شاعیر: سالم کتێب: دیوانی سالم سەرناو: چەشمەیی نەهری ڕەوان دیدەیی گریانی منە چەشمەیی نەهری ڕەوان دیدەیی گریانی منە موژە، تا مەددی بەسەر، نیلووفەرستانی منە بۆ بترسم لە شەبیخوونی عەدوو گاهی کەمین کە هەناسەی سەحەری خەنجەری بوڕڕانی منە مەرگ و سیححەت لە بەدەنما بە جەدەل دێن و دەچن وا لە ئازاری فیراقا شەوی بوحرانی منە تا موعەللیممە لە عیشقا دڵی با هۆش و خیرەد داوی زوڵفی سیەهت دەرسی دەبوستانی منە هەر تەرەف تیری نیگاهت لە دڵم بەسکی چەقی تا بە پەهلوو هەمەجا سینە نەیستانی منە غەم دەڵێی قەرزی بە من داوە سەری وەعدەیەتی ڕوو لە هەر گۆشە دەکەم دەستوگەریبانی منە جێی تەماشامە لە تیری نیگەهت سینەیی ڕێش زەخمی ئالوودە بە خوێنم گوڵی خەندانی منە عادەتم کردووە ئەزبەسکی بە چۆڵیی و کەنار جوغدی وێرانە لە هەر گۆشە سەناخوانی منە وا دەزانم کە لە فیردەوسی جەماڵا بە فەریب دانەیی خاڵی لەبت باعیسی عیسیانی منە لە زەمین تا بە فەلەک نیسبەتی بەد دوورە لە تۆ شاهیدی عیسمەتی تۆ پاکییی دامانی منە چ بڵێم حاڵەتی دڵ چۆنە لە هیجرا سالم سەحنی گوڵزاری سەنەندوج وەکوو زیندانی منە ++++++++++++++++++++++