شاعیر: سالم کتێب: دیوانی سالم سەرناو: لە کونجی میحنەتا هەر شەو خەیاڵی وەسڵی دڵبەر کەم لە کونجی میحنەتا هەر شەو خەیاڵی وەسڵی دڵبەر کەم وجوودم وا بە جارێ دێتە جونبوش وەختە پەڕ دەرکەم لە ئەووەڵ حەرفییا وەک دڵ لە کاغەز بەر دەبێ ئاگر ئەگەر شەرحی شەرارەی ناری هیجرت سەبتی دەفتەر کەم تەلاشی تەییی ڕاهی کەعبەیی کۆی یارە مەقسوودم منی بێ دەست وپا لازم، کە پا بۆ ئەم ڕەهە سەر کەم بە گێسوو چاکە زنجیرم بکا دڵبەر لە ڕووی موژگان لەڕوویا با منی دێوانە بەس ڕووی دڵ لە خەنجەر کەم لە ئەفلاکی خەیاڵا کەوکەبی ڕووی یارە تا قوتبم لە زوڵماتی شەوی هیجرا ڕەهی کۆی ئەو دەبێ دەرکەم سەرئەفگەندەی حوزووری سەربوڵەندانی قیامەت بم سەرم تا دانەنێم شۆری ویسالت گەر لە سەر دەرکەم بە نەڕڕادی فیراقت نەقدی جان ئاخر دەدۆڕێنم بە خاڵی موهرەیی وەسڵت ئەگەر سەد دەفعە شەشدەر کەم قوبووڵی نرخی بۆسەی لەعلی ڕوممانی لەبت ناکەی لە ئەشکم پڕ بە دامانت ئەگەر یاقووتی ئەحمەر کەم لەسەر ئەم مەزهەبەم سالم بە مەحزی ڕووبەڕووی مەتڵەب وەکوو هیندوویی گێسوو هەر سەحەر تەعزیمی ئازەر کەم ++++++++++++++++++++++