شاعیر: سالم کتێب: دیوانی سالم سەرناو: هەموو ئەشعاری دۆشینم لە وەسفی لێوی نۆشین بوو هەموو ئەشعاری دووشینم لە وەسفی لێوی نووشین بوو دەچەسپا لەب بەسەر یەکدا حەکایەت بەس کە شیرین بوو گرانموهری دەهانی تۆ بڕی بەندی تەرازووی دڵ دەڵێن: یەک نوقتە وەزنی هیچە بۆچ ئەم نوقتە سەنگین بوو؟ مەڵێن مەجنوون شکا شانی لە بووسینی سەگی لەیلا لەلای ئاشق خیلافی عاقڵی ئەو هەتکە تەمکین بوو عوبووری دڵ بە چینی زوڵفتا بۆ ماچی ڕوخسارە قەلەندەر ڕاستە بۆ چین چوو وەلێ مەیلی بە ماچین بوو لە کوڵمت هەرچی خاریج بێ سەری ئەگریجە قەیچی کە بڵێن با: سەربڕینی خاریجی بۆ ڕەونەقی دین بوو قەراری عاشق و قانوونی حیکمەت زیددی یەک هاتن کە تەسکینی برینی دڵ لە نەفحەی زوڵفی موشکین بوو بە ئیمای دیدەیی مەعشووقە عاشق کێو لەبن دێنن لەلای سالم کەنەنندەی بێستوون موژگانی شیرین بوو ++++++++++++++++++++++