شاعیر: سالم کتێب: دیوانی سالم سەرناو: جیلوەیی عیشقت دەکا هەردەم لە دڵ نوور ئاشکار جیلوەیی عیشقت دەکا هەردەم لە دڵ نوور ئاشکار پێشی دیدەی دڵ لە ڕووتا ئاگری توور ئاشکار وام دەوێ سیڕڕی نیهانم قەت لە پەردە دەرنەچێ جەزبەیی عیشقت دەکا پێم ڕازی مەستوور ئاشکار کردوویە لێم زەعفی خۆم و شۆخیی و جەور و جەفات چنگڵی بازی شکار و حاڵی عوسفوور ئاشکار گەر بزانی نووکی پەیکانی موژەت چۆنەدێتە دڵ بۆت دەبێ سەعبییەتی سووراخی زەنبوور ئاشکار سەبکی شیعرم شاهیدە بۆ دڵڕوبایی دڵبەرم سووڕەتی چینی دەکا تەزئینی فەغفوور ئاشکار موددەعی خاتر ئیشارەی ڕووت دەکا حاشا مەکە مەبنییە بۆ بادەنۆشیت چاوی مەخموور ئاشکار ڕۆژ کە زاهیر بوو نیشانەی دەفعی نوسخەی زوڵمەتە زوڵفی تۆ، بێ شەو، لە ڕووی ڕۆژ کردی دەیجوور ئاشکار مەنعی زاریی دڵ کە سالم با نەدا عیشقت برووز بەزمی پەنهانی دەکا ئاوازی سەمتوور ئاشکار ++++++++++++++++++++++