شاعیر: سالم کتێب: دیوانی سالم سەرناو: لە سینەم دا سەدای ناڵینە بێ تۆ لە سینەم دا سەدای ناڵینە بێ تۆ دڵی زارم بەسێ غەمگینە بێ تۆ ئەبەد وەک من غەمیش ساحیب وەفایە ڕەفیق و هەمدەمی دێرینە بێ تۆ هەناسەی سەردی من دێنێ زومستان گڕەی گەرمی دڵم هاوینە بێ تۆ دەمم تاڵ و سروشکم شۆرە دایم ترش ڕووم و قسەم شیرینە بێ تۆ دڵم باغ و گوڵم فرمێسکی ئاڵە بەهار عومر و ئەجەل گوڵچینە بێ تۆ سروشکم قرمز و دیدەم سفیدە ڕوخم زەرد و لیباسم شینە بێ تۆ فەرەح ڕابورد ئەبەد بێ تۆ عوبوور کا بە ڕووی دڵما خەفەت پەرژینە بێ تۆ لە چنگ غەم سەیدە سالم وەک کەبووتەر لە دڵیا میخلەبی شاهینە بێ تۆ ++++++++++++++++++++++