شاعیر: سالم کتێب: دیوانی سالم سەرناو: هەموو شەو چاوەڕێم بەڵکم بە مەخفی یاری جانی بێ هەموو شەو چاوەڕێم بەڵکم بە مەخفی یاری جانی بێ لە تاریکیی شەوا شوعلەی چرا موشکیل نیهانی بێ چرای ئەووەڵ شەوی قەبرم گڕەی دڵمە لە هیجرانت بە سروەی بای ئەجەل شەمعی حەیاتم هەر کە فانی بێ لە سەحرای مەحشەریشا یاری من تەرکی ستەم ناکا فیدای ئەو شۆخە بێ ڕۆحم کە جەوری دوو جیهانی بێ لیقا خواهیش دەکەم دایم کە بنوێنێ وەلێ ناچار ڕەزام حەرفێ لە جوابت بشنەوم گەر لن ترانی بێ بە شێوەی چەنبەریی قەددی خەمیدەی پیری بێتاقەت دەبێ فیکرێ بکا یار ئەر غورووری نەوجەوانی بێ بەجوز مانی، موسەوویر قەوسی ئەبرۆی وی نەکێشاوە کە مانی نەقشی کێشا بێ دەبێ هەروا کەمانی بێ وەفا داغی نەکا گەر دڵ بە کزلک چاکە دوولەت بێ زوبانی پێوەدا عەقرەب کەسێ سیدقی زوبانی بێ ڕەوانی کۆهکەن با تازە کا تەقریری شیرینم بە شیرینیی لەبت ناگا شەکەر با ئیسفەهانی بێ خەمۆشی بەسیەتی سالم برینی باتینی کوشتمی نیهانی تا بە کەی خوێنم حەنای پەنجەی فڵانی بێ ++++++++++++++++++++++