شاعیر: سالم کتێب: دیوانی سالم سەرناو: غەم لە دڵ بۆ فەوتی شادی مەیلی سەرخۆشی دەکا غەم لە دڵ بۆ فەوتی شادی مەیلی سەرخۆشی دەکا سوبحی عیشقە شەمعی عەقڵم ڕوو لە خامۆشی دەکا زوڵفی شەبڕەنگت وەکوو ڕۆژە پەرێشان با نەبێ وا سەحاباسا لە ڕووتا قەسدی مەهپۆشی دەکا بۆ ئەدایی تەعزییەی من تورکی چاوی مەستی یار بۆ تەرەب هەردەم لە بەزمی عیشوە مەینۆشی دەکا داستانی عیشقی من فاشە لە هەر کووچە و سوقاق عەقڵی دێوانەم لەپاش ئەم حاڵە سیڕپۆشی دەکا کەسرەتی زەعفم لە هیجرانا گەییشتە مەرکەزی دڵ لە سینەمدا بە دایم مەشقی بێهۆشی دەکا دڵبەری باڵابڵندم گەر خەرامان بێ بە ناز سەروی گوڵزاری ئیرەم چۆن مەیلی هەمدۆشی دەکا گەر نەوێڕێ ڕێی سەگی قاپیت بەرن بۆ جێی غەریب سالمی مسکین لە دەرگا حەڵقەدەرگۆشی دەکا ++++++++++++++++++++++