شاعیر: سالم کتێب: دیوانی سالم سەرناو: لێم گەڕێن با گریە کەم دیدەم بە دیدەی خوونفشان سەبارەت: شینگێڕی بۆ مەحموودئاغای سەلیم ئاغای شیوەکەڵ لێم گەڕێن با گریە کەم دیدەم بە دیدەی خوونفشان نایەڵێ یەکدەم بە ڕاحەت ڕابوێرم ئاسمان چونکە سیوەیلی قەدیمن حەق لەپاش عەهدی سەلیم دایە دەس مەحموودی حاتەم دڵ چراغی دوودەمان شەمعی دەسگاهی ملووکانەی گەیانە مەرکەزێ بەرقی قەندیلی فرووزانی دەچوو بۆ کەهکەشان وەه چ خوڕڕەم دەوڵەتێکە با بە شەرتێ توولی بی دەستی حەق بەم نەوعە ڕۆشن کا چراغی خانەدان شیوەکەڵ بووبوو بە بەندەن خۆ بەسەر نەقشی بەدیع لالە و نەسرین گەییبوو، جام بلوورین شەمعدان شیوەکەڵ بووبوو بە خانەی پادشا وەختی نەهار دیم لە هەر سوو سفرەیی ئەیوانی حاتەم گردخوان واقیعەن لەو خوانەدا [بوو] خام و پوختە ڕۆژ و شەو هەر تەعامێکی کە نەفسی ئارەزوو کا میهمان شیوەکەڵ بووبوو بە عوربانی عەنێزە و مونتەفیک سەد کەمەند پڕ بوو لە سەرجی تازی ئەسپ و مادیان چووم نیگاهم کرد لە هەر لادا لە حوجرەی خاسسی ئەو دیم بەقەد بازاڕی قوستەنتین تفەنگی زەڕنیشان زێوەری تاقی عەمارەت بوو سەراسەر ڕەنگ ڕەنگ ڕەخت و قرتاسە و حەمایەڵ، خەنجەر و شیری دەبان دیم وەکوو دوککانی بەززازی لە سەر یەک بوخچەها شاڵی تورمە و کەوڵی خەز دیبایی هیند و پەڕنیان ئاسمان زانیی سەری سەوزە نیهالی بەختی ئەو نازڵی کرد چاوی بەد وەک ئافەتی بادی خەزان خانەوێرانە بە یەک تەب عالەمێکی کرد تەباه ڕەنگی بێ ڕەنگی لەسەر ڕەنگی پەڕیدەی بوو عەیان دای بەسەریا هەر کە گرتی نەبزی مەوج ئاسایی ئەو یەک نەزەر شێوا بەجارێکی حەواسی بابەجان تەنفسوردەی بێ زمانی تەن بە تەن عالەم مەلوول تائیری ڕۆحی ڕەوانی پەڕزەنان چوو بۆ جینان گوڵ بە وەیشوومەی حەوادس گەر قەزا پەژموردە کا فائیدەی کوانێ بە حەسرەت قوڕ بپێوێ باغەبان کەی خەیاڵی بوو کوتوپڕ خاسسە بۆ سەر خەرمەنی ئاسمان نازڵ بکا بەرقی غەزەب وا ناگەهان گریە دەڕژێنێ بەسەر ڕووما دەمادەم ئەشکی خوێن بێن تەماشا کەن لە یەک سەفحەی عەقیق و زەعفەران نائیرەی سەبرم بە حەسرەت وا لە گریانا بڕا دێ بەخوڕ فرمێسکی خوێنینم لەچاو وەک ئاودان سا قەڵەم بێ دادی ئەم ئەندووهی کوبڕایە بدە من لەتاو ئەم تەعزییەی عوزمایە ماوم بێ زمان تا خەدەنگی قامەتی تۆی گرتە باوەش ماڵی قەبر پشتی تاقانەت لە خەم، خەم بوو وەکوو ماڵی کەوان پشتی ئەحمەد بەگ شکا لەم ڕیحلەتی ناوەختەدا کاشکی مەوقووف دەبوو کۆچت لە ڕەغمی دوژمنان پشتی ناو تابووتی ڕەختت پشتی سیوەیلی شکاند پشتیوانی بانە و تاژان و قەومی تاژەبان بوو بە زێبی کۆتەڵت ساتیرەکەی پاشایی ڕۆم بۆ نەبەم لەم حەسرەتە ئەنگوشتی حیرەت بۆ دەهان تۆ وەکوو سەر بووی ئەقاریب تەن، کە سەر چوو تەن چییە؟ تەن بە تەن بێ سەر هەموو کەوتن لە خاکا بێ ڕەوان چاو بچەرخێنە لە تابووتا بەلای کاک ئەحمەدا هەر لەسەر تا دامەنی بۆ تۆ لە قوڕدایە نیهان خۆ بە سەیڵابی خەفەت خانەی ڕەسووڵت کرد خەراب تۆ بە ئیمان خانەیی قەبرت کە بووبوو ئاوەدان ئەمڕۆ بۆ تۆ حاڵی ئەم خەڵکە نموونەی مەحشەرە کاشکی دەتدی لە تابووتا جەمیعی مەردومان کاشکی دەتدی لە تابووتا پەرێشانیی کەریم ڕەنگپەڕیدە خوشک لەب بێدەنگ و مات و بێ زمان ڕۆژەکەی قەتڵی حوسەینە حەیفە ماوی بێ خەبەر کاشکی دەتبیست لەتابووتا سەدای گریە و فوغان خۆت لەجیاتی من دەگریای، گەر بە چاو دەتدی ڕەشید قوڕ بەسەر دڵ پڕکەدەر شینی پودەر ئەفغانکونان خۆ نەفیری مەرد و زەن لەم شیوەنە چوو بۆ فەلەک سەر بوڵەند ناکەی وەها دایگرتویی خوابی گران گەه لەبەر تابووتی ئەودا گریە و شینێ دەکا پێی بڵێن: توخوا بڵا مەحشەر چییە داد و فیغان حاڵی واپەسماندەگان با ئیبتدا بێنێتە یاد سانیەن بۆ باسی ئەو بەم بەیتە کا شیوەن بەیان: بەختی بەد، مەیدانی کۆتەه، خانە تێکچوو، تیرە ڕۆژ مەتڵەبی زۆر، عومری کەم، ناکام ڕەفت و نەوجەوان سەنگ دەتاوێنێ سەدای پۆشیدە ڕوویانی حەرەم الأمان ئەی چەرخی سەنگین دڵ، لە جەورت الأمان دێ بەسەر ڕوویا بەسەر ڕوخساری زەردا ئەشکی سوور هەر بەسەر پێدا لە پادامانی دەڕژێ ناودان هیممەتی پاکان دەبوو لەم ڕێگە وا یاری بکا یاوەری ڕێگەی خەتەر بۆ عەدڵی بوو بۆ ڕەهڕەوان مەعبەری تابووتی تۆ وەختێ کە کەوتە گردەشین کەی دەبێ ئیتر بە ئالانا عوبووری کارەوان سەددی سەرحەددی عەجەم هەم پاسەبانی مەملەکەت شێری بێشەی موڵکی بابان ژێردەستی ڕۆمییان حوکمی تۆ حیسنی ویلایەت عەزمی تۆ پەرژینی باغ عیزمی تۆ پابەندی ساریق عەدلی تۆ ئەمنی مەکان تەرزەکووبی ئافەتی دەستی ڕەزانن باغ و تاک واقیعەن ئەم قەزیە ناوەختە خەزان بوو بۆ ڕەزان پیشەوەر، دوزدانی سابیق، تۆبەکاری سەهمی تۆن هەر لە ئێستاوە لە دڵدا موستەعیددن بۆ زیان نۆکەر و سوارەی تفەنگدارت سەراسیمەن هەموو نەزمی تێک چوو مانەوە وەک گووسفەندی بێ شوان زائیقەی سالم هەوای شەکراوی شایی بوو بە خێر ئاسمان ڕیتی بە شەڕ ژەهری بە دەمدا ناگەهان ++++++++++++++++++++++