شاعیر: سالم کتێب: دیوانی سالم سەرناو: دوژمنی خوونخواری شەو بۆ قەلبی مەحزوون هاتەوە دوژمنی خوونخواری شەو بۆ قەلبی مەحزوون هاتەوە تیپی غەم دیسان لەهەر سەر بۆ شەبیخوون هاتەوە تێک شکا دوێشەو لە تۆفانی خەما کەشتییی هۆش بۆ تەنیش ئەمشەو لە ئەشکی دیدە جەیحوون هاتەوە چەند ڕۆژێ بوو لە دەست جەوری فەلەک ئاسوودە بووم بۆ موسیبەت باز بەسەرما کەیدی گەردوون هاتەوە شیشەیی دڵ بەس لە کونجی سینەدا پۆشیدە بوو باز بەسەریا غەم وەکوو سەنگی فەلاخوون هاتەوە مەنزڵی مەقسوودی عاشق وەک فەرامۆشخانەیە دڵ کە چوو ناپوختە بوو لەو سەر بە مەجنوون هاتەوە ئەشکی گوڵگوون ڕەونەقی هێنا موبارەک کۆهکەن! سواری شیرینت لە خانەی زینی گوڵگوون هاتەوە دارووە بۆ سەعبی عیللەت دیدەنی دیداری یار موژدە بێ بیماری غەمگین وا فەلاتوون هاتەوە خۆم گەلێ پاراست لە نەزدیکی ڕەقیب دادی نەدا ناگەهان بۆ من وەکوو هەمزادی تاعوون هاتەوە ئەی عەجەب سالم لە سەحرا ڕوو لە ئابادی دەکا یاری شاری موژدە بێ چۆڵگەردی هاموون هاتەوە ++++++++++++++++++++++