شاعیر: سالم کتێب: دیوانی سالم سەرناو: لەسەر ڕوو دانەیی خاڵت بە فەن داناوە دەیزانم لەسەر ڕوو دانەیی خاڵت بە فەن داناوە، دەیزانم بە قەسدی مورغی دڵ زوڵفت بە دەورا داوە، دەیزانم خەریکی دڵنەوازیمی بە چاوی مەرحەمەت زاهیر نیهانی بۆ سەرم تیغی برۆت ساو داوە، دەیزانم گرانخێزی لە ڕەفتارا بەهانەت عوجب و تەمکینە بە باڵاتا لە گێسوو ئەژدەها ئاڵاوە، دەیزانم سیەهدڵ مەردومان چ بکەم لە شەرعا شاهیدی نادەن دزینی دڵ لە سینەمدا فوتووری چاوە، دەیزانم وەکوو سینەم دەبێ تێ کچێ لە هەر جێ دڵ قەراری بێ لە زوڵفا ئاشیانی بەستبێ شێواوە، دەیزانم لە ڕووی بەرقی تەجەللیی حوسنتا موشکیل دڵم مابێ موجەسسەم گەر لە سەنگی خارە بێ سووتاوە، دەیزانم فەریبی دڵ دەدەم دایم بە موژدەی ڕوئیەتی حوسنت ئەگەرچی وەسڵی تۆ عەنقاسیفەت هەر ناوە، دەیزانم قیامەت حەشرە بۆ عالەم وەلاکین هەر لە ئێستاوە خوداوەند بۆ ڕەقیبم دۆزەخی تاوداوە، دەیزانم موبالاتی نەبوو دڵبەر بە حاڵی سالمی مەزڵووم بە حەرفی موددەعیی زاڵم، بەدڵ تۆراوە، دەیزانم! ++++++++++++++++++++++