شاعیر: سالم کتێب: دیوانی سالم سەرناو: غەیری سەودا و خەفەت ئەم سەرە سامانی نییە غەیری سەودا و خەفەت ئەم سەرە سامانی نییە غەیری تەسلیم و جەفا ئەم دڵە دەرمانی نییە دڵ لە گێژاوی یەمێکا بە شەنا مەشغووڵە تا وەکوو مەددی بەسەر ساحیل و پایانی نییە مەنزەری عاشقی بێچارە عەجەب باغێکە قەت لە هیچ شاخێ گوڵ و غونچەیێ خەندانی نییە وەه لە پێچ و شکەن و نەفحەیی گێسوویی سیات جەننەتیش بەم سیفەتە سونبول و ڕەیحانی نییە نەوحە وا خوێنی شەپوڵ دا لە تەنوورەی دیدەم نووح بە هیچ مەرتەبە لەم مەرکەزە تۆفانی نییە ئەووەڵ و ئاخری دونیا وەکوو دەندان و لەبت تاجیری ڕوویی جیهان لوئلوء و مەرجانی نییە قەڕنەها شێوەیی نووری ڕوخی گوڵبەرگی تەڕت نوقرەی تاجی شەهان گەوهەری ڕەخشانی نییە پیری جاندادە خەبەر کەن لە جەلالیی یووسف قەت بە ڕەنگێ لە دڵا فیکرەتی کەنعانی نییە سالمی غەمزەدە نازانێ نیسارت چ بکا خۆ لەدەس جەوری غەمت نەقدی دڵ و جانی نییە ++++++++++++++++++++++