شاعیر: سالم کتێب: دیوانی سالم سەرناو: خەیاڵی نێشی موژگانت لەناو دڵما وەکوو تیرە خەیاڵی نێشی موژگانت لەناو دڵما وەکوو تیرە بە یادی قەوسی ئەبرۆت گەردەنم نەزدیکی شەمشیرە ڕومووزی عیشق ئیشکالە لە حەددی قیل و قال نایێ؛ نە کاری کەنز و کەششافە نە باسی کەشف و تەفسیرە لە هەر سوو ئەهلی دونیا جوملەگی گەردەنکەچی یارن بەسەر موڵکی دڵاندا، ئەم وەکوو شاهی جەهانگیرە بتی من تۆی و من زونناری خانت؟ جگەر لاتە بنازم زوڵف و ڕوخسارت دەڵێی قیندیل و زەنجیرە بەبێ ماری فیراق کوشتن نییە گەنجی ویسال بۆ کەس بە خاسییەتی جەفای عاشق یەقین ئەجزایی ئیکسیرە چ حاجەت تیری موژگان ڕووبەڕووی دڵ ڕاگری هەردەم؟ بەبێ تەمهیدی لەشکر خودبەخود تەسلیم و تەسخیرە چ موشتاقم لە توندیدا بە لەب کەی ئاشنا حەرفێ! ئەگەر تەڵخیشە هەر بیڵێ، لەلام وەک شەککەر و شیرە ڕەفیقان! ئێوە گەر ئاشوفتەیی یارانی ئەکرادن بە شۆخی، دڵبەری من خوسرەوی خووبانی کیشمیرە موجەڕڕەد بە ڕەفیق، بێ، تەوسەنی نەفست بەجێ بێڵە لەڕێی عیشقا هەموو پێچێکی سەد شەیتان جڵەوگیرە! لە دونیادا خوداوەند حەرفی موفسید قەت قوبووڵ ناکا ڕەقیب هێندەی درۆ کرد سەیری ڕووی کەن هەر وەکوو قیرە! ڕەقیب ناهێڵێ قەت یارم لەگەڵ من لەحزەیێ جووت بێ لە شێوەی فیتنەجۆییدا، خوداوەندا! چەنێ پیرە؟ ! ڕەفیق خۆتان بچن بۆ سەیری سەحرا، کەوتووە سالم سەفەر مومکین نییە لەم ئاستانە، خاکی دڵگیرە ++++++++++++++++++++++