شاعیر: سالم کتێب: دیوانی سالم سەرناو: ئەو کەسە دایم لە دڵدا مەیلی بۆ ئازارمە ئەو کەسە دایم لە دڵدا مەیلی بۆ ئازارمە ڕۆژ و شەب بۆ تەندروستیی ئەو، دوعا ئیشعارمە جۆشی گریەم ئەشکی ئاڵی وا بە دامەن ڕیتووە دەشتی ڕەی تا دێتە بەرچاوم هەموو گوڵزارمە سەتحی قەزبین و کەرەج تا بەندی جولگەی ئیشتیهار شۆرەزاری هەر چی بێ فرمێسکی دیدەی تارمە تا لە گەیلان بارش و تا تەم دەماوەند داگرێ ڕێزشی ئەشک و هەناسەی سینەیی ئەفگارمە موڵکی ڕەی، نەجد و منم مەجنوون و لەیلا دڵبەرم بێستوون، ئەلبورز و من فەرهاد و شیرین یارمە سیدقی پاکی بێتە ڕێم با موددەعی بگرێ کەمین بۆ تەوافی کەعبەیی کۆی تۆ خودا سەتتارمە یاری سالم کوا لە هیجرا ڕۆژ و شەو جوز یادی یار مەیلی تەنهایی دەکەم تا یادی دڵبەر یارمە ++++++++++++++++++++++