شاعیر: سالم کتێب: دیوانی سالم سەرناو: ئەگەر نەخلی مورادم بێ سەمەر بێ ئەگەر نەخلی مورادم بێ سەمەر بێ بە من چی باغی دونیا جوملە بەر بێ ڕەقیب یار ئەر بە من بۆسێ کەرەم کا بە تۆ چی گەر هەمووی شەهد و شەکەر بێ لە وەختێکا سەری خۆم بێ کڵاو بێ بە من چی تاجی شاهی پڕ گوهەر بێ؟ ڕەقیب ئەمجار کە دڵبەر رامە بۆ من بە تۆ چی گەر هەموو شام و سەحەر بێ کە خۆم ڕەختی غوڵامی شک نەبەم هیچ بە من چی خواجە گەر زەڕڕین کەمەر بێ ئەیا دوشمن کە بەختم هاتە یاری بە تۆ چی گەر قەبای شاهیم لەبەر بێ لە کونجێکا لەگەڵ یار ئەر بنیشم بە من چی عالەمێ زیر و زەبەر بێ؟ ئەرێ حاریس کە مونعیم پێم کەرەم کا بە تۆ چی سەد تمەن گەر بیشتەر بێ بە نەومیدی دەرم کا گەر لە دەرگا بە من چی تاق و حوجرەی پڕ لە زەر بێ؟ کە سالم بازی دەوڵەت هاتە سەر من بە تۆ چی دوشمن ئەر خاکی بەسەر بێ ++++++++++++++++++++++