شاعیر: سالم کتێب: دیوانی سالم سەرناو: لە قیبلەی ڕوو برۆت میحرابە بۆ دڵ لە قیبلەی ڕوو برۆت میحرابە بۆ دڵ بە لەب قوبلەت وەکوو جوللابە بۆ دڵ شەوی دەی بێ چرا پڕنوورە کولبەم خەیاڵی عاریزت مەهتابە بۆ دڵ ئەلەم ئاسایشی ئەربابی عیشقە هەموو خاری جەفا سەنجابە بۆدڵ قەنارە حازرە هەر سوو لە موژگان لە چاوتا مەردومەک قەسسابە بۆ دڵ لە جەورت وەک سەمەک گەر بچمە دەریا موژەت بەرگەشتە، وەک قوللابە بۆ دڵ لە حەسرەت هاتە لەغزش قەلبی سالم خەیاڵت مەعدەنی سیمابە بۆ دڵ ++++++++++++++++++++++