شاعیر: سالم کتێب: دیوانی سالم سەرناو: من و بادی سەحەر یاران عەجایب بێ قەرارێکین من و بادی سەحەر یاران! عەجایب بێ قەرارێکین بە سەرگەردانییا هەر دوو دەڵێی مەشغووڵی کارێکین لە سایەی دەوڵەتی حاجیب، مەکان و ئاشنام دەسکەوت لە کۆی جانانەدا دایم لەگەڵ سەگ یاری غارێکین لە هەمدەردت مەکە وەحشەت، وەرە بولبول ڕەفێقت هات بناڵین با بەجووت هەر یەک، ڕەهەندەی گوڵعوزارێکین سەدای گریانی خۆم و دەنگی ناڵەی دڵ لەدەس هیجران وەها دێ موتتەسیل شەو، هەر دەڵێی زەنگی زەوارێکین تەنی زار و ڕوخی زەردم، لە حورمەتدا خەس و پووشن لە مەددی مەوجی بەحری لوتفی یارا بەرکەنارێکین لەگەڵ زاهید بە تەقدیری فەلەک هەرگیز جودا نابم لە قوربی غەیرە ڕەغبەتدا بەمیسلی سیر و مارێکین ستادەم خۆم و جان و دڵ بە سالم وەختێ ڕابووری لەڕێگەت نەقد دەر کەف بۆ نیسارت ئینتزارێکین ++++++++++++++++++++++