شاعیر: سالم کتێب: دیوانی سالم سەرناو: بە تەنگە دڵ لە سینەمدا وەکوو مورغی قەفەس ئەمشەو بە تەنگە دڵ لە سینەمدا وەکوو مورغی قەفەس ئەمشەو بە جان شیوەن دەکەم یاران لە هیجرا ناهەوەس ئەمشەو خەو و تەرەف و فەراغەت زەحمەتە بۆ عاشقی بەدبەخت موژەم یەک یەک لە چاوا بوو بە نێشی خار و خەس ئەمشەو کە مینقاری هەوەس ناگاتە سەر شەککەر وەکوو تووتی بەسەر خۆما دەدەم دەستی تەئەسسوف وەک مەگەس ئەمشەو جڵەوڕێز وا بە چوستی هات و لێی دام ڕەهزەنی ئەندووه لە جەڵدەڕاهی حەلقووما بڕیی ڕێگەی نەفەس ئەمشەو سەر و پێچ و دەم و ڕیشی ڕەقیب سەیر کەن ڕەفیق ئامان بە چۆکا هاتووە ئەفگەندەسەر هەر وەک تەرەس ئەمشەو لە مەیدانی بەلاغەتدا قەڵەم سەرخۆشە بۆ نووسین لە هاتووچۆ و تەرەددوددا دەکا مەشقی فەرەس ئەمشەو ئەگەر دڵبەر بپرسێ حاڵی سالم پێی بڵێن تۆ خۆش لە کێوی میحنەتا ناگا بەسەریا هات هەرەس ئەمشەو ++++++++++++++++++++++