شاعیر: سالم کتێب: دیوانی سالم سەرناو: بە ئەفسوونی نیگاهی سیحری دیدەی نازەنینی من بە ئەفسوونی نیگاهی سیحری دیدەی نازەنینی من بە با چوو سەربەسەر مایەی حەیات و عەیش و دینی من لە شۆری بەختی بەد یاران لە دونیا شیوەنی خۆم کرد مەنێن بۆ تەعزییەی فەوتم بینایی شۆر و شینی من جودا نابێ ئەبەد سێ ڕەنگ لەسەر سێ ڕوو هەتا دەمرم دڵ و میحنەت، سەر و زانوو، سروشک و ئاستینی من موهەییایە مەکانی تەن لە خاک و خارە و خارا لە جێگەی ڕەختی خواب و باڵشی تەکیە و سەرینی من بنووسن حەرفی میحنەتها لە چاکی کفنی من یاران وەکوو دونیا لە عوقباش غەم ببێ با هەمنشینی من دڵم فەللاح و سینەم وەردە، ئەشکم نەهر و غەم بەزرە سەد ئەندەر سەد دەدا حاسڵ لە هەر وەرزا، زەمینی من بە ڕەنگ سالم چ سەهلە سوبحی نەورۆز، گەر بە یەلدا بێ بەبێ ڕوویی جیهانەفرۆزی یاری نازەنینی من ++++++++++++++++++++++