شاعیر: سالم کتێب: دیوانی سالم سەرناو: جانم فیدایی سروەکەت ئەی بادەکەی سەحەر سەبارەت: وەڵامی نامەکەی نالی جانم فیدایی سروەکەت ئەی بادەکەی سەحەر ئەی پەیکی موستەعید لە هەموو ڕاهی پڕ خەتەر ئەی میروەحەی جەماڵی مەهاسای دڵبەران وەی شانەزەن بە کاکۆڵی تورکانی سیمبەر جاڕووکەشی مەنازیلی جانان لە خەڵوەتا فەڕڕاشی فەڕشی سەبزە، بەهاران، لە دەشت و دەر ماڵش دەدەی بە دەم لە دەمی خوابی سوبحدەم هەم زوڵفی قیرگوونە و هەم چیهرەیی قەمەر باری لە سروەکەت بە شنەی ئەنگەبینی، گەز کردوویە جونبوشت بە هەماغووشی نەیشەکەر وەختی تەوافی عاریزی دڵبەر، شنۆیی تۆ لەغزش دەخا بە توڕڕە لە سەر تا بە پێی کەمەر کەی دێتە خەندە غونچە دەمێ بێ وەزیدەنت؟ گەر تۆ نەبی درەختی چەمەن ناگرێ سەمەر ئەحیاکونی جەمیعی نەباتاتی عالەمی ڕەعنا کشا لە تەربیەتت قامەتی شەجەر ئابی حەیاتە ئاتەشی ئەفسوردەیی دەمت تەحریکی تۆیە گڕ لە تەنوورا کە دێتە دەر میحنەت ئەوەندە زۆرە، هێندە دڵم تەنگ بووە دوودی هەناسەیی سەحەرم هەوری گرتە بەر هیممەت کە چابوکانە بە ئیجرایی مەتڵەبم لەم سەر بڕۆ وەکوو بەرید و لەوێ بێ وەکوو تەتەر بۆ موڵکی شامە نامەیی من سوویی نالییە هەر حەرفی ئەو لە وەزعی ویلایەت دەدا خەبەر پرسیویە زاهیرەن لە ڕەفیقانی یەک جیهەت ئەحواڵی ئەسڵی شەهر و موقیمانی سەربەسەر لەوساوە حاکمی بە ستەم دەربەدەر کرا نەیدیوە کەس لە چیهرەیی کەس جەوهەری هونەر تا بوو بە جایی مەتلەعی خورشیدی موڵکی ڕۆم سووتا گیاهی تیشنە و خوشکیدە بوو شەجەر ناکەن هەوایی هیچ کەبابێ زەلیلی شەهر بوریانە بەس لە ناری غەما پارەیی جگەر جوز گاهی ئاه و گریە لە ئەییامی ڕۆمییا نەمدیوە وا ببێ لە فەرەحدا لەبی بەشەر سەیوان پڕە لە شەخسی ستەمدیدە خوار و ژوور هەر قەبری پڕ غەمانە لە هەر لا دەکەم نەزەر جێی تورکەکانی ڕۆمە دەر و ژووری خانەقا غافڵ هەموو لە جایی موریدانی باخەبەر ئەو حەوزە پڕ دەبوو کە وەکوو چاوەکانی ئەو تەغییرە ئاوی وەک دڵی مەردانی پڕ کەدەر ئەو دەشتە جایی یاریی یارانی حوجرە بوو یەکسەر مەقامی ڕۆمییە هەروەک تەهی سەقەر سووتا دڵم بە حاڵەتی جۆباری سەرچنار لێڵاوە چەشمەساری وەکوو چاوی بێ بەسەر زستانی ئەووەڵین بوو دڕا بەرگی شێخ هەباس ڕۆمی ئەوەندە شوومە لە شەخسیش دەخا زەرەر وەک پیری خوردساڵە خەمی داری پیرمەسوور مەشغووڵی لەغزشە هەمەجا پای تا بەسەر ئەو بەردەکانی ناوی نرا قسنی شەخسەکەی دایان بە شاخ و دارەکەیا تورکی بێ هونەر وەک چاوی بێ غەمانە هەموو شیوی ئاودار بەس موشکلە لە چەشمەیی ئەو قەترە بێتە دەر ئەوسا مەکانی ئاسکە بوو کانی ئاسکان ئێستە لە دەنگ و ڕەنگی ئەڕۆمی پڕە لە کەر ئەمڕۆ فەزایی بازیگەه جایی ڕەهزەنە لەو دەشتە دێ لە غەیبەوە ئاوازی ئەلحەزەر تا دوزدجۆیی نیمەشەبن تورکی بێ نیزام دوزدن هەموو لە خەرمەنی مونعیم وەکوو شەرەر شەهرێکە پڕ لە زوڵم و مەکانێکە پڕ لە شین جایێکە پڕ لە شۆر و وڵاتێکە پڕ لە شەڕ سەربانی پڕ لە کەژدوم و دیواری پڕ لە مار گەودالی پڕ لە ڕەهزەن و سەحرایی پڕ خەتەر دڵ نایەڵێ بڵێم چییە سامانی حوجرەکەی هەر تۆڕی عەنکەبووتە، حیجابی بیرون و دەر نایێ سەدا لە پەنجەرەکەی جوز فیغانی جوغد غەیرەز شەقامی مووری نییە شوێن و پێ گوزەر توو خوا بڵێ بە حەزرەتی نالی دەخیلی بم بەم نەوعە قەد نەکا بە سولەیمانییا گوزەر ئەم موڵکە نەزمی نابێ بەبێ زەبتی واریسی بێ ئەو بە قەسدی ئەم تەرەفە با نەکا سەفەر سالمسیفەت لە بێکەسیا با نەبێ هیلاک من کردم، ئەو نەکا لە غەما خوێنی خۆی هەدەر ++++++++++++++++++++++