شاعیر: سالم کتێب: دیوانی سالم سەرناو: غەم وەکوو یەم هاتە جۆش و کەوتمە گێژاوی بەڵا سەبارەت: لە هەجوی ئەسپی حەمەی ئەحمەددا غەم وەکوو یەم هاتە جۆش و کەوتمە گێژاوی بەڵا ئاوی هائیلزایە کەشتی کەوتمە حاڵی حەلوەلا شەتتی میحنەت هات لەسەردا سەددی هۆشی ڕاڕفاند بادی غەم لێم بوو بە شەرکێ جیسری شادیم تێک شکا گەمیە کەوتە گێژی نەمروود تەن وەکوو ئاش هاتە خول بای موراد کەی دێ خەبەر دە تۆ خودا ئەی ناخودا دادی دەریای میحنەت و تۆفانی غەم با بەس بدەم بێمە شەرحی بەدفیعالی بۆزەیی دامەن سیا ئەی ڕەفێق کۆزیلکەیە، بێن، وەک حەسار دەورم بدەن بێ جڵەو سوارم، وەرن سەیر کەن لە بارگیری قەزا ئەسپەکی بۆز و ترووسک و سەرکەش و توندشیڕەتە وا سڵە گەر خشپە بێ جووتە لە کلکی خۆی دەدا سپیە سەرپاک موو و بژانگ و ژێرقەپۆز و یاڵ و دووی گەندە باخەڵ جووتە پێشانی چەپ و ڕاست دەست و پا گەر زڕنگەی پڵپڵە و زەنگی جەرەس بگهێتە گوێی جووت لەسەر پاشوو دەوەستێ میسلی ورچ دێتە سەما دەست ئەبەم زینی بکەم چوونکە لە سواری عاجزە بۆ لەقە خۆی خۆش ئەکات و مۆڕ ئەبێ لێم لابەلا گەر لەلایێ دابەزم باز نییەتم بێ سواری بم ئاوزەنگ نادا لە دەورم دێتە خول وەک ئاشی با گەی لە گوێی جۆگە کە بگرێ دێم بە توندی لێی خوڕم تاق و جووت، جووتە ئەوەند داوێژێ، پاڵوو هەڵدەکا کا و جۆی گەر بێنمە پێش وەک کەر دەلووشکێ و هێدییە گەر لەغاوی بۆ بەرم بۆ جووتە پاشووم تێدەکا وەختی ئالیک ڕووبەڕووی ماڵ وەک شەماڵ شیریندەوە بۆ ڕێگەی تەعجیل ئەوەند سستە دەڵێی وا داوەشا وەک کەری دێز فەوتی خۆی و ڕەنجشی خێوی دەوێ هەر لە ناکاوا بە عەمدەن خۆی لە خمخۆرک دەخا وەک سەگێکی پەتپسێن بێ و سەد سنک ببڕێ بە دەم دەم دەبا کەڵبەی لە پێچکەی لالەغاوی گیر دەکا گەر حەمەی ئەحمەد بڵێ بۆز خۆشبەزە باوەڕ مەکەن ئیمتحانم کرد لە مەرگە واقیعەن بڵح ڕادەکا گوایە ئیزهاری غرووری خۆی دەکا دێم زینی کەم هەڵدەتووڕێنێ وەکوو گای بارنەبەر خۆی شێت ئەکا گەر لە بازار بیفرۆشن دۆم نەبێ کەس نایکڕێ بۆ بنی هێڵەک لە کن من کلک و یاڵی دەس دەدا دوو قرۆش بۆ ناڵی، شایی کلکی، چەرمی دوو ڕیاڵ پێنج قرۆش و شاییەکە نرخی بۆزەی کەمبەها وەک خدر قوشچی چەقەڵ فێر بوون حیسابی فارسی ئەستێرە دەژمێرن ئاخۆ لاکی بۆز کەی دێتە لا؟ ++++++++++++++++++++++