شاعیر: سالم کتێب: دیوانی سالم سەرناو: لێم گەڕێن با گۆشەگیر بم دەستەوئەژنۆ کەفزەنان لێم گەڕێن با گۆشەگیر بم، دەستەوئەژنۆ، کەفزەنان گێژەڵووکەی بای نەدامەت تاری کرد سەفحەی جیهان شارەزوور بەحر و سولەیمانی لەسەر ئاو، گەمیەڕەنگ بۆ شکستی وەک نەهەنگ بوو فیتنەیی ئاخرزەمان کێ دوعای کردبێ بەسۆز ئەمساڵ لە کشتی شەهرەزوور دا ببارێنێ لە تەنخوای تەرزە ڕۆمی، ئاسمان؟ ڕاستە گەردوون چابوکە بۆ ڕەنگی بەد ڕیتن وەلێ ناڕژێنێ ڕەنگی بەم ڕەنگە بە موددەی سەد قیڕان بەزمی سەیدی ئێمە سەییادی فەلەک کارێکی کرد ڕەنگە باڵای تیرقەددان بێتە تەرکیبی کەمان زیعفی تالیع جازیبە وەک کەهڕوبا بۆ خوێن و دەم سەیری چیهرەی بەختی من کەن بوو بە ڕەنگی زەعفەران نەوبەهاری من خەزان و فێنکیی سوبحم تەمووز پەرتەوی ماهە غەم و چاکی دەروونم وەک کەتان تورکی قورسی خۆر کە تالیع بوو تولووعی کرد بە ڕەقس کەوکەبەی ماهی مورادی ئەهلی بابان بوو نیهان ئاگری نەگبەت لە خەرمەنهایی تالیع کەوتەوە شەمعی دەوڵەت هەر تەرەف دەگڕا هەموو خامۆش کران حەلقە دەین یاران بڵا ئاشوفتەبەخت و تیرەڕۆژ ڕۆزگار دونیای لە ئێمە کردە گێسووی دڵبەران هەوری بەدبەختی کە هاتە ڕووی فەلەک وەک ڕەنگی قیر کەوکەبەی ماهی مورادی ئەهلی بابان بوو نیهان ساعیقە و بەرقی نەدامەت زوڵمەتی دا شەرق و غەرب بەردەبارانە بە مەخسووسی لەسەر موڵکی بەبان چاوی عیبرەت هەڵبڕە ئەی دڵ لە وەزعی دەهری دوون سەیر کە سا تورکی فەلەک چیی کرد بە زومڕەی کوردزوبان چارەسەر کەن ئەهلی دەروێش نانی مفتیمان بڕا لوولە بوو سفرە و نەواڵە، ون کراوە زەرف و خوان ئەهلی سادات و مەلا و حاجی بڵا شین کەن بەسۆز دەفتەری ئەهلی وەزایف دیم عوموومەن حەک کران عەرسەیی مەیدانی چەرخە ئێستە جەولانگاهی بووم بوو بە لانەی زاغی بەدخوو، ئاشیانەی باڵەبان دڵ لە میحنەت کەیلە تابی سەیری ناوشارم نییە عەینی چاوم خوێنی تێ زاوە لە داغی مەردومان بێ زوبان کووکووزەنان هەر خانەدان تێ دەفکرم عەنکەبووت خواجانشینە و جفت جوغدن دیدەبان حاکمە ڕۆمی لەسەر تەختی سولەیمانی درێغ کەوتە دەستی دێوی دوون موهری سولەیمان ئەلئەمان مەجلیسێ وا بێ موشەخخەس دوودی گۆگرد عوودە بۆی دەروێش ئاغا بوو لەجێی مستۆ هەموو شەو نەغمەخوان عەزل و نەسبی کرد بە تەدبیری کیا مەنسووبی ڕۆم قاوەچی عەوڵایی قاپی بێت و سووران پاڵەوان کێ دەکا تەقسیمی مەنسەب وا موقابیل شانی شەخس بۆ عەزیز سەرواز یەکوم و حاجی قادر ئاشەوان ئاڵووگۆڕی مەنسەبی دوو شەخسی عالیجاه کرا: مەحموودئاغای زل حەکیم باشی، حەمامچی بابەجان کۆڵ بە دۆش با خەرقەپۆش بن تاج و کەشکۆڵ هەڵگرن ڕوو کەنە ئەملاکی پیتر و بچنە شاری خامۆشان ئەسکەمل بێنن قەراریان دەن لەجێی ئاغالەران مەجلیسی شووڕا ئەمێستە خاسسە بۆ ئەسنافەکان وا کەریم ئاغای نەنێ تەدبیری: هەستە جاف دەکا خاڵە هۆمەر دارۆغەی شارە و مودیر حاجی ئەحان کەس نەچێتە پێشەوە حاجی غەنی تەدبیرییە مەئموری سەبتی نوفووسە و شاغیلی باجی دوکان حاجی میرزا کەوتە ناو کار و تەرازووی شاردەوە مەسرەف ئاسا حاسیبە بۆ خاسەجاتی مالوان میری خوڵمار و دەلێن ئەمساڵ مەزەننە ساڵحە باز بە جەبباریان سپارد باقڵ ئومووری دۆمەکان ئاغەتاها مەشرەوەرەتجۆیە لەگەڵ سەرکاتبی وا دەزانم وەرگرێ حوکمی چیاسەوز و شوان بۆ گەڕانی دەوری شار ئەمشەو مەلایوونس دەچێ مشتەکەی گورز و کەمەندی کشتەک و دەرزیی سینان حامید و وەستا حسێنی کۆڵ لە شارا گەزمەچین هەر دوو بۆ خوێن ڕیتنی دز کۆ بە کۆ تیشنەن بە جان شیری قەیچی، تیری دەرزی، زەرگی نیوگەز، دیرعی ڕم نەخ کەمەند، ئیسپەردە توو، جەوشەن بەتێ، بەنبڕ ددان غەڵبەغەڵبی هەی بکوژ هەڵسا لە دەوری چوارباغ قادری دەللاکە هەر شەو تا سەحەرگەه پاسەبان سەتڵی سەرخووسێنی تەپڵ و ئەسپی قاپقاپی حەمام لۆنگی جەوشەن، شیری کزلک، تۆپزی کاری ددان وا موسەللەح بوون بە ئەسبابی یەلی نەججاری شار بۆ کەمینگاهی گوزەر وەک شێری بەندی بەردران ناچەخ و تیر و کەمان و زەرگ و دەشنە و دەهرە بوو ئەسکەنە و تێشە و مشار و لێسک و مەنگەنە و کەوان چاکی کرد میرزا سڵێمان پاسی دەککەی زیندروو سەنگەری دەستگایە بۆ شەڕ، شەو هەتا وەختی بەیان مشتەیی نایە هەمانە و دەیوەشێنێ میسلی گورز گازنی تیژی نەجەخ، زووپین درەفش، ئیسپەر هەسان موونسی خاسس و ئەدەب ئامووزی پاشایە بزە بۆ نەدیمی چوون وزەش بێنن لە تیمار و کچان باش خەیاتی خەرقەیی کەهیا ئەلە کۆپاندروو ئەحمەدئاغای دەرزی باشی بوو بە قاترچی خەران هەی پەنا بەخوا لەدەست ئێڵی غەوارەی دەوری شار کافرۆشی و چنگنی و چووچانیی و جافی تەلان عەزمی هەر کارێ بکا فەرزەن ئەگەر کاک ئەحمەدە وای دەماڵن سێ کەڕەت تا دێتە کانیی ئاسکان بۆ نەجیبانی ویلایەت بوونە ئافەت نانەجیب جامەیی شەهری لەدەست سەحرانشین بەس دادڕان بانەیی و ئەوڵا سووتەڵ هەر دوو شەریکی قیسمەتن سەبتی توغرا بوون بە حوکمی ماوەت و سەمتی قەشان لوتفی ڕۆمی پەرتەوی ڕۆژە، لە نیک و بەد دەدا لەقلەق و نێریش دەچن بۆ زابتی نەهری مووان کەس نەڵێ ڕۆمی لە تەسخیری مەمالیک چابوکن سستیی بەختی عەشیرەت بوو بە چالاکی ئەوان وەر نە ڕۆستەم وەک ئەمان کەی دێتە دەست بۆ چابوکی؟ وا بە جورئەت، وا بە غیرەت، وا یەل و ساحیب سینان وەختی حەملەی ڕۆژی مەیدان موددەعی وا پێ دەکەن: دێتە لەغزش پێ و ڕیکاب و سست دەبێ دەستی عینان شێری بێشەی موڵکی بابان مەردی مەیدان زاهیرە گەر کەسێ بێنێتە خاتر دەستوبردی گەرمییان مەرگی تورکانی جەفاجۆ سەد قەدەم پێش گوللە کەوت تا پلە ئەنگوشتێ بۆسێ، ئەو گەییشتە سەر نیشان ئیختراعی تورک لە دڵدا مەشقجۆی شێوەی شوغاڵ یەککەتازی کورد لە دونبالی وەکوو شێری ژیان خۆ لە بیمی تیغی جانفەرسایی میر، ئەو ڕۆژە تورک میسلی کەوباڕی هەڵۆیین شەش جیهەت لێک هەڵوەشان هەر کە شوعلەی ماهیچەی تیغی بوڕەهنە بوو زوهوور وەک قوڵنگی شەوچرابین تێکەڵاو بوون ڕۆمییان گوللەتۆپ وەک تۆپی قایش بوو لە ئاقار غیرەتی تەبعی جۆیای بەزمی شێلگ بوو لەجێی سینەی کەمان بۆ قوماری مەعرەکە تیغێ بە ڕووتی نابەزێ بۆ جەلای جەوهەر لە خوێنی موددەعی وەردەگرێ قان شۆری مەخفی ڕۆمییان زانیوتە بۆ زاهیر دەبوو؟ نووکی نەی دەیخۆند لە دڵیانا هەموو ڕازی نیهان ئیسمی قابیز بوو لەجێی جەوهەر، لە حەربەی ڕممی ئەو وەک چەپەر پۆستەی ئەجەل هات و بە تورکی دا نیشان وەختەبوو تای پیرەهەن کفنی حەیات کەن بۆ مەمات هەر لە ناکادا نیزام دایان لە ڕیزی باڵەبان ئاهی ئەم حاکمانە تەحقیقە ئەگەر نەگرێ نیزام قەومی نووحیش دەچنە جەننەت، بێ شک و شوبهە و گومان سەرفی نەقدی ڕووحی شیرین بوو هەتا پەروەردە بوون بەچچە گورگ ئاسا لە ئاخر کەوتنە کۆزی دوودمان فەرقی فەخری میرئاڵا گەییە بەهرام و ئەسەد کەوتە قەعری چاهی غەم لەو حاڵە، میری بازیان باز وەکوو بازی تەوار دەورێکی کرد و هاتەوە دەوری کەهیا و شاری دا، دیسان بڕا ڕای نۆکەران ئاغەلەر وەک گورچکی گا، هەر یەکێ فیکرێ لە دڵ خۆ نیزامیش میسلی سەوسەن، جوملە خودڕوو دووزوبان هاتە ژێر پاساری تەنگ لەشکر، ڕیکاب ئەندەر ڕیکاب کەوتنە سەر کۆڵان و بێ ڕێگە، عینان ئەندەر عینان بوو بە جێی بەبر و غەزەنفەر، کووچە کووچە و ناو سوقاق سەرمەحەللە ڕەنگی بێشەی گرت لە نێزەی جانستان ڕەنگی سەحرای مەحشەری بوو شیوەکەی لای پیرمەسوور گرمەگرمی تۆپی ڕۆمی، هەوهەوی سوارەی بەبان پەیکی تەقدیر بوو بە سەققا، ڕاوییەی زوڵمی بەدۆش ئاوی ئەڵماسی بە تیزی ڕیتە حەلقی پڕدڵان ئارەقی ئابی نەبوو غەیرەز شەرەنگ مینایی تیغ بێخودی نەشئەی خەمۆشی تا حەشر بوو بۆ یەلان بوو بە جاڕووبی مەحەللە هەر تەرەف پەنجەی پەڕیو پەی کراو بێ پێ لە مەیدان، پەهلەوان وەک پاڵەوان سەن سەنی سوارەی نیزام گێل ئۆڵانی تورک ئوشاخ بگرە بگرەی کوردزوبان و ئاخ ئاخی تورکمان قەهرناک و سەر بوڕەهنە ئاتەش ئەفشان حەملەوەر جەنگجۆ بوون یەک بە یەک هەرسوو وەکوو بەبری بەیان هەی خودا ڕۆ لەو دەمە چیی کرد غەوی تۆپ و تفەنگ؟ سەرزەمین تاریک و دونیا تۆز و کەڕ گوێی ئاسمان ماهی تالیع ڕووی میحاق و ڕۆژی نەگبەت جیلوەگەر خەرمەنی شادی لەبەر با بەرقی غەم ئاتەشفشان لاغیری تالیع شکاندی حەسرەتا بازووی قەوی ئەختەری بورجی موزەففەر خۆی لە ئێمە کرد نیهان گەرچی پێشاپێش بەهەیبەت بوون و ئازا چوونە پێش حەسرەتا باز هەم نەیانزانی نیزام وا بێ حەیان سێ بلووک لای پشتی گرت و سونگی دووران هاتنە پێش فیرقەیێ لای پیرمەسوور و نیوی کۆڵانی ئەحان سەر بلووکیان خاڵەکەی هەورامی بوو و قالەی شەریف هەم ڕەفیقیان بوو عەزیزە حیزەکەی چوچانیان پێشی دەمیان ئۆغڵەمەی تۆپ، پشتی سەر ئەو ئاگرە گەیییە چەرخی هەفتەمین لەو حینەدا ئاه و فیغان غەیری تیغێ تەڕ، گەرووی لەب تیشنەگان ئاوی نەدی کوشتەگانی کوردزوبان دەتوت شەهیدی کەربەلان گوێی فەلەک کەڕ بوو لەبەر ناڵە و نەفیری ئەهلی شار لامەکانی گرت سەدای ئاه و فیغان و ئەلئەمان موددەعی کوێر بێ نیزام ئیفلیج مەکان زیر و زەبەر میری سوورداش و ئەمینەی پیاوی هەر دوو ئەنگووان گەر عەشیرەت گریە کەن هەر یەک هەتا دەمرن کەمە کوشتنی ئەو بای موخالیف بوو لە شەمعی دوودمان ڕۆژی قەتڵ ئەمڕۆیە ئەلحەق وا حوسەینی پێ دەوێ بۆ ئەدای قەزیە سەراسەر نیلگوونە ئاسمان یادگاری حاکمان و جانشینی سیلسیلە ناموراد و نەوڕەس و مەقسەدنەدیو و نەوجەوان سا فەلەک کەیخوسرەوی خوێنی سیاوش گوم مەکە ڕۆستەمی سانی عەزیزە و موددەعی توورانیان قادری قودرەتنوما تۆ قودرەت خۆت کردە کار قادری ئێمەت موسەلسەل خستە بەندی ڕۆمییان وەر نە قادر تۆ دەزانی قەت کەسێ قادر نەبوو وا بە مەقهووری بکا قادر ئەسیری ڕۆمییان گوللە وەک تەرزە دەباری، ئەهلی لەشکر کەتنە باڵ پای ڕیکابیان قورس لەنگەر بوو، سەبوک دەستی عینان هاتنە ناو کۆزیلکەوە چەندێک سەلامەت چوونە دەر بەعزێ کوژران، جوملەیێ گیران و چەندێ ڕووت کران ئەم لە غەمدا هاتە جۆش، ئەو سێر و ئەمیان بوو غەنی سەگ لە لاک، عەسکەر لە ماڵ، دڵ لە تیغێ قاتیلان دەرپەڕین باز مەیلی ئیقدامیان نەبوو لەو بیدعەتە حەسرەتا یەکدڵ نەگەینە شیوەکەی گردی گوڵان مەیلی لانیان بوو وەکوو کەروێشکی پاش ڕاو هاتنەوە دەرنەچوون چا بوو بە حەملەی دێڵە کەهیا کول کران گەر مەحەللی گریە بوو ئەو وەختە من زۆر پێکەنیم پوورە ماتان، ئەحمەدئاغای بردە شکڵی دۆمەکان گەرچی میسرە شارەزوور ئەمما خەرابە بێ عەزیز ڕوو دەدا لەم خەڵقە ئاخر حاڵەتی کەنعانییان شێری بێشەی موڵکی بابان بوو عەزیز ئەمما درێغ وەک گرێی دامووسکی بێ، ئاو قەومەکەی زوو هەڵوەشان دیدە نابینایە وەک یەعقووب لە هیجرانی عەزیز تۆی خودا ساحیب مەکان و تۆی خودایا لامەکان کەوکەبەی بەختی عەزیزم وا لە چاها بێنە دەر شەعشەعەی ئەمری مونەووەر کا زەمین و ئاسمان چەنگەڵی شەهبازی بازی بازیانی باز نەدی فش هەڵات کەهیا لەسەر بەیزەی تەمەع وەک ماکییان بۆ مەداری نانی عەشرەت قەت مەدارێکی نەبوو ئاشەکەی تەبعی بە ئاوی کەیدی ڕۆمی هاتە دان بەختی سووتێ سا لە ڕێی حەق، حەق حەقی لێ وەرگری بەد نەمەکگیری نەمەک بێ، وەک ئەوانی دا بەمان ++++++++++++++++++++++