شاعیر: سالم کتێب: دیوانی سالم سەرناو: ربنا ساکینی کۆتن چ غوڵام و چ ئەمیر رَبَّنا ساکینی کۆتن چ غوڵام و چ ئەمیر وەکوو یەک ئەهلی نیازن، چ غەنیی و چ فەقیر بە ئومێدی کەرەمت شام و سەحەر سوجدەکونان دەکەن ئیزهاری ڕەزالەت چ گەدا و چ وەزیر بەنەزەر ڕەحمەتی تۆوە لە نەزەر ئەهلی بەسەر جوملە نەزدیکی نەجاتن چ زەلیل و چ ئەسیر شەرەفی خەلعەتی خاسست بەقەدەر کوللی جیهان چەسپە بۆ قامەتی هەر کەس چ تەویل و چ قەسیر زۆر بە کەم گاهی کەرەم قابیلە بۆ قودرەتی تۆ جورمی سیفری ئەحەدێکە چ قەلیل و چ کەسیر سەتحی دونیا وەکوو گەهوارەیە بۆ تیفلی بەشەر شیرەخواری کەرەمی تۆن چ سەغیر و چ کەبیر فیکری خاسسی نودەما و قودرەتی تۆ زیددی یەکن لەم ڕەهە مەحوی کەماڵن چ مودیر و چ موشیر تالیبت گەینە مەقامێ بە سەفای هیممەت و حاڵ چ تەفاوەت نییە بۆیان چ پەڵاس و چ حەریر شاهیدی خالیقە تەسویری خەلایق ئارێ زاهیرە قودرەتی سونعت چ لە بوڕنا، چ لە پیر حورمەتێکن لە کەفی بەخششی تۆ گەوهەر و خاک زیوەرێکن لە وجوودا چ قوماش و چ حەسیر ++++++++++++++++++++++