شاعیر: سالم کتێب: دیوانی سالم سەرناو: خستیە چەه تا ڕۆستەمی بەختم نەدامەت وەک شوغاڵ خستیە چەه تا ڕۆستەمی بەختم، نەدامەت وەک شوغاڵ بەهمەنی غەم عەیشمی تێک دا وەکوو ئەیوانی زاڵ ڕۆژی ڕۆشن کەی دەبینم تا موقابیل تۆ نەبم مەردومەک کوانێ لە چاوما لابدەی گەر عەکسی خاڵ؟ بێتە سەر دامانی نازت تا سەری ڕەشماری زوڵف بۆ نیازم کەی بە دامانت دەگا دەستی خەیاڵ؟ بانی سەر فەرشی ڕەهت بوو چونکە پاشێلت نەکرد ئەشکی حەسرەت دێ بە ڕووما وەک تکەی وێرانەماڵ لافی چی لێ دەم لە هەمڕەنگی لەب و پوستانی تۆ وا نە نارم دی لە بوستانا، نەوا گوڵناری ئاڵ! ماه ئەگەر وەک تۆ جەماڵی بێ لە کوێ بێنێ قەدت سەرو ئەگەر وەک تۆ سەهیقەد بێ لە کوێ بێنێ جەماڵ؟ تا لە دڵما بێ خەیاڵی وەحشی تۆ دەگرم نەفەس نەک بە سروەی بای هەناسەم ڕەم بکا میسلی غەزاڵ زوڵمی بێ پایانی تۆ تا بێ بە دڵ لەززەت دەدا یا ئیلاهی! قەت نەبێ بۆ زاڵمی سالم زەواڵ ++++++++++++++++++++++