شاعیر: سالم کتێب: دیوانی سالم سەرناو: حیکایەت خوانە تووتیی دڵ بە دەوری دامی گێسوودا حیکایەتخوانە تووتیی دڵ، بە دەوری دامی گێسوودا مەزەننە عەکسی خۆی دیبێ لەناو ئایینەیی ڕوودا لەبت بوو دارویی جێ نێشی ماری عەقرەبت، نەتدا هەتا دەمرم لە حەسرەت با بدەم دەستم بە زانوودا تەمام بوو حەڵقە کەم دەستم لە قەددت، زوڵفت ئاڵۆزا نیهان بوو مەتڵەبم وا کەوتە سەر یەک موو بەسەر موودا دڵی تووتی لە پەروازا لەسەر گوڵ لەنگەری ڕاگرت کە یاری شۆخ و شیرینم سەحەر وەسمەی لە ئەبروو دا تەڵەبکارم بدا ڕوتبەم بە دامەنبۆسیی خاڵت شەهەنشاهێ کە شاهیی کیشوەری ڕوومی بە هیندوو دا لە سیدقم شانە و بادی سەحەرگەه شاهیدن هەر دوو غوباری توڕڕەیی موشکینی تۆ نافەی بە ئاهوو دا لە عەهدی دیدەیی یارا دڵ و سیححەت بەسێ زیددن بە سالم کەی دەمێنێ، باز ئەگەر چنگی لە تەیهوو دا ++++++++++++++++++++++