شاعیر: سالم کتێب: دیوانی سالم سەرناو: بە من بێ سینەیی سەختم بە قەڵغانی نەزەر ناکەم بە من بێ سینەیی سەختم بە قەڵغانی نەزەر ناکەم نیشانەی تیری خوونڕێزت بەجوز لوختی جگەر ناکەم دەمی نازت بە ڕووسەختی کە تابی تیری غەمزەم بوو لەڕێی تیغی جەفاتا بعد از این جەوشەن لەبەر ناکەم لەتاو شانەت لە چینی زوڵفتا دڵ حەڵقەهای لێ دا خودا گەر وا بدا قودرەت بە من کەس دەربەدەر ناکەم ئەگەر پایانی بێ هیجرت لە دەرگاتا هەتا دەمرم بە مەحزی جەوری حاجیب یەک وەجەب مەیلی سەفەر ناکەم لە ڕەشکا گەر سەراسەر نوتقی تووتی بێتە سەر هەجوم لەسەر مەدحی لەبی شیرینی تۆ، وەسفی شەکەر ناکەم لە فەردی وەسفی یارا عارە ناوی موددەعی بردن لە ڕشتەی فکرما خەرموهرە هەمسیلکی گوهەر ناکەم لە یاقووتی لەب ئەر یەک بووسە مایەم دی دەمی ئاخر تەلەف کەم گەر سەروماڵم لە سەوداتا زەرەر ناکەم لەگەڵ دڵ شەرتە سالم گەر نەجاتم بێ لە تارانا بەهەشت ئەر بێتە دەشتی ڕەی بە ئێرانا گوزەر ناکەم ++++++++++++++++++++++