شاعیر: سالم کتێب: دیوانی سالم سەرناو: ئیشارەی غەمزە ڕەنگە قەسدی سەر بێ ئیشارەی غەمزە ڕەنگە قەسدی سەر بێ کە بۆ سەر بێ دەسا با زوودتەر بێ سەرم گەر سەرسەری شۆرەت قوبووڵ کا هەموو مایەم سەراسەر دەردیسەر بێ حەساری سینە با لابەم لە ڕێدا مەبادا بۆ دڵم تیرت خەتەر بێ گوشادیی دڵمە هەر جا گەر لە تیرت لە سینەم بۆ هەناسەم ڕێ گوزەر بێ لە خۆشیدا کەسێ دوشمنمە گاهێ بە ڕووی مندا لە ڕووی تیغت سوپەر بێ ویداعی دڵ دەکا جانم لە چاوت کە وەختێ تیرەبارانی نەزەر بێ چ مەنناعێ فیراقی خستە بەر من ئەویش وەک من خودایا دەربەدەر بێ شەفیعم بێ بە عەفو ئەر قابیزی جان لەڕێی تیرت دەبێ خوونم هەدەر بێ وەها پڕ بوو لەبالەب دڵ لە غەمها دەترسم جێی نەبێ مەیلت بەدەر بێ ئەگەر گاهێ تەڵەب کا عاشقی زار بە پێ نا ڕەنگە سالم هەر بە سەر بێ ++++++++++++++++++++++