شاعیر: سالم کتێب: دیوانی سالم سەرناو: (الا يا ايها الساقي) بە موفلیس وەختی ئێحسانە سەبارەت: نووسین: بینایی دیدە (الا يا ايها الساقي) بە موفلیس وەختی ئێحسانە (ادر كاسا و ناولها) عەتا شێوەی کەریمانە عەرووسی بیکری مەغروورم لە مەهدی جامی بللوورا قەراری بەستنی مەهری لە عەشقا نەقدی ئیمانە! دڵی پڕحەسرەتم ئەمشەو لە عەشرەت خاڵییە، سا دەی! مەیێڵە بمکوژێ حەسرەت، بە عەشرەت پڕ کە پەیمانە لە بێ شەوقی سولووکی تۆ، بەجارێ مەقسەدم گوم کرد بە شوعلەی شەوقی مەی بمبەن هەتا دەرگایی مەیخانە لە ڕووتا موئمن و تەرسا، لە وەسفت هەر دوو سددیقن! چەلیپای زوڵف و نووری تەلعەتت جێی کوفر و ئیمانە بەهاری ئەسڵ ئەگەر حوسنت نییە ئاخر بڵێ بۆچی بەرابەر تۆ سرشکم موتتەسیل وەک ئاوی بارانە لە حەڵقەی بەزمی دڵدارا، بە عەشرەت مەجلیسی گیرا بە تەنها دیم لە ناو ئەو جەمعەدا (سالم) پەرێشانە ++++++++++++++++++++++