیلی ئیدریس پەرێشانە لە ڕووتا کافری موو مەگەر شێواوە سوڵحی ڕۆم و ئینگلیس مورادم ڕووتە هەرجا وەسفی مەه کەم دەبێ دوو بێ نیشانەی تیری تەجنیس خەبەر کەن شێخی واعیز با بزانێ بەجوز دەرسی مەحەببەت سەهوە تەدریس سولەیمانم بە تەمکین تا مەکانت لەناو مەهدی دڵا بێ میسلی بەلقیس ئەوەندە چەرخی داوم چەرخەیی چەرخ ڕەگی دڵ با درا وەک ڕشتەیی ڕیس ڕەقیب بۆ کاری سالم تۆی خەلەلخواه نەگا یا ڕەب بە مەتڵەب دوزدی دڵپیس ++++++++++++++++++++++