شاعیر: سالم کتێب: دیوانی سالم سەرناو: هەر یەکێکە خودایی حەق نەک دوو یاری ساحیرنەژادی سیلسیلەموو دڵی بردم بە دیدەیی جادوو دڵی ڕەوشەن مەکانی لەیلایە مونعەکیس بوو میانی ئایینەڕوو بەعدەزین کاری من بە زوننارە دینی بردم نیگاهی تەرساخوو هەڵسە ئەی دڵ بچینە لای مەجنوون ڕشتەیی عاقڵی لەدەس دەرچوو دڵی پێکا بە عیشوە تیری موژە تورکئەندێشەیی کەمانئەبروو کەرەمی کرد سیاهی و مەستی نێرگسی ئەو بە دیدەیی ئاهوو باد ئەگەر ڕێی نییە بە توڕڕەیی یار بۆ دەماغم بە بۆ موعەتتەر بوو مەستیی من وەرایی یارانە ساقیا خم بده به جای سبو گڕی بەست دڵ بە شەو لە نەشئەی ڕام هاتووچۆم بوو لە مەستییا هەر سوو شەهپەڕی دا لە دڵ خەرووسی سەحەر دای غوباری کودوورەتم جاڕوو چووە سەر شاخی گوڵ وتی بولبول: هەر کە زانی لە داوی شەو بەربوو هەر یەکێکە خودایی حەق نەک دوو وحدهُ لا الٰه الّا هو باز دڵ بێقەرار و شەیدایە شیفتەی زوڵف و خاڵی لەیلایە بێ ڕەوانم ئەگەر نەدا بووسە لەبی دڵبەر مەگەر مەسیحایە؟ هەر سەمەر دڵ هەوا دەکات دەستکەوت وەسڵی دڵبەر درەختی تووبایە ئەی سەبا لا دە موو لەسەر چیهرە مەرگی عاشق شەوانی یەلدایە حەسرەتا دڵ لە فیکری گێسوودا وەکوو سەنعان بە دینی تەرسایە ساڵ و مەه بۆ سەبووحیی ڕەندان دەری مەیخانە سوبحدەم وایە چوومە مەیخانە سوبحدەم بۆ سەیر دیم لەوێشا خورۆش و غەوغایە هاتە گوێم کافرێ بە گریە وتی: کاری هەرکەس بە فەردی یەکتایە هەر یەکێکە خودایی حەق نەک دوو وحدهُ لا الٰه الّا هو زوڵفی تۆ موو بە موو خەریکی خەمە دڵی من توو بە توو غەریقی غەمە ساغەری تۆ لە بادە دایم پڕ خاتری من هەمیشە پڕ ئەلەمە قەت بە ئوممێدی مەرحەمەت نابم لە تەرەف تۆوە قیسمەتم ستەمە بوو بە خوێن جەرگ و دڵ لە تیری موژەت ڕەنگی ئەشکم لە دیدە وەک بەقەمە ئەشکی نوقرەم ڕژاندە دامەنی یار دانەزانێ حەریفی بێ درەمە بێ کەسانە مەخۆ دڵا میحنەت نییە ڕێگەت ئەگەرچی لەو حەرەمە کەسی بێکەس کەسێکە بۆ هەر کەس مەنبەعی جوود و مەعدەنی کەرەمە هەر یەکێکە خودایی حەق نەک دوو وحدهُ لا الٰه الّا هو غەم وەکوو کووه و تەن زەعیف و نەزار دڵ یەکێ، غائیلەی زەمانە هەزار لەبی بەستم لە گفتوگۆ دڵبەر تا نەکەم دەردی دڵ بە کەس ئیزهار غەیری دڵبەر کە مەحرەمی ڕازە ناکەسم گەر بە کەس بڵێم ئەسرار ڕشتەیی مەعریفەت لە دەس دەرچوو عارە بۆ من ڕەفاقەتی ئەغیار ئەی خیرەد تۆ خوا لەدڵ دەرچۆ دڵ نەماوە لە فیرقەتی دڵدار بە حەقیقەت جیهانی بێ بونیاد نییەتی بۆ کەسێ سوبات و قەرار مەکە زاهید منی بە شەوقی زەمیر هەر ئەتۆ نیی بە سیڕڕی حەق هۆشیار وا لە سەربانی بوتکەدە ڕاهیب ئەم کەلامە دەڵێ بە ناڵەی زار: هەر یەکێکە خودایی حەق نەک دوو وحدهُ لا الٰه الّا هو ++++++++++++++++++++++