شاعیر: سالم کتێب: دیوانی سالم سەرناو: ئەی قیبلەیی مورادم داخۆ بە ڕۆزگاران ئەی قیبلەیی مورادم، داخۆ بە ڕۆزگاران پرسیوتە قەت لە هیچ کەس حاڵی غەریبی تاران بەو سوێندەکەی کە خواردت من هەر ئەوەم کە دیومت حاشا بکەم فەرامۆش میساق و عەهدی جاران تا نەقشی خاترم بێ خوڕڕەم بەهاری حوسنت دەتکێ لە هەوری چاوم پەیوەستە تاوی باران شەو تا سەحەر لە هیجرت بۆ من حەرامە خۆ خەو هەر دێ سەدایی گریەم وەک ڕەعدی نەوبەهاران لاکین لە ئەسڵی کارا ناسیومە حاڵەتی تۆ سەنگینە گوێی سەماعت بۆ دادی دەردەداران تۆ هەر ئەوەی کە چاوت، جەرگی بڕیم بە ئیما من هەر ئەوەم کە عیشقت، کردوومی وێڵی شاران سالم لە جەوری دڵبەر، کۆتا کە شەرحی دەفتەر تۆ بێخودی لەتاو ئەو، ئەو بێ خەبەر لە یاران! ++++++++++++++++++++++