شاعیر: سالم کتێب: دیوانی سالم سەرناو: لە نووری لامیعی تەشتێکی ڕاگرت و وتی ڕوومە لە نووری لامیعی تەشتێکی ڕاگرت و وتی: ڕوومە بە دۆشا ئەژدەهای پڕنێشی ڕاکێشا، وتی: موومە تکام کرد: قەتڵی من ناحەق نییە واجیب وتی: فەڕزە وتم: بۆ ئاگرت بەردایە عومری من؟ وتی: خوومە وتم: تەنها منم پابەندی عیشقی تۆ، وتی: گوم بە! هەزارێکی وەکوو تۆ کوشتەیی شەمشێری ئەبروومە وتم: گەردەنکەچی عیشقت منم تەنها؟ وتی: شێتی؟ سەدی وەک تۆ لە هەر سوو بەستەیی زەنجیری گێسوومە وتم: با بەس لە خوانی وەسڵی تۆ نەومیدی جاوید بم وتی: مردووت مرێ! عاشق هەمیشە زار و مەحروومە وتم: زەخمی دڵم کاریگەرە توند بوو، وتی: لاچۆ بە من چی؟ تیرەبارانی نیگاهی چاوی جادوومە وتم: زارم لە غەم، ڕوانیی، وتی: قانوون مەشێوێنە وەفا بۆ دڵبەران هەی بێخەبەر یەکبارە مەعدوومە وتم: سالم دزە، دەستی بوڵەند کرد ئاینەی ڕاگرت وتی: کێشکچیی ئەم باغە بەدایم خاڵی هیندوومە ++++++++++++++++++++++